شاعیر: مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
لە سایەی دەوری چەرخی سوفلە پەروەر
لە سایەی دەوری چەرخی سوفلە پەروەر لەک بە لەک دەدوێ
سەگی ئاواتەخوازی ئێسکی وشتر لە شەک دەدوێ
دەبینم شێری شێر ئەفگەن دەڵەک کەوڵی دەکا، دەبیەم
بە کۆڵێ کلکەوە ڕێوی لەگەڵ کەوڵی دەڵەک دەدوێ
دەبینێ بایەزیدە، وەک یەزیدێکی دەبینن خەڵق
بە بێ پەردە شەیاتینی لە ئەحواڵی مەلەک دەدوێ
نە ناوی ڕۆژ و مەھ بردن، نە باسی سەدر و شەھ کردن
مووەححید ھەر دەبێ ھەر یەک بناسێ، ھەر لە یەک دەدوێ
مونەججیم عومری زایع بوو لە بەحس و فیکری ئەفلاکا
کە پیرێژن ھەمیشە ھەر لە ئەحواڵی خەڕەک دەدوێ
بە تاقە فەخری کیسرا، ھەر خەوەڕنەق فەخری نوعمانە
دەنی ھیممەت وەھایە ھەر لەگەڵ کوچک و کەڵەک دەدوێ
زەمانەی سوفلە پەروەر وا ڕەواجی سوفلەیی داوە
کە دایم ئەو دەمە سوێرە لەگەڵ نان و نمەک دەدوێ
پەکی تێدا ڕەقیب ئەو شۆخە کوشتنمی کە لێ پرسی
ئیرادەی کاری خێر ئەڵبەتتە شەیتانی لە فەک دەدوێ
موومەییز چەرخی کەچڕەو بێ، نەکەی مەحوی کەماڵت خەرج
زوبانی تێغی ئەو دەرحەق بە حەرفی من لە حەک دەدوێ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەحوی. «دیوانی مەحوی/ێ/لە سایەی دەوری چەرخی سوفلە پەروەر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.