شاعیر: مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
لالغاوەی واعیز ئەمڕۆ مەوج ئەدا
لالغاوەی واعیز ئەمڕۆ مەوج ئەدا، دەم پڕ لە کەف
ڕیشی قیروسیا، کتێبی وەعزەکەی بوو بەرتەرەف
زاھید و سۆفی بە شەڕ ھاتن لە سەر تەزویر و شەید
خێری ڕەندانە خودا کا بەرتەرەف بێ ھەر تەرەف
وەرنە سەیری سەرخۆشان! ئەو شۆخی مینا گەردنە
بوو بە ساقی، دەم بە شەککەر خەندە دێ، مێنا بە کەف
دەمدەمەی ئەم حەشرە ھەستان ئەم دەمە،یا ڕەب، چ بوو
لێوی نەیژەن گەییە نەی، دەفزەن کە پەنجەی گەییە دەف!
کەی بە لەعل و گەوھەر ئەو لێو و ددانی دا نیشان؟!
ئەو ڕەھندەی شاخە، ئەم خۆشارەوەی ژووری سەدەف
جێ نیشانەی زامە لەو ڕوخسارە، یا ئاساری خەط
یا لە ڕووی ئاوێنە لەککە، یا لە بەدرا بوو کەلەف!
مەنعی ناکەم بۆیە کرد و کۆششی دامەنیە، دڵ،
پێوە نیشێ، حەول ئەدا ئەڵبەتتە ھەر کەس بۆ شەرەف
دڵ چووە وادی مەحەببەت، ھەرچی دی ھەر کوشتە، یا
نیوەکوژراوە، لە سەر لێو ئاھ و ناڵەی وا أسف
لاڵە خۆ مەحوی لە وەسفی حوسنی بێ چوونی نیگار
لا لە تەئویلی خەلەف، قوربانی تەئویلی سەلەف
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەحوی. «دیوانی مەحوی/ف/لالغاوەی واعیز ئەمڕۆ مەوج ئەدا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.