شاعیر: مەلا حەسەنی دزڵی (١٨٥٩-١٩٤٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: غەزەل
کێش: ١٠ بڕگەیی
من ھەڵۆی لووتکەی بەرزی داڵانیم
وەڵامی نامەی دەسەڵاتدارێک
سەر وەک مەسینە، سەگ لەسەر سینە!
الخبیثاتُ لِلخبیثینە!
ئاخر کام ئینسان، دەسەبرای سەگە!
ڕەفێقی تانجیم، پێ ناشیرینە!
ھەرکەسێ سەگی کرد بە ھاوخوانی
ئەوە نۆکەری، ئینگلیسینە
قودرەت و سەروەت، جاھ و جەلالات
پێشکەش بەوانەی پێیان شیرینە
سەد تف و لەحنەت، لە قوربان قوربان
لە ئاغا فەرمووی، یەکجارم قینە
خۆم زەلیل ناکەم بۆ فلس و دینار
ئەویش لە سایەی، عیززەتی دینە
پێم خۆشە نانی، جۆ ڕەشی عەباڵ
دۆینەی خەجیجە و فاتە و جەمینە
کاڵە و کلاشی ساختە ھەورامان
نایدەم بە قۆنرەی، چەرمی مەکینە
ئیسلام و عیززەت، عیلم و کەرامەت
کورد و شەرافەت، ڕەسمی دێرینە
ھەی­ھوو چەن دوورین من و نۆکەری!
ئەمەش ھەر جۆرێ کاسەلێسینە
سەلام سەییدی، ویرمەنە دینار
خوویەکی پیس و زۆر ناشیرینە
ناکەومە پینەی درۆی ئاغایان
کەوش و کراسی، خۆم ئەکەم پینە
ئاخر من قورئان وا لە سەر سینەم
الطّیِّباتُ للطّیّبینە
من ھەڵۆی لووتکەی بەرزی داڵانیم
ھەرگیز وەک قاڵاو، ناکەومە چینە
حەسەن بۆ مەقام نۆکەری ناکا
سەد جار ڕیامە، ئەو جۆرە ژینە!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەلا حەسەنی دزڵی. «دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی/سەر وەک مەسینە سەگ لەسەر سینە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١٠/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.