شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ئەرێ ھەی دڵەی غەمباری حەزین
بۆ «شێخ سەلام»ی شاعیر
ئەرێ ھەی دڵەی غەمباری حەزین
تەیری نامراد ئاوارە و غەمگین
ڕاپەڕە بڕۆ بۆ لای دۆستانم
دۆستی قەدیمم ئارامی گیانم
ڕێگا بگرە بەر بڕۆ تۆ بە تاو
تۆ ڕووبکەرە قەڵاکەی باراو
***
ئازا کوڕانە سەرکەوە بە گیان
سەرەوژێر بڕۆ بەرەو لای چنگیان
لەوێ مەوەستە بگرە ملەو ڕێ
ڕێگا ئەتباتە مەرکەزی نۆدێ
بزانە نۆدێ جێگای پیرانە
مەرکەزی نەوەی شێری یەزدانە
***
بکە زیارەتی مەردانی ئەوێ
ئوتۆمبێلی پێت بخەرەوە ڕێ
بەسەر «ھەرمنا» بڕۆ بە حزوور
ھەتا ئەگەیتە ئاوی گوکە سوور
لەسەر ئەو چەمە ھەر مەگرە لەنگەر
ھەتا لە ھەوراز ڕاست ئەچیتە سەر
***
دڵە بزانە ئەو قەزا جوانە
جێگای شەرەف و کانی ویژدانە
جێی ئاسایشی سوڵتەی دەوڵەتە
مایەی فەرەح و ژینی میللەتە
ڕووکەرە تەموین دڵەی پڕ ھونەر
لە بۆ دیدەنی دۆست و بەرادر
ئەگەر ئەتەوێ تۆ ببی ڕووسوور
«سەلام» بناسە لەگەڵ چوویتە ژوور
چۆن موعتەبری ھەموو دیوانە
بێ ئوسوڵ نەبی سەلام بزانە
عەرزی ئیخلاسم تەقدیم کە دەردەم
ئەمجا دەسخەرە ناودەسی ئەدھەم
وەکیلی منبە ئەی دڵەی مەزڵووم
عەرزی ئیخلاسم تەواوکە مەعلووم
1943/6
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ئەرێ ھەی دڵەی غەمباری حەزین». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.