شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: ١٥ بڕگەیی
کوشتمی ئەشقم نەما بەزەیی پیاما نەھات
کوشتمی ئەشقم نەما، بەزەیی پیاما نەھات
نەفرەتی کردم کچێ، بۆ دەوای دەردم بدات
مایەی سووتانمە، مەرھەمی دڵی زارم
خستمییە بەحری میحنەت، بۆ شیفای دەردم نەھات
کەمەندی ھەر دوو پامە، وا ئەسیری خەراباتم
بە دائیم قوڕ دەپێوم، بەلکو یارم نیگا بکات
بۆ دڵی لەت لەت کردم، ڕەفیقی چۆڵ و دەشتم؟
دەرمانی دەردم بکات، لێو لەسەر لێوم بخات
فڕێی دە با دەرکەوێ، وردە خاڵی دەوری لێوت
ئەگریجەی خاو و زەردت، دەماغم بۆ موعەتتەر کات
تو خوا شیرین ئاسا، بە ناز منی بێکەس بلاوێنە
بڕێژە خوار ئەشکی خوێنین، بۆ مەزرەعەی جەور و جەفات
گرفتاری دەردی عەشقم، وەکوو فەرھاد غەرقی خوونم
ئینتیزاری وەسڵی تۆیە مەزڵووم، حَينَ يٲتي وَقت الوَفات
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/کوشتمی ئەشقم نەما بەزەیی پیاما نەھات». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.