شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
ھەر ئەموت خۆزگە بمدیایە شەیتان
من و شەیتان
ھەر ئەمووت خۆزگە بمدیایە شەیتان
ئیبلیسی لەعین دوژمنی ڕەحمان
داخی دڵی خۆم پێ بڕشتایە
حەقی بەر و دوام لێ بسەندایە
من بەو داخەوە گەلێ مامەوە
بەو حەسرەتەوە ئەتلامەوە
تا ئاخر شەوێ وەختی نیوەشەو
بە عەزمی نوستن چاوم چووە خەو
دیم لە خەومدا تازە جەوانێ
بە باڵا عەرعەر، شیرین زوبانێ
گەردن وەک شووشەی گوڵاو موعەتتەر
نازکی گۆنای لە گوڵ نازکتر
بە سەد نەزاکەت ھەت بەلامەوە
زامار بووم زامی بۆ کولانمەوە
چاوم ھەڵبڕی، دیم چاوی مەستی
خەیلێ بێھۆش بووم کەوتم بە مەستی
وتم: ئەی جوان تۆ بی جوانی خۆت
پەریت، ئادەمیت، بڵێ ناوی خۆت
تۆ بۆچی وێڵی، بۆچی عەوداڵی
بۆچی موحتاجی دیوان و ماڵی؟
***
دەم بە خەندەوە، جوابی دامەوە
یەک دوو قەدەمێ ھات بە لامەوە
وتی: پەری نیم ئادەمیزادم
وتی گوڵچینی باخی مورادم
من ئەو کچەم کە پارو پێرار
لە عیشقی مندا لات نەبوو قەرار
ئێستاش بە یادی جاری جارانت
خۆم بە دیاری ھێنا دیوانت
بۆ فەرەحی دڵ بۆ خەڵوەتی خەو
لە بو سەیران و ڕابواردنی شەو
وتم بەخێربێی قوەتی ئەژنۆم
مەرھەمی دەردی زامانی بە سۆم
گەلێ مەمنون بووم ئەزیەتت کێشا
لە بۆ دیدەنی تەشریفت ھێنا
فەقەت تۆ نابێ گلەیی بکەی
تەعنەی بێمەیلی لە دڵم بدەی
من لە پارەوە قەولم کردووە
لە حەرام دوور بم تۆبەم کردووە
ئێستا تۆ لە من بە شەرع و قانوون
گەلێ حەرامی بە بێ چەندوچوون
وتی: لەوساوە لەیەکبووین جیا
ھەڵ و تەقەلام بۆ ئەمشەو ئەدا
ئێستا تۆ ئەڵێیت، بە تۆ ناڕازیم
تۆبەم کردووە، یەعنی کە سۆفیم
ئەو قەولی خۆتە، تۆ بدە بە باد
بێرە پێشەوە ھەرچی بادا باد!
بە گەنجی ئەگەر ھەرچییە بکەی
گوناھی کەمە، چونکە تۆ جوانکەی
بە عومری جوانی ھیچ قسوور مەکە
ھەر وەقتێ پیر بووی ئەوسا تەوبە کە
موختەسەر چاکە ھەڵمەتم بۆ برد
وەک گورگی برسی ژێرەوژووم کرد
گەلێ سواری بووم کێشامە ژێربار
بەناز جار جارێ ئەیووت ئەی ھاوار
فاسیلەم نەدا تا وەقتی سەحەر
دامە بەر کوت و حەملەی پڕ ھونەر
ئەمەندەم لێدا بە حەربەی چەرمین
ئەسڵی مەقسەدی گشت بوو بە برین
خوێن و ئاو جاری لێئەھاتە خوار
وەکوو چۆڕاوگەی گوێسیلەی بەھار
سەراسەر لاشەی ئەو نەوجەوانە
سیس و شێواو بوو وەکوو ھەمانە
کاتێ بەتاڵ بوو خەیاڵی سەیران
ھەواو خۆشی و شادی مەعشوقان
لەب بە خەندەوە، ھاتە کایەوە
جەوابی منی وەھا دایەوە:
من کەی یاری تۆم، کەی بە تۆ دۆستم
من بۆ حالی تۆ مەینەتی و کۆستم
چونکە شەیتانم، دوژمنی ئادەم
ئەیخەمە عوسیان ئیسلام زۆر و کەم
ئەمن دوژمنی ئەولادی حەوام
بەری لە قاپی ڕەحمەتی خودام
تۆبەی چەن کەسی وەکوو تۆم شکان
چەندە عابدم خستۆتە عوسیان
جوابم دایەوە وتم ئەی شەیتان
قەسەم بە خودای زەمین و ئاسمان
تۆبەم لە جاران زۆر قائیمترە
نوێژ و تاعەتم گەلێ چاترە
بۆیە ھەر ئەمووت من تۆم بدیایە
تۆڵەی عالەمم لێت بسەندایە
شوکر ئاواتم ئەوا ھاتە دی
دوژمنی خۆمم بە سەر شۆڕی دی
یاخوا سەد خێڕی وەھا بێتە ڕێم
کە دوژمنی خۆم ھەر بەخۆم بیگێم
ئەلحەمدولیلا لە ڕۆژی مەیدان
چەند زەڕبەی کاریم بە دوژمن گەیان
دوژمنم، شەیتان، بۆم ھاتە مەیدان
ھەر بە دەستی خۆی خۆی دا بە تڕان
ئەی شەیتان یاخوا زوو بۆم ھەڵکەوی
دیسان بەر حەملەی مەزڵووم بکەوی
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/ھەر ئەموت خۆزگە بمدیایە شەیتان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.