شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
برا نەخۆشی و دەردی نەزانی
برا نەخۆشی و دەردی نەزانی،
نەزانی، بۆیە بەخۆت نازانی
جەھل دەردێکی نادیارییە
فریای نەکەوی دەردت کارییە
داو و دەرمانی ئەم دەردە ونە
زانینی عیلمە ھەوڵی خوێندنە
بچۆرە مەکتەب دارولشیفایە
موعەللیم دکتۆر، دەوای لە لایە
حەبی تەباشیر شرینقەی قەڵەم
ئەبێتە شیفای ئازار و ئەلەم
ئەو کتێبانەی لەبەر دەستدایە
ڕەچەتەیە کە دەوای تۆی تیایە
ئەجزاخانەیە ھۆدەی دەرس خانە
پڕ لە دەرمانی دەردی نەزانە
لەو ئەجزاخانە گەر دەوات ئەوێ
سەعیکە ھەتا دەستت ئەکەوێ
بۆ تێکۆشینە ئەفەرمووێ خودا
لَيس للانسان إلا ما سَعىٰ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/برا نەخۆشی و دەردی نەزانی». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.