شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی
ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی
ساحێب ئیدارە و سوڵتە و تەجەللی
مودیر وەزیفەی خۆی تەواو ئەکرد
ئیشی میللەتی بەسەرچاو ئەکرد
ئەیکرد تەماشای ئیشی ئیستیھلاک
فەرمانی ئەدا سەربەست و بێ باک
ڕۆژێ دای لە زەنگ فەراشی بانگ کرد
ھاتە ژوورەوە تەمننای بۆ کرد
وتی ئەم غەوغا و ھەرایە چییە
ئەم خەڵقە زۆرە ئیشی بە چییە
وتی: ئەھالین ھەموویان ھاتوون
بۆ وەرگرتنی شەکر پیدا بوون
کوێخاکەی دوێنێ ڕۆنەکەی ھێنا
ھاتووە بۆ شەکر ئێستا وا لێرا
فەرمووی پێی بڵێ بێتە ژوورەوە
حورمەتی بگرە ھەر لە دورەوە
سۆئالی لێکرد لە ڕووی موحیبەت
حاڵ و ئەحواڵ و ئیدارە و سیحەت
وتی: لە سایەی لوتفی تۆ چاکین
فەقەت بێ شەکر گەلێ ھیلاکین
شەکری ئەداتێ سەری چوار کیلۆ
ئەڵێی فڵان کەس: ئەمیشە بۆ تۆ
ئەگەر ئیشەکە ئاوا نەبوایە
بە مەرامی خۆی شەکرم ئەدایە
فەراش دووبارە ئەچێتەوە ژوور
دیسان تەمەنا ئەکات لە حزوور
ئەڵێی فڵان شێخ قوربان ھاتووە
دوو ڕەبە نۆکی بۆ تۆ ناردۆ
دێتە ژوورەوە ئەوەستێ ساتێ
سەری سێ کیلۆ شەکری ئەداتێ
کەسێ کاغەزی دۆستێکی بێنێ
سەری دوو کیلۆ شەکر ئەسێنێ
ئەمێنێ ئەھلی فەقیر و ھەژار
مسکێن و زەلیل، ژنی ھەتیوبار
مودیر عاقڵە کە ئەیان بینێ
بە جێگای ئومێد کەسیان نابینێ
ئەڵێ مەیعادی شەکر نەماوە
بە بیتاقەیە ھەمووی نووسراوە
ئیتر بە ھیچ کەس شەکر نادرێ
بڕۆن بەیانی شەکر ئەدرێ
وەقتێ سبەینێ فەقیر و ھەژاژ
ئەچنەوە سەری بە چار و ناچار
مودیر بیتاقە لای خۆی دائەنێ
یەک بە یەک ئیسمیان ئەخوێنێ
بە ھەشت سەرخێزان بە سەد موشەقەت
کیلۆیە شەکر ئەدا بە ڕەحمەت
ئەگەر فەقیرێ شکوای خۆی بکا
لێی عاجز ئەبێ ھەم ڕیسوای ئەکا
ئەڵێ ھەی وەحشی بۆ عەقڵت وایە
بۆچی کارگەی شەکرم لە لایە
حکومەت چی داوە ھەر ئەوە ئەدەم
مەعلوم حەقی کەس بە ھیچ کەس نادەم
کەسێ گوێی لێبێ ئەڵێ عادلە
ساحیب ویجدانە خەیلێ عاقڵە
یاخوا قانون و ئیدارەی وەھا
خوا نەیدا بە کەس نەبێ موبتەلا
کە ئەم حاڵەم دی مەعلوم بوو لە لام
بێدار بووم لە خەو بە گورجی ھەستام
وەقتێ ئەڕوانم ماڵی خۆمانە
لە کوێ مودیرەو، کامە دیوانە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.