شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
لە وەسفی جوانیت ئەی یاری دڵدار
لە وەسفی جوانیت ئەی یاری دڵدار
ئەم دوو سێ فەردە ئەڵێم بە یادگار
ئەبرۆت بە نەقش سونعی ئیلاھی
کێشراوە وەک تاق ئیقباڵی شاھی
چاوت گەلاوێژ پریشکە دێنێ
ڕوومەت ئاوێنە، ئینسان ئەنوێنێ
دەم کانی یاقووت، پڕە لە گەوھەر
زوبان شیرینتر لە شەھدو شەکەر
دوو زوڵفی ڕەشت ھەر وەکوو ڕەشمار
ئاڵاوە لە مل نازگی نازدار
گەردی وەک بلوور، مینایی بێگەرد
شیرین و پەسەند وەک ئاڵتونی زەرد
زوڵفت وەک کەمەند، نێچیری بەھرام
بۆتە زنجیری دڵەی نابەکام
مەمانت نارنج، یا لیمۆی کاڵە
یا خود شەمامە یان پرتەقاڵە
گۆنات وەکوو شەمع، منیش پەروانە
بە حوسنت سووتام، جەرگم بریانە
سینەت بە وێنەی بەفری تازەو تەڕ
ساف و بێگەردی وەک بەردی مەڕمەڕ
نافەت عەترڕێز پڕ موشک و عەنبەر
پڕ لە ڕائیحەو بۆنی موعەتتەر
شەرتە مەزڵووم یش لەیلی نازپەروەر!
مەجنونی تۆ بێ تا ڕۆژی مەحشەر
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/لە وەسفی جوانیت ئەی یاری دڵدار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.