شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: ١٦ بڕگەیی
ڕووم لە تۆیە گوێ ڕاگرە بۆت بەیان کەم ماجەرای دڵ
ڕووم لە تۆیە، گوێ ڕاگرە، بۆت بەیان کەم ماجەرای دڵ
ھەرچی ئەڵێم عاجز مەبە، با داخی خۆم نەبەمە گڵ
ئاگرت تێچێ جیھان، ڕەببی گەردنت شکە بۆ کردەوەت
تۆی مەنبەعی فیسق و فیساد، تۆی ئالەتی زوڵم و قەتڵ
شاخی بەرزت دەبێ دەربێ بە دەم سزاو نەگبەتەوە
تەخت و بەبختت سەرنگون بێ، تا قیامەت ببی خەجەڵ
من بە ھەدەر لۆمەت ئەکەم، بە بێ سودە تەعنە ئەدەم
ھەرچی بکەی عەیب نییە، باکت نییە لە تەعنەی گەل
بێ ئوسوڵە ئیشو کارت، بێ مەتڵەبە گیر و دارت
بە کەر ئەدەی تەوقەی زێڕین، لە سەگ ئەکەی حیلەی غەزەل
وەکوو شەیتان تۆ لە ڕێگە دەرئەکەی منداڵی خەڵقی
نانی باوکی خۆی نەدیوە، دنیات دایە خەزنە لە گەل
وەکوو تاسی حەمام حەمام وایتە، وەفات بۆ کەس نییە تا سەر
تاڵبانت بە داغ ئەمرن مونکیرانت عەدوون بە دڵ
غەیری مەزڵووم ھەموو عالەم بۆ وەسڵی تۆ خرۆشاوە
بە دەس سیحر و جادوی تۆوە بیریان چوەوە دەردی ئەجەل
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ڕووم لە تۆیە گوێ ڕاگرە بۆت بەیان کەم ماجەرای دڵ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.