شاعیر: ناری (١٨٧٤-١٩٤٤)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن 
{literal} {/literal}
ئەی شەھەنشاھی شکۆھی عیززەتی ڕوویی زەمین
مەدح و ستایشی پێغەمبەر
ئەی شەھەنشاھی شکۆھی عیززەتی ڕوویی زەمین
گەوھەری تاجی ڕیسالەت، شەمسی بورجی مورسەلین
زینەتی نووری نبووەت، تاجداری موڵکی دین
مەتلەعی سوبحی سەعادەت، مەزھەری سیدق و یەقین
ئەی سوپاسالاری فەوجی ئەنبیا و موڕسەلین
ئەی شەوی ئەسرا مەلەک خوڕڕەم لە بۆ ئاھەنگی تۆ
عەرش و کورسی بوو بە تەخت و مەسنەدی ئەوڕەنگی تۆ
گوڵشەنی جەننەت خەجاڵەت ما لە جیلوەی ڕەنگی تۆ
بۆ نەوازش زاتی حەق ھەم سوحبەت و ھەم دەنگی تۆ
شاھیدی تەعزیمی تۆ بوو، شاتری روح الأمين
پڕتەوی بەدری جەماڵت، شەمعی جەمعی ئەنبیا
زینەتی حوسنی کەماڵت سۆزی شەوقی ئەولیا
گەردی نەعلەینت بەڵێ ڕەونەق شکێنی تووتیا
میشکی تۆزی دامەنت عەتری دەماغی ئەتقیا
یەعنی بۆ تەئسیری بینش عەینی سورمەی خاکبین
من گەدا و بێ نەوا، تۆش خاوەنی گەنج و کەریم
من نەخۆش و بێ دەوا، ھەر تۆی دەوا بەخش و حەکیم
چی لە ھەنگامی جەزا کەم، بێ ھەوا خواھ و نەدیم
ڕوو لە کوێ کەم غەیری تۆ، ئەی شافعی زومرەی ئەسیم
من گوناھبار و خەجاڵەت، تۆ شفيع المذنبين
با بکەم شیوەن لە داخی باخی عومری بێ سەمەر
دەستەئەژنۆ دابنیشم وەک ھەتیوی بێ پدەر
با بە ئەشکی دیدە تەڕ کەم خاک و خۆڵی ڕاگوزەر
خۆ لە قوڕ بگرم بە جارێ ھەر لە پێ تا تەوقی سەر
بەڵکی لوتفی شاھی لەولاک بێ نەجاتم دا لە شین
شەرمەزار و سەرفگەندە و غافڵ و دێوانە خۆم
بێ شوعاعی مەعریفەت، بێ نوور و بێ پەروانە خۆم
ئەی بە ڕیسوایی لە کووچەی شاردا ئەفسانە خۆم
موستەحەققی تیر و تانەی ئاشنا و بێگانە خۆم
واجیبی ڕەحمم بە سێ يا رحمتً للعالَمين
بوردەباری دەستی نەفسی کافری ئەممارە خۆم
بێ زەخیرە و زادی ڕێگەی ئاخیرەت بێچارە خۆم
ڕووت و قووتی مەحشەر و بێ سایە و ئاوارە خۆم
دەستە پاچە و ڕوو سیاھ و عاجز و بێکارە خۆم
بێ بە فریادم لەوێدا يا دليل المجرمين!
من کە مەشھوورم بە مەحکووم و موتیعی نەفسی شووم
کەی بە ئوممێد و خەیاڵی ئیعتیبار و ئابڕووم
قەت لە خەرمانی ئیتاعەت یەک قەدەم پێشۆ نەچووم
ئێستە من قانع بە خۆشەی ئایەتی لاتقنطوام
مەزرەعەی عەفوی خودا نابێ ببێ بێ خۆشەچین
بێ نەسیبی کەعبەتوڵڵا و تەوافی خاکی خۆم
دوور و بێ بەھرەی مەدینەی خاکی عەنبەرناکی خۆم
ئەی ئەسەف مەحروومی زومرەی حەزرەتی لەولاکی خۆم
حەسرەتا مەحروومی شەھدی زیارەتی شەبباکی خۆم
بۆ نەڕێژم ئەشکی ئاڵ و ئاوی گەرم و ئاتەشین؟
گەر سەگی دوای فەوجی خاسانی خوایی کەوتووە
یانی دەرباری دەری ئەسحابی کەھفی گرتووە
ئەو لە جەننەتدا موقیم و من لە دۆزەخدا بووە
ئەی حەبیبی خالیقی عالەم تەرەححوم تا زووە
ئەو سەگی ئەسحابی کەھف و من سەگێکی تابیعین!
ناریا ئامادە بە نزدیکە ھەنگامی سەفەر
مەنزڵت دوور و درێژ و چۆڵە ڕێگەت پڕ خەتەر
تا بەکەی غەفڵەت نشینی خاکی، ئەی خاکت بەسەر
ڕوو لە ڕەوزەی موستەفا کە بێژە يا خير البشر
نیمە توێشەی ڕێگەجوز ئیخلاسی ئالی تاھیرین
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ناری. «دیوانی ناری/ن/ئەی شەھەنشاھی شکۆھی عیززەتی ڕوویی زەمین». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.