شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ڕۆژێ بە عەزمی شکاری نێچیر
ڕاوی نێچیرێ
ڕۆژێ بە عەزمی شکاری نێچیر
کردمە شانم تفەنگی پێنج تیر
خەریتەو چەتاڵ ئەسبابی شکار
پۆشام بە باڵا لە سەرتا بەخوار
چوومە شکارگای جاری جارانم
خۆم خستە حاشار بۆ نێچیرانم
لە ناکاو گورگێ ڕێگەی لێگرتم
بە قەسدی خواردن یەخەی پێگرتم
دەستم لە کار دا ھەڵمەتم بۆ برد
دوو سێ فیشەکم بۆ ڕەوانە کرد
بە زۆری گوللە گورگم کرد ھیلاک
مێشکی تێکەڵ بوو لەگەڵ خوێن و خاک
کە دیم بێچۆکەی خەیلێ غەمگینە
لە داغی بابی دڵ پڕ برینە
دڵم نەیھێنا بێچولەی ھەژار
ھەر وەکوو بابی بکەم گرفتار
ھێنامەوە ماڵ بە کەشک و پەنیر
بە گۆشتی برژاو بە قەیماغ و شیر
پەروەردەم ئەکرد بێ سزاو زەرەر
تا وەکوو بابی بوو بە ھەڵمەتبەر
نازانم داغی کوشتنی بابی
لە دڵیا ماوە و ھەروا لە یادی
لە بۆ حەقی خۆی وا فرسەت بینە
بۆ قەساس سەندن ھەر لە کەمینە
ناغافڵ وەک مار ئاڵا لەڕانم
پڕ دەمی بڕی لە گۆشتی گیانم
ئاخ لە بۆ کەسێ دەسی کەوت دوژمن
ڕەگ و ڕەچڵەکی دەربێنی لە بن
گەورە نەکوژی و بچووک جێبێڵێ
ببێ بە ئاگر بەربێ لە خێڵێ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ڕۆژێ بە عەزمی شکاری نێچیر». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.