شاعیر: مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا
لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو شۆخە سەرمەستە
سەریش ئەبڕێ، سەریشی لێ دەدا، ھەی ھەی چ سەربەستە!
بنازم بەم سەراپا نازە، بازی غەمزە تێ بەردا
ئەگەر سیمرغی بەر بێ ھەم بووە یەک مورغی پەڕ بەستە
ئەسیری چاھی غەم بێ، خانە با دەربەستە بێ مەجنوون
لە خەیمەی نازدا عوشرەت دەکا لەیلا، چ دەربەستە!
بە فکرێکە کە ئەم خوونڕێژە شیری بەستە پشت ئەمڕۆ،
لە ئەستۆ دانی کێیە؟ کێ دەکا ئاخۆ کەمەر بەستە؟!
بەرەڵدا کردنی نەفست زەرەرخێزە و فەسادئەنگێز
بە ڕەحمەت بن قەدیمی ئێمە فەرموویانە: «خەر بەستە...»
قسێکی پڕ لە تەئسیری بە فرزەندی دەوت پیرێ:
عەزیزم تازە گەیوی تۆ، ئەمن باری سەفەر بەستە
لە بەر قاپی خەراباتا منی دی، عیشوەیێکی کرد
وتی: مەحوی لە بادەت چی، ئەتۆ خوێنی جگەر بەستە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەحوی. «دیوانی مەحوی/ە/لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.