شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
ئەی شافیعی ڕۆژی مەحشەر دەستی من و دامانی تۆ
ئەی شافیعی ڕۆژی مەحشەر، دەستی من و دامانی تۆ
ڕوو سیاھ و پڕ گوناھم دێمە حزوور دیوانی تۆ
تۆ مەحبوب و ھەم ئەقدەسی، من ئەسیم و شەرمەزار
غەرقی بەحری مەعسیەتم دەخیلی تۆم ئامانی تۆ
شیفای دەردم لە لای تۆیە ئەی ڕەحمەتەن للعالەمین
خۆت ئەزانی و چارە سازی دەردی من و دەرمانی تۆ
نییە شیفای دڵی زارم، ڕوو سیاھو بێ قەرارم
مەگەر بۆ خۆت بکەی چارەم یا پادشای گەیلانی تۆ
دڵ حەزینم ھەر وەکوو نەی بۆ فیرقەت ئەناڵێنێ
ئینتیزاری لوتفت ئەکەم، عاشقی تۆم حەیرانی تۆ
من عاشق و حەیرانی تۆم، ئەی سەیدی مەولای من
دەرکراوو دەربەدەرم لەسەر خوان و ئەیوانی تۆ
لە دیوانی ئیتاعەتا مەزڵووم کوێری بێ گۆچانە
ڕێنما و عەسای دەستم لوتفی تۆیە و ئیحسانی تۆ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ئەی شافیعی ڕۆژی مەحشەر دەستی من و دامانی تۆ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.