شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
خەفەت دڵمی برژان وەک کەباب
خەفەت دڵمی برژان وەک کەباب
جەرگم لەتلەت بوو وەک گۆشتی قەساب
درا لە شیش و برژا بە ئاگر
بۆ مەزەی شەراب ئەول و ئاخر
سەبرو تاقەتم لە دڵا نەما
پردی تەحەممول لە سەد لا پسا
لە ڕووی سەر زەمین فیعلی ناشیرین
ئەمەندەم دیوە نایەتە نووسین
عەرەقخۆر دائیم پیاڵەی مەی بەدەست
بێ پەروا ئەیخوارد ڕووسیای بەدبەخت
ناترسێ لە ڕۆژ دیوانی مەحشەر
قەت خۆفی خوای نایەتە نەزەر
قەشمەری بە نوێژ، گاڵتە بە ڕۆژوو
ئیستیھزا بە حەج، زەکات و مەولوو
عەرەق خواردنی ئەمەند لا جوانە
قاپێکی بە دەس، دووی لە گیرفانە
بۆ خۆی زەرەرو بەڵا ئەسێنێ
ھەر بە دەستی خۆی دین ئەدۆڕێنێ
لە حاڵی مردن گەلێ بێحاڵن
تاڵبی ھەواو نەفس و خەیاڵن
خوایە تۆ خۆت فعلیان ئەبینی
غەزەبت بۆچی بە جۆش نایەنی
لە دونیا لە من عاسیتر نییە
باسی خەڵق ئەکەم خۆم لەبیر نییە
مەزڵووم گوناھی خۆم ئەکەم ئیقرار
تەڵەبی عەفوو ئەکەم لە سەتار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/خەفەت دڵمی برژان وەک کەباب». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.