شاعیر: مەلا حەسەنی دزڵی (١٨٥٩-١٩٤٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
یا شێخی سەروەر یا مەردی مەیدان
بۆ شێخ مەحموودی حەفید
یا شێخی سەروەر، یا مەردی مەیدان
یا شۆر و شەرەف پیر و مریدان
یا ئومێدی کورد، یا شای ھەژاران
ڕۆشنی ئوجاخ ئێل و تەباران
چی بێژم لە وەسف بوزرگەواریت
لە ڕەنج و ئازار، لە دەردی کاریت
گیان فیدای خەڵک و ڕێنمای ئینسان
شەمعی سووتاوی ڕێگەی کوردستان
خواردن و خەوتن، ئاھەنگ و شادی
فیدات کرد، بەخشیت لە ڕێی ئازادی
بووی بە دەلیل و حوججەتی خوا
بۆ ئێمەی ھەژار، بوویتە ڕێنوما
لایغیِّرُ، گفتەی خوایە
بەبێ تۆ دەعوای کورد ناڕەوایە
تۆ سابتت کرد کوردیش ئینسانە
وەکوو ئەم خەڵکە، خەڵکی جیھانە
مەلیکی ئەوێ، وەک مێلوورە و ھەنگ
ھەرکەس ئیژێ نا، سەری دا لە سەنگ!
بۆ کورد گڵۆڵەی بەختی تێکەڵ بوو؟
تێکاڵاو پژا و سەروژێرۆ بوو؟
تف لە کەمتیار بەریتانیا
سەد ھەزار لەعنەت، لە کەبیری وا!
ساڵانی ساڵە ئێمەی بێچارە
ھەر پێمان ئێژن، حەوشەتان لارە!
خوا بە خواییت لە تەواو جیھان
نموونەی کوردت نەبووە لە دەوران
کام سیفەتی چاک، کام خوو پەسەندە؟
کورد لە شەرەفدا، چەند ھەزار چەندە!
با نەڵێن ھات و ژیا و پاشان مرد
کورد بۆ ئازادی، کارێکی نەکرد؟
تۆ سابتت کرد، بۆ ھەموو جیھان
گیانت فیدا کرد، لە ڕێی کوردستان
سەرت بەرز کردین، خوا سەربەرزت کا
گەردەن ئازا بی لە ھەردوو دنیا
مەحموود فەرموویە بەو سینە و سۆزی
حەسەن ئیمڕۆمان نەبوو، با سۆزی
بەش خوا زوو زوو مەحموود بنێرێ
حاڵێ تر بە سەر کوردانا بێرێ
ئەم مەحموود نەبوو، بەڵکوو ئەو موحموو
خوا گەورەترە لە سوڵتان مەحموو!
تا بەڵکوو ئێمەیش بگەینە ئاوات
بێژین بە دیدار موحەممەد سەڵەوات!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
مەلا حەسەنی دزڵی. «دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی/یا شێخی سەروەر یا مەردی مەیدان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٨/١٧.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.