شاعیر: مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفعولُ فاعلاتُ مفاعیلُ فاعلن 
{literal} {/literal}
ئەم عەسرە
ئەم عەسرە، عەسر و وەقتە لە بۆ فاجیرێ لە ھیچ
دینی نەکا ویقایە، حەیا نەیگرێ لە ھیچ
دنیا بە کامی ھیچ کەسانە ھەمیشە دەم
ھیچ ئەڵبەتە بە ھیچ دەمێ نابڕێ لە ھیچ
دنیا کە ھیچە، جوملە دەزانن، کەچی چ کەس
مەردانە بۆ خودا نیە دەس ھەڵگرێ لە ھیچ
تا سەر نەبۆتە گۆ، دە لە دنیا دە تۆ شەقێ
ھەر ئەم شەقە بە کارە کە وا ھەڵدرێ لە ھیچ
ماچی دەمی لە کەڵکەڵەما بوو، چ خۆشی وت:
قرم، ئەی ئەسیری واھیمە، خۆش ناکرێ لە ھیچ
دەم نادیار و نازی قسەی پڕ بە دەشت و شار
دنیایەک ئاوی زیندەگی و دەرخرێ لە ھیچ
مەجنوونە شاھی عیشق و بیابانی بارەگا
ئاھی، دەکا ھەمیشە بە پا چادرێ لە ھیچ
دیققەت کە، غەیری ڕوشتەیی جان و میانی یار
ڕوشتەم نەدیوە، مەحوی ئەمن، بادرێ لە ھیچ
چاوی کەوێ کە بەم غەزەلەم دوڕشناسی شیعر
کێ بێ دەڵێ ئەمەندە گوھەر وەرگرێ لە ھیچ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەحوی. «دیوانی مەحوی/چ/ئەم عەسرە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.