شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: ١٠ بڕگەیی
دیسان ئەلسەلام ئەی کۆگای گەوھەر
بۆ بەرزنجە
دیسان ئەلسەلام ئەی کۆگای گەوھەر
جێی ئەولیا و شێخ، خەتیبی مینبەر
من بۆ حاڵی تۆ شێواوە حاڵم
بۆ دز و جەردە: بۆ بووی بە سێبەر
ئادەم و پەری، عەشایر ھەموو
بۆ ئیتاعەتت بەستبووی کەمەر
خاکت گەوھەر بوو، غوبارت جەوھەر
چەندە شەریف بووی لای خوا و پێغەمبەر
ئێستاکە بۆچی کز و داماوی
ھەروا زەلیل و خوار و موحەقەر
زەمان ڕووی ڕەشبێ بۆ دەورو چەرخی
کردی پاماڵی ئەولادی حەیدەر
من کە ئەسیم و پیس و بەدکارم
دوعام ئەمەیە قەوم و بەرادەر:
بە مەزڵووم بڵێن بۆچی شێواوی
لە داغی عالەم، چەرخی دوون پەروەر
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/دیسان ئەلسەلام ئەی کۆگای گەوھەر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.