شاعیر: ناری (١٨٧٤-١٩٤٤)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
بۆ نەفسی خەتا چوو بە عەبەس غەرقی خەتا خۆم
بۆ نەفسی خەتا چوو بە عەبەس، غەرقی خەتا خۆم
ھەم سایە لەگەڵ فاسقی بێ شەرم و حەیا خۆم
مەحکوومی ھەوا خواھی تەڵەبکاری ڕیا خۆم
بێ تاعەت و زیکر و عەمەل و حەمد و سەنا خۆم
ڕووزەرد و سەرئەفگەندەیی دیوانی خودا خۆم
نابێ بە بەشەر کەس بە سەر و سوورەت و قامەت
تا جیلوە نەدا مەعریفەت و زوھد و کەرامەت
نەک وەک منی وەحشی کە دەمێ نیمە نەدامەت
بۆ سەتری خەتاپۆشی عیبادەت لە قیامەت
عوریان و سەراسیمە و بێ بەرگ و نەوا خۆم
یەک لەحزە نەبوو من بە ھەوەس ڕوو لە خودا کەم
تەرکی عەمەلی مەعسیەت و ڕەسمی جەفا کەم
خۆم مایلی داب و ڕەوشی ئەھلی فەنا کەم
سامن بە چ ڕوو، ڕوو لە دەری داری بەقا کەم
داماو و حەزین و خەجڵی ڕۆژی جەزا خۆم
گەھ مایلی حیرس و تەمەع و بوغز و عەداوەت
گەھ عاشقی بەزم و تەرەبی ئەھلی شەقاوەت
گەھ تالیبی ڕیشوەی عەبەس و پووچ و قەزاوەت
پۆشیویە ھەموو لەوحی دڵم گەردی قەساوەت
بۆ حوسنی ڕەوەش بێ ھونەری سیدق و سەفا خۆم
موسریف ڕەوش و غافڵ و بێ زوھد و قەناعەت
پێچامەوە دێوانە سیفەت سەر لە ئیتاعەت
ھەنگامی غەم و زەلزەلە و گەردشی ساعەت
بێ تۆشەیی ئەعمال و بەبێ نەقد و بیزاعەت
بێ مەعریفەت و ڕوشد و بەبێ نوور و زیا خۆم
پەیوەستە لەگەڵ غەیبەتە ئەورادی زوبانم
بۆ بابی نەزەر شاھی نەزەربازی جیھانم
سەرپاکی پڕوپووچە مەقالات و بەیانم
من موستەحەقی سەرزەنشی پیر و جوانم
بێ حورمەت و بێ عیززەت و بێ قەدر و بەھا خۆم
عالەم کەسەف ئارایە لە ھەنگامی حیسابا
ئەعمالی خەلایق ڕوخی زەردە لە حیجابا
مەسئوولە ھەموو کەس لە گوناھ و لە سەوابا
ئەو ڕۆژە منم مات و خەجاڵەت لە جەوابا
گیرۆدەیی داوی عەمەلی قوبح و بەڵا خۆم
ناگەم لە تەریقی ھونەرا قەت بە نیزامی
یاخود لە سلوکا بە دەری دەوڵەتی جامی
دوورم لە خەزێنەی کەرەمی مورشیدی شامی
بێ بەخشش و فەیزی نەزەری شاھی حیسامی
بێ پرتەوی ئەنواری عەزیزانی سەفا خۆم
ناگەم لە ئەدەبدا، بە سەفی پاکی موریدان
یاخۆ لە وەفادا، بە وەفاداری سەعیدان
مەھجوری سەفی خوانی سەخای شاھی شەھیدان
بێ بەھرە لە خاسانی خودا و ڕوو لە پەلیدان
بێ خێر و پەڕاگەندە و موحتاج و گەدا خۆم
ناری بە ھەدەر ڕۆیوە ئەوقاتی حەیاتی
عەنقا سیفەتە ئایەت و ئاساری نەجاتی
نوقسانە بە تەرزی خیرەدی سەوم و سەلاتی
وا چاکە بڵێ تاکوو دەمی ڕۆژی مەماتی
مەحروومی وەزیفە و سونەنی فەخری وەڕا خۆم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ناری. «دیوانی ناری/م/بۆ نەفسی خەتا چوو بە عەبەس غەرقی خەتا خۆم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.