شاعیر: مەزڵووم (١٩١٦-١٩٥٥)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
یاری وەفادار
سکاڵا لە خزمەت یارا
یاری وەفادار ...
نازک و نازدار، یاری وەفادار
لە ھیجرانی تۆ بووم بە کۆی زوخاڵ
نەمکرد سەیرانی گۆنا و خەت و خاڵ
عەھدە کردوومە ھەر وەکوو فەرھاد
لە کۆی عەشقی تۆ خۆ بکەم بەرباد
ھەر کاتێ شاد بووم بە دیداری تۆ
بووم بە خاوەنی خەت و خاڵی تۆ
لام مەتڵەب نییە تەعنەی ڕەقیبان
گوێ نادەم بە پەند، واعیزو خویشان
دەوڵەتی وەسڵت بۆ من کافییە
تاجی کەیخوسرەو لام بەھای نییە
گەنج و ئیقباڵم دانەی خاڵی تۆ
چرای دیوانم چاوی کاڵی تۆ
خوردو خۆراکم ماچی کوڵمی تۆ
شیشەی شەرابم سای گەردنی تۆ
مەعبەدخانەکەم خەڵوەتخانەی تۆ
قیبلەگای سوجدەم میحرابی ئەبرۆ
تەوافی کەعبەم وەسڵی دیدارت
حەجەرولئەسوەد خاڵی ڕووخسارت
تای عودو تارم دوو زوڵفی خاوت
سەرخۆشی کردم مەیخانەی چاوت
مێزی شەرابم سینەی مەڕمەڕت
مەزەی شەرابم دوو لیمۆی تەڕت
عەرەق و بیرەم ماچی کوڵمی تۆ
ساقی و پیاڵەم چاوی گەشی تۆ
دەم دەم ئەنۆشم شەرابی گۆنات
دوو لیمۆی کاڵت، بۆ مەزە ھێنات
مەستی دوو چاوی عاشقکوژی تۆم
جگەر لەتلەتی غەمزەو نازی تۆم
چاوت ھەڵبڕە بزانە من کێم
ئەمن مەجنونی دوو چاوی لەیلێم
ئەسیرم بەدەس ڕەقیبانەوە
ھەم بە دەس دڵەی ماڵوێرانەوە
دەردم وەھایە لەیلی نازپەروەر!
نزیکە دەرچم لە پێستی بەشەر
ئیتر کۆتایی کەلامم نایە
ڕەنگ زەردی عەشقم شیفام قەت نایە
مەزڵووم وەک مەجنون پیشەی زارییە
خولیای عاشقی بێ قەرارییە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەزڵووم. «دیوانی مەزڵووم/یاری وەفادار». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/١١/١٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.