شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
مایەی نۆماڵیم کەرێکی دێز بوو
کەرە دێز
مایەی نۆماڵیم کەرێکی دێز بوو
چاپۆک و وریا گەلێ بە ھێز بوو
ھەربەناو کەر بوو ڕەوت و ڕەفتار خۆش
عەقڵی زیاتر بوو لە بەعزی بێھۆش
چونکە ئەو کەرە چوست و چالاک بوو
دێزێکی پەسەند دەس و چاو پاک بوو
خزمەتم ئەکرد بە ڕۆژ و بە شەو
نەمئەدا بە سەد ئێستری خۆشرەو
عەجەب شێرێ بوو بۆ ڕێگە و سەفەر
لە دەشت کەژدا چوست و ھەڵمەتبەر
***
کاتێکم زانی خەبەریان ھێنا
قاچی کەرە دێز لە بنا شکا
کە دیم کەرە دێز شل و شێواو بوو
سەبرم لێبڕا چاوم لێڵاو بوو
ھاتمە گوفتار لە ڕووی قار و قین
ئەمە چ کەسە لە ڕووی سەرزەمین
کێ وا جەسوورە ساحێب زۆر و سام
قاچی ئەم کەرەی جیا کرد لە ئەندام؟
شەرتە ھەقی خۆم، بۆخۆم بسێنم
ڕیشەکێشی کەم جەرگی دەربێنم
***
زانی غەزەبناک دڵم بە جۆشە
بۆ قەساسی ئەو دڵ بە خرۆشە
بە ڕەسم و تەعزیم ھاتە پێشەوە
وتەی شیرین مەعنا کێشەوە
وتی غەم مەخۆ مەکێشە ئازار
ھەقم بسێنی ڕەحیم و غەفار
ئەم ئیشە ئیشی - - - - -
ئیشی شێخ ڕەشید کە خزمی خۆتە
***
وەرنە کەسی تر چ حەدی ھەیە
تەجاوز بکا بەم دەرەجەیە
منیش ئومێد و ڕەجام وەھایە
بۆ قەساسی من مەسڵەحەت بوایە
وتم کەر دێز قسەت مەقبوولە
قەناعەت ئەکەم لە لام مەعقولە
ئەمن خۆش ئەبم ساڵح خۆش نابێ
بەم مەسڵەحەتە قەت ڕازی نابێ
گەرچی خزمیشین عەفویان ناکا
خوێنی کەرە دێز تاقیق گوم ناکا
***
ساحێب تفەنگ و دەمانچە و تیرە
ژێرەوژوور ئەکا خاکی فەقیرە
مەعلوم دیارە لە لام ڕۆشنە
خوێنی کەرە دێز دەبێ بە فیتنە
ھاتەوە گوفتار بە داد و ئامان
وتی «سەید ئەحمەد» دەسم بە دامان
من قاچم شکاو حاڵم بێفەڕە
مەڵێن کەرە دێز ھەر مایەی شەڕە
***
لە حقوقی من گەردن ئازابن
مەحفوز لە فیتنە و بەڵای خودا بن
تۆش ئەگەر مەردی مەردی بنوێنە
ساڵح ڕازی کە دڵی مەشکێنە
ئەمن بە قسەی ئەو کەری فەقیر
چوومە لای ساڵح بە فیکر و تەدبیر
وتم براکەم بە نەسسی خەبەر
ھەر کەس ئیسلام بێ بەڵای دێتە سەر
***
ئیستاش کەرە دێز قاچی شکاوە
ئەڵبەت خوداوەند ئەوەندەی داوە
ھەرچەند قاتیلی «شێخ ڕەشید» بووە
ئەمری خودایە و ئەو سەبەب بووە
ئەبێ سابیر بین قەناعەت بکەین
کاری خودایە کەس عاجز نەکەین
وتی: چی بڵێم قسەم نەماوە
پەتی «تەمورم» یەکجار بڕاوە
***
ئەھلی فەقیرە سیغار و کیبار
ئەمکردن بە پەند واتەی ڕۆژگار
لە حقوقی خۆم سەرفی نەزەر بێ
گەردن ئازا بن گەر ھەزار کەر بێ
کەرە دێز چونکە لەفزی شیرین بوو
لە بۆ دوژمنان مایەی خۆشبین بوو
***
کەرە دێزم ڕۆ کەرە دێزم ڕۆ
موتیعی فەرمان ھیچ نەڕێژم ڕو
کاسبی فەقیر ھیچ نەزانم ڕۆ
سابیر و شکور بێ کاو دانم ڕۆ
ئازا و گورجۆگۆڵ ڕێی کاروانم ڕۆ
شێری مەیدانی گشت کەرانم ڕۆ
***
ھەتا تۆ مابووی ھیچ باکم نەبوو
غەم و غائیلەی خۆراکم نەبوو
کەرە دێزم بوو، بۆ ئەخزی مەعاش
ھەر کەرە دێز بوو بۆ کاروان و ئاش
ئێستا تۆ ڕۆییت باڵت شکانم
سەر و ژێرت کرد باری ژیانم
دوعایە ئەکەم ڕەببی گیرا بێ
سەبەبکارەکەت غەرقی بەڵا بێ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/مایەی نۆماڵیم کەرێکی دێز بوو». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.