شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
کام دین کام ئیمان کامیان ویژدانە
کام دین، کام ئیمان، کامیان ویژدانە
ئاخۆ کام ئینسان ئەمەی لا جوانە
گەرماو شەرارەی ھەتاوی بە تین
خوێنم کا بە ئاو، ھێزم کا بە تین
ھەوڵبەم بە دڵ بە درێژی ساڵ
بە سەرماو گەرما بۆ ئیدارەی ماڵ
بە ساڵێ بەحاڵ شتێک پەیا کەم
لە مردن کۆشێ خێزان ڕزگار کەم
کاتی حاسیلات، بێ شەرم و بێباک
لێم کۆ ئەبنەوە وەک داڵ بۆ سەرلاک
بێ عەرەق ڕشتن، یان ڕەنجی بازوو
خەرمان بەش ئەکەن، سەھل زووبەزوو
بەشی موڵکانەی: ئاغا، شێخ، مەلا
لە چوار بەش بێشک سێ بەشی ئەبا
ئینجا چی ماوە بۆ مەسروفی ماڵ
بۆ جلوبەرگ و پێڵاوی مناڵ
ئاەو ھەناسەی ئەم گشت خێزانە
بچێتە ملی ئەو مەلھوڕانە
مەزڵووم تا شێخ و ئاغا لە ناوبێ
لە کوردستانا ئازادی نابێ
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/کام دین کام ئیمان کامیان ویژدانە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.