شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ڕۆژێ بۆ سەیران بە کەیف و سروور
قەڵای سروچک
ڕۆژێ بۆ سەیران بە کەیف و سروور
چوومە لای قەڵای سروچک مەشھوور
وەقتێ ئەبینم قەڵای بێشومار
گشت خراپ بووە لە سەرتابەخوار
تەواو ڕووخاوە دیوان و سەرا
شەقی بردووە وەک تاقی کیسرا
پرسیم ئەی قەڵا کۆنی وێرانە
کێ تۆی کرد بینا لە ڕووی زەمانە
***
کام حاکم نەخشەی تۆی داڕشتووە
چ پاڵەوانێ تۆی وا کردووە
وتی: لە عەسری قەدیمی زەمان
«سەلیم شا» بووە، فارسی زمان
منی بینا کرد بۆ ژیانی خۆی
سەنگەر بووم بۆ خۆی، ڕووناک بۆ ئاسۆی
خۆی حوکمی ئەکرد بێباک لە دونیا
بەیداخی حۆری لە بۆ ھەڵکرا
گەلێک زۆردار بوو، ساحێب پەھڵەوان
سیلاحی جەنگی شمشێر و قەڵخان
***
ڕۆژێ «سەلیم شا» پرسی لە ژنی
لە من چاپوکتر تۆ کەس ئەبینی
چالاکتر لە تۆم بە چاو نەدیوە
ناوی کەسێکم بەڵام بیستووە
گەلێ شەجیعە ساحێب جەمالە
خەیلێ خرۆمەند زۆر بە کەمالە
ناوی مەشھوورە: سەید قەلەندەر
جێگای بەرزنجە، لە نەسلی حەیدەر
***
بەم قسە خەیلێ «سەلیم» بوو غەمبار
جوابی ژنی دا لێی ھاتە گوفتار
وتی: سبەینێ بە مەودای خەنجەر
ئەبڕم لە بنا سەری قەلەندەر
کە ھێنام سەری قەلەندەر بۆ لات
جەسارەتی من مەعلوومی ئەدات
ئەمری کرد سوپا تەواو خرۆشا
ئەسبابی جەنگی بە قۆشەن پۆشا
***
وەقتێ قەلەندەر خەبەری زانی
سەلیم چەند سوپا و لەشکەری ھانی
پۆشای بە باڵا ھەر وەکوو حەیدەر
شمشێر و قەڵغان، پێکان و پێکەر
ڕووی کردە سوپا و لەشکەری عەزیم
تا لە «سڵاوگە» گەیشت بە سەلیم
دەستی دا شمشێر سەید قەلەندەر
بە قەسدی کوشتن کەوتە ناو لەشکەر
سەلیم پەھلەوان دەستی دا کەمان
لە بۆ قەلەندەر خۆی کێشا مەیدان
***
چەند زەربەی سەختی دا لە قەلەندەر
بە زەڕبەی سەلیم نەیھێنا زەرەر
دەستی دا خەنجەر قەلەندەر بە قار
ھەر وکوو عەلی حەیدەری کەرار
بە شیپی خەنجەر کە ھەڵمەتی برد
سەری سەلیم شای لە تەن جیاکرد
لەشکری سەلیم ڕووی کردە فیرار
بەعزێ بۆ زەڵێ قسمێ بۆ کۆسار
قەڵای سروچک بە زەربەی ھونەر
گیرا بە زۆریی بازووی قەلەندەر
***
تەواو لەشکروسوپای سەلیم شا
ھەمووی تەسلیم بوون، سەراسەر گیرا
سەری سەلیم شا، قەلەندەر دەردەم
لە بۆ تەماشا ناردی بۆ حەرەم
حەرەمی سەری سەلیم شای بینی
گاھ گاھ ئەگریا، گاھ پێئەکەنی
ئەم وەسفەی عەجەب ھاتە بەر نەزەر
ماجەرای پرسی سەید قەلەندەر
وتی سەلیم شا لە ڕووی حەرەم دا
دوێ فەخری ئەکرد لافی لێئەدا
***
ئەیووت بە زۆری بازووی پڕ ھونەر
ئەبڕم سەری سەید قەلەندەر
فەخری کرد بۆیە وا کەسری ھانی
لافی عەکس بوو، ئەیدا زوبانی
لە پاش نەمانی حوکمی سەلیم شا
سەرا و ئەیوانم سەراسەر ڕووخا
ئەمە چەند قەرنە ئەمن وێرانەم
سەرکز و شێواو دەستی زەمانەم
حاڵم ئەمەیە بۆت ئەکەم بەیان
نەشریکە مەزڵووم بیکە بە ئیعلان
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ڕۆژێ بۆ سەیران بە کەیف و سروور». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.