شاعیر: مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ فاعلاتُ مفاعیلُ فاعلن 
{literal} {/literal}
بڕوانە سووتنم
بڕوانە سووتنم، وەرە بڕوا کە من نەمام
پەروانەم ئیترم نییە پەروا کە من نەمام
ئەو نەونەمامە کەی بەری میھر و وەفا دەدا
بۆ من، لە دەستی جەور و جەفا دا کە من نەمام!
بازاڕی دەرد و خەمکەدەی ئەندۆھ و کونجی غەم
بێ ڕەونەق و نیشات و سەفا ما کە من نەمام
مانم ئەوەندە پڕ فەتەراتە، کە قەوم و خوێش
ئومێدی ھەر بە عەفوە، خودایا، کە من نەمام
چقڵی مەزاری من چەقییە دامەنی، چ سوود
شوومی بە ڕۆکی بەختمی بەردا کە من نەمام
ئەو شۆخە ھەر کە نەعشی منی دی، قیامی کرد
چی بم من؟ ئەم قیامەتە ھەستا کە من نەمام
مەحوی کە غەمییە مردم و غەم پەروەری نیە
غەم مایەوە بە بێ کەس و مەئوا کە من نەمام
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەحوی. «دیوانی مەحوی/م/بڕوانە سووتنم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.