شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: ١٠ بڕگەیی
کچە کوردێکم زەریف و ھوشیار
کچە کوردێکم زەریف و ھوشیار
بۆ کزی ھۆزم، دڵسۆز و غەمخوار
بۆ ژینی کوردی گیروەدەی ھەژار
دنیام لێبۆتە شەوی تیرەو تار
ئارامم نییە ناگرم قەرار
تاوێ لە داخی کوردی بەجێ ماو
دەمێ لە حەسرەت لاوانی شێواو
بۆ حاڵی ژینی تاڵی وەک زووخاو
ئازاری قەبرم ھاتۆتە بەرچاو
دڵ مەینەت بارە دەروون پڕ جەخار
حەیفە کە کچ و بە کچ ناسراوم
لە تان و پۆی کوڕ جیاواز کراوم
بۆ خزمەتکردن بێبەش کراوم
سەر دانێم لە ڕێی قەومی فەوتاوم
نەقدی جانیشم بکەم فیداکار
ئەوەی، کە کورو گەنج و بەکارە
بۆ خزمەتکردن دەسەڵاتدارە
بۆ شکستێنێ وا گرفتارە
خزمەتی ھۆزی لەلا بێگارە
دەمی بەستراوە نایەتە گوفتار
کۆششی خەڵکی لەبەر چاوانە
ئەزانی ھەوڵیان کە بێ سامانە
لەسەریان نییە دەستی بێگانە
بۆیە وڵاتیان ئەڵێی جینانە
وەنەوزی غەفڵەت نادا لە ڕووی کار
تکایە برای لاو، چاک و جوان
قۆڵی لێھەڵکەن وا بێنە مەیدان
بە دڵ تێکۆشن، ئازا بێووچان
بەڵکوو بچینە ڕیزی میللەتان
سەربەخۆ بژین نەبین دەستەوخوار
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/کچە کوردێکم زەریف و ھوشیار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.