شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: ١٠ بڕگەیی
چاوێ ھەڵبێنە
چاوێ ھەڵبێنە ...
گیانە بە عیشوە بەس خۆت بنوێنە
ئارام لە دڵی عاشق مەسێنە
تۆ بی و جوانیت جەفا مەنوێنە
وەکوو عاشق چاوێ ھەڵبێنە
بە چینی زوڵف و پەرچەمی زەردت
بە ورشەو پرشەی گۆنای بێگەردت
بە لەھجەی خۆش و شیرینی فەردت
ھەر من موبتەلام بە داوی دەردت
سا بە نەزاکەت چاوێ ھەڵبێنە
عاشقم سەبرم زۆر لا گرانە
ڕاستە دڵداری پەنھانی جوانە
دڵدار شەرمن بێ زۆر بێ ویجدانە
لە کوێ ڕووپۆشین پیشەی جوانانە؟
سەرپۆش فڕێدەو چاوێ ھەڵبێنە
بۆ خۆت ئەزانی گرفتاری تۆم
کردەوەی تۆیە زامانی بەسۆم
بۆ تۆ دێوانەو دیل و ڕەنجەڕۆم
خۆشم نازانم ڕووەو کوێ برۆم
بۆ منی ھەژار چاوێ ھەڵبێنە
ئەزانم نەرم و نازک و تەڕی
بە خشڵی جوانی پۆشتەو بەفڕی
ڕەنگینی دەڵێی گوڵە شەستپەڕی
پێم ناڵێی بۆچی لێمان بە شەڕی
یا جوابێ بدە یان چاو ھەڵبێنە
بۆ خۆم فامانم ئەبێ بە ئێشم
ئەبێ بە نەشتەر دڵەی پڕ ئێشم
ئەبێ بە ئازار دەروونی ڕێشم
ھەتا کەی سەزاو ناسۆر بکێشم
بۆ دەوای دەردم چاوێ ھەڵبێنە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/چاوێ ھەڵبێنە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.