شاعیر: مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
ڕووتی دی لەو ڕۆژەوە
ڕووتی دی، لەو ڕۆژەوە، گەر ڕۆژە سەرگەردانە ڕۆژ
گەیییە ئێوارە، وەکوو من، ئیشی قوڕ پێوانە ڕۆژ
ڕەھڕەوی ڕێگەی مەحەببەت وا دەبێ، ھەر سەعیەتی
تا ھەیە لەم ڕێگە ئاخر کاری سەردانانە ڕۆژ
لا جەرەم کردوویە نووری جیلوەی ئەو ماھە بە چاو
دەوری بۆ ئەو شەمعەیە دایم وەکوو پەروانە ڕۆژ
شەو بە ئێمە با نەویدی ھاتنی جانانی دا
یەعنی: ئەی شەونم گەلینە! مژدە بێ میوانە ڕۆژ
مەتڵەبت گەر یارە، ھەر سەعیت بە کارە دائیما
بۆ تەوافی قاپییەک وا بەرزەدە دامانە ڕۆژ
شەو دەبێ بادەی لە دەستی ساقیەک وەرگرتبێ
ئەم سبەینێیە لە مەشریق دێتە دەر مەستانە ڕۆژ
ئەڵبەتە مەجنوونی ڕۆژی ڕوومەتی لەیلایەکە
موتتەسیل، شام و سەحەر، کەوتووتە ئەم شاخانە ڕۆژ
ماھەکەم ئەمشەو شوکر پڕتەوفشانی خانەیە
قەت لە دەرگا دەردەچم گەر بێتە ئەم سەربانە ڕۆژ
ئەم گلاراوەی لە عیشقە تا قیامەت ھەر دەبێ
سەد مەسیحا چاری ناکا، دەردی بێدەرمانە ڕۆژ
ڕۆژ و شەو ئەم سەرزەمین و بنزەمینەی پشکنی
نەبووە شوێن ھەڵگر لە عەکسی جیلوەی ئەو جانانە ڕۆژ
ڕۆحی بە فدا کە، بزانە کێیە چەوگان بازەکە
مەحویا چەوگانە عیشق و، گۆیە لەم مەیدانە ڕۆژ
حەقیە ڕۆژ و شەو کە بێتابی دەکا، وادەی ویسال
شەو بوو، بێ بەش ما لە وەسڵی ئەو سەراپا جانە ڕۆژ
شەو چ شەو، لێ پشکوواوی قەڕنەھا سوبحی ئومێد
ھەر لە داوێنی یەکێ سوبحا بە لەک پەنھانە ڕۆژ
شەو شەوی میعراجی شاھی ئەنبیا بێ، وا دەبێ
بیپەرستێ، بەڵکی سوجدەی بۆ ببا ھەر ئانە ڕۆژ
شەو نەبوو، بەحری موحیتی عەنبەری بوو، ناوی شەو
بوو بە نیسبەت ئەو شەوە، خاکستەری گوڵخانە ڕۆژ
بۆ کەمێ لەو عەنبەرە، بۆ تەقوییەی ڕۆحی دەماغ
بێنی کا، وەک ئێمە، دایم چاوەڕێی ئیحسانە ڕۆژ
من فیدای ئەو زاتە بم، بەو، ئەو شەوە بوو بەم شەوە
تا قیامەت ھەر حەسەد با بەو شکۆھ و شانە ڕۆژ
تۆ قبووڵم کەی بە عەبدی خۆت و بەندەی ئەو، خودا!
تا ببێتە خانە ڕووبم، چەند ئەگەر خاقانە، ڕۆژ
دائیمەن سەرخۆی و سەر ئال و سەحابەی بێ نیسار
پڕ بە عیلمی تۆ، سەلاتی تۆ، ھەتا تابانە ڕۆژ
بەڵکە تا ئەو وەقتە مەبرووکە موبارەک جێگەیە
غەیری نووری ئەو، نە مەھ نووری لە ناوا ما نە ڕۆژ
لەو سەلاتانە کە وەک گەوھەرن و دەدرەوشێنەوە
جیلوەدەر، لامیع، ھەموو ڕەخشندە، وەک ڕەخشانە ڕۆژ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەحوی. «دیوانی مەحوی/ژ/ڕووتی دی لەو ڕۆژەوە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.