شاعیر: مەلا حەسەنی دزڵی (١٨٥٩-١٩٤٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
مەلائیک شاھد خودا عەلیمە
بۆ وەستا حەمە سەلیم خەیاتی تەوێڵەیی
مەلائیک شاھد، خودا عەلیمە
ئەم عەرزە بۆ لای حەمە سەلیمە
ئەم عادەتەی من ڕەسمی قەدیمە
پێی ناخۆش نییە، ھەرکەس کەریمە
وەستای موحتەرەم، سەلیمی خەیات
ئاوی دەم شیرین، وەک ئاوی حەیات
جاداری مەرحووم محەممەد ڕەزا
وجودت سالم، بەدەن بێ قەزا
چرای تاقمەی گشت مەکینەچی
خزمەتکارت بێ دووسەد پینەچی
ئەر تۆ لە جادەی ڕاسی دەرنەچی
نایەتە ڕێگەت ناڕاسی و کەچی
موبارەکت بێ ئەو مەکینەی ڕەش
فابریقەی حەڵەب، کارخانەی حەبەش
دەستی پێدانێ، بێ غوبار و لەک
با بێتە جونبش، وەک چەرخی فەلەک
حەرەکەی سەریع بە ئیستیدارە
ھەر وەک قەتاری، سەبعەی سەیارە
ھاڕەی بە وێنەی، تەرزەی بەھارە
بەرقی سەوادی، ئەڵێی ڕەشمارە
ئەو زنجیرەی ورد، ئەو بەقیەکاری
ئەو نەقشی چینی، خەتی نیگاری
ھەر شایستی تۆ و، لایەق بە خۆتە
ئەمما تۆ نەبڕی، بەرگی ئه لموتە!
با بێ بەرەکەت، نەبێ سنعەتت
با لەلای خودا، زۆر بێ نیعمەتت
خودا گەرم کا، ڕەواجی کارت
گەرمی ماڵەکەت، گەرمی بازاڕت
بەو قەد و باڵای شۆخ و شەنگەوە
بەو ئەلبیسەی چاک، ھەزار ڕەنگەوە
تا دێرزەمانە، یا خوا باقی بی
دایم لە لیباس، بەدەن ساقی بی
لە پاش ھەدیەی، وەزیفەی سەلام
دۆعاگویی خەیر، وەختی سوبح و شام
حەمە سەلیم گیان، ئەم جار نۆبەمە
نۆبەی حەرارەت، گەرمی سۆبەمە
ئەمن پارەکە، کاغەزێکم نارد
زەحمەتم کێشا، چەن تاڵاوم خوارد
بۆ چی لەگەڵ من، خیتابت نەبوو
بە بوون و نەبوون، جوابت نەبوو؟
من مەلای ئیمام، تۆ مەکینەچی
تۆ دەروون گەورەی، تۆ چی و کینە چی؟!
وا بێ مەرحەمەت، لەگەڵ من بۆ چی
خۆ تۆ ڕوو خۆشی، بێ مڕ و مۆچی!
ئیعاشەی منیش، شەکرە یا چایی
مەرحەمەت بکە، بە دڵ نەوایی
جەزاکەی پاریش، ھەم قەزا بکە
بە ھیممەتی خۆت، من ڕەزا بکە
تا من بخوێنم، دۆعای دەوامت
خۆت و نیشانەی، عالی مەقامت
باقی من مەشغووڵ، دۆعاگویی تۆم
چاوەڕێی ھاتن، شەکر و چایی تۆم!
1941
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەلا حەسەنی دزڵی. «دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی/مەلائیک شاھد خودا عەلیمە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.