شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
کوردە دەخیلە دەستم بە دامان
چای خواردن
کوردە دەخیلە دەستم بە دامان
سەماوەرە زەرد بھێنە مەیدان
ئاگری تیکە با بێتە خرۆش
بە وێنەی دڵی عاشق بێتە جۆش
زیڕەی سەماوەر بە گوێ ببیسم
بە ئیزنی خوا لە دەرد ناترسم
نەخۆشی ڕاستە بە دەس خوایە
چایش وەک مەولود دەفعی بەڵایە
قۆریەی ڕووسی، پیاڵەی ژاپانی
شەکری بەلجیکا، چایی سیلانی
ھەمووی حازر کە لە دیوە خانت
با شادمان بێ ئەھلی دیوانت
بۆ ئەھلی مەجلیس تێکە پەیا پەی
بە یادی دەوران «کە یا نانی کەی»
ئەگەر خوداوەند ماڵی داوێتێ
پارەو حەیوان و حاڵی داوێتێ
بۆ تۆ چا خواردن ئەخلاقی پاکە
نور لەسەر نورە وەک ئیحسان چاکە
خوای گەورە بۆخۆی بۆی کردووین بەیان
ئەموال و ئەولاد زینەتی دونیان
مادام وەھایە وەک زەخیرەی ماڵ
شەکرو چای ئەوێ ھەرکەس بە پێی حاڵ
برا ئەزانی شەکرو چا باوە
ئاوماڵت ئەیخوا لەملاو لەولاوە
ئەگەر میوانێ ڕووی کردە ماڵت
شەکرو چات نەبێ گوی سەگ بە حاڵت
مەڵێ قەدیمی زەمانی پێشوو
لە ماڵی شێخ و ئاغا چا نەبوو
یاخود لە باو و باپیرم پرسی
شەکر و چا ئەسڵەن نەبووە باسی
مەڵێ من نایخۆم نایە بە ماڵما
سیرەتی بابە بۆ من بەجێما
منیش کاکە گیان تەسدیقی ئەکەم
باوو باپیرت چای نەکردە دەم
کەی لە زەمانی ئەوان برا گیان
ڕێگای تیجارەت بووە وەک ئەلئان
بۆی بێنە پێشێ ئەنواعی تەعام
بۆت نەکرد چایی ناگری ئارام
کێ دێ ئوتوموبیل بە فەردەو بەبار
شەکرو چا بێنێ لەم شار بۆ ئەو شار
کەی بیستویانە بە شەمەندەفەر
بێتە شارەکان ئەنواعی شەکەر
پاپۆڕیان کەی دی تیجارەت بکا
بە ناو بەحرا بێ بازاڕت پڕ کا
سەنعەتی قەدیم کەی ئاوا بووە
سەروەتی ئێستا کەی ئەوسا بووە
کاکە سەروەتی زەمانی پێشوو
دەوڵەتی ماڵێ: بزنێ یا دوو بوو
ئەگە خۆ ماڵێ جووتێ گای بوایە
ئەوە مەزن بوو چونکە فەلایە
ئێستا کام کەس ئەڵێی فەقیرە
ساحێب سەروەت و تەخت و سەریرە
ھەموو ساحێبی پارەو مەعاشن
خاوەنی دەزگا و دیوانی باشن
ھەرکەس بە نەوعێ کەسابەت ئەکا
لەگەڵ سەڵتەنەت شەکرو چا ئەخوا
خەڵقی قەدیمی کەی لە مەیدانە
«ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە»
مەزڵووم ئەگەر تۆ وەکوو ئەوان بی
نامەی ڕەزیلی بۆ خۆت ئەنووسی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/کوردە دەخیلە دەستم بە دامان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.