شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
مەرحەبا پارە مەرھەمی زامم
مەرحەبا پارە، مەرھەمی زامم
فەرەحی قەلب و دڵەی ناکامم
پارە، بە تۆیە قووەتی ئەژنۆم
ئەتۆ دەرمانی بۆ زامی بەسۆم
پارە گریکی دڵی وێرانی
واسیتەی ڕوونی ھەر دوو چاوانی
ئەتۆ چاتری لە براو باوک
ھەر ئەتۆی پارە، پریاسکەی ناوک
بۆتۆیە برا برا ئەکوژێ
لە ڕووی مەیدانا خوێنی ئەڕژێ
بۆ تۆیە دەوڵەت حەرب ئەکا ئیعلان
حەیات تەرک ئەکا ئەبوورێ لە گیان
کاسبان بۆ تۆ ڕۆژ ھەتا ئێوار
ھەوڵت بۆ ئەدەن لە لادێ و لە شار
بۆ تۆیە جەردە کە ڕێگە ئەگرێ
بە گوللە، جەرگی ڕێبواران ئەبڕێ
بۆ تۆیە کە ژن حەیا ئەفرۆشێ
خۆی مەھتوک ئەکا لە بۆ قرۆشێ
پارە لە دونیا، ھەر تۆ ئەنوێنێ
ھەر وەکوو بولبول سەربەست ئەخوێنێ
پارە چەند پیاوی نەفام و ھەرزە
بە تۆ بوو بە پیاو زیاد بەم نەوع و تەرزە
چەند مەردو عاقڵ بە بێ دەردی سەر
دێنە خزمەتی ئەبن بە نۆکەر
چەند کەسی ناکەس تۆ کردت بە پیاو
کردت بە خاوەن دیوانی تەواو
بە بێ تۆ پارە چەند ساحێب وەجاغ
مات و غەمگینە دەروون پڕ لە داغ
تەنھا خەمڕەوێن جەنابی ئەمە
بێ پارە بەشی ھەر جەفاو غەمە
ھیچ کەس ناپرسێ لە ساحێب نەسەب
لە قەدرو حورمەت لە حەیاو ئەدەب
مەلای بێچارە کە لێی ئەپرسێ
ھەزار یاسین و تەلقین بە فلسێ
کێ بە شێخ ئەڵێ لە کوێوە ھاتووی
دەروێش بە پوڵێ سەد زیکری یاھووی
غەیری پارەدار ھەمووی بەتاڵە
کێ مەلاو شێخی ھەر لە خەیاڵە
ھەرکەس پارەی بوو ئەو کەسە پیاوە
دێنە خزمەتی لەملاو لەولاوە
ئەگەر پارەدار لە فەقیر بدا
ڕەزیلی بکا تەعنەی لێبدا
گەلێ پێی خۆشە زۆر منەتبارە
لای نەسیحەتەو فەقیر بێچارە
پێی ئەڵێ حەقتە ھەرچیم پێبکەی
لام نەسیحەتە ھەرچیم پێ بڵێیت
مەزڵووم بزانە پارە بۆ دونیا
چەند فەزل و ھونەر بە ئینسان ئەدا
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/مەرحەبا پارە مەرھەمی زامم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.