شاعیر: ویساڵی (١٩٠٢-١٩٧٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن فعولن 
{literal} {/literal}
جیھان بووکێکە موھریشی جەفایە
جیھان بووکێکە موھریشی جەفایە
بە غایەت حیلەباز و بێوەفایە
ھەموو عالەم دەزانێ بێ بەقایە
دەزانێ وایە دەشڵێ ئاشنایە
تەماشا قەول و فیعلی ناموافیق
بە ئەمری پادشاھی حەییی بێچوون
شەھی ئیسلام و کافر و ھەرچی بوون
لە گەنج و موڵکی دنیا بێبەری بوون
چ نەمروود و ج فیرعەون و چ قاروون
لەگەڵ گورگی زەمانە موتتەفیق بوون
لە گەڵ تۆمە جیھانی بێ بن و سەر
لەگەڵ مادوون و لۆتی بووی بە ھەمسەر
خۆیان پیاداوی کیھتەر، تاکوو میھتەر
کەیوومەرس و جەم و دارا و ئەسکەندەر
ھەموویان مێردی تۆ بوون کۆنە ماکەر
برا پیر بووی، بەسەرچوو عومری لاوی
بەسە تا کەی پەرێشان و بڵاوی
دەمی ئاخر ئەزانی بەشبڕاوی
قەفەس دنیایە، ئێمەش کەو لە ناوی
بەدەس خۆمان نەبوو کەوتینە داوی
نەماوە ڕاحەت و ئارامی جانم
چەماوی دەستی جەوری زەمانم
بەدائیم چون لە مردن بێ ئەمانم
بە دانە و ئاوی خۆش دڵ نیم ئەزانم
وەکوو ئەمسالەکان ئەمکا قوڕاوی
مەکە باوەڕ بە وەزعی چەرخی دەوران
جەم و ئەسکەندەر و دارا و سولەیمان
بە یەک زەربە ھەمووی کردن پەرێشان
برا دنیا وەکوو بووکێکە خەندان
تەڕ و تازە و جوان و شۆخ و ئەلوان
دەمێ شادت ئەکا دنیا بە کەیفی
لەناکاو ئەتکوژێ ئاخر بە سەیفی
کە نەیگرت تاکوو سەر ئیکرامی زەیفی
وەلی مەعلوومە زاواکوژە حەیفی
لە سینەیدا بە سەد کیسرایی و خاقان
لەبۆ دنیا خەلایق وەک ھەلووکە
ھەزاری کوشت ئەم دنیایە چرووکە
ئەوێستاش ھەر خەریکی نووکە نووکە
لە پێش چاومان زەمانە مسیلی بووکە
سپی و سوور و مولەووەن وەک گوڵووکە
لەبۆ باغی دیانەت عیلمە پەرژین
بەبێ عیلم و عەمەل قەت نابێ تەئمین
خەریکی مەعریفەت بەو کەسب و زانین
چرایێکە عیلم، بێ نەوت و بەنزین
ئەکا ھۆدەی دڵت ڕووناک و ڕەنگین
عیلم دوڕڕە، عەجەب ساحێب جەلایە
کە عیلمت بوو دڵت ساحێب سەفایە
عیلم ئەسبابی عیرفان و حەیایە
دەوامی ھێندە زۆرە ئەو چرایە
ھەزار ساڵیش ئەبێ شوعلەی لەدوو ژین
ڕەفیق بە بۆ کەسێ عالی نەژادە
لەگەڵ جەھلا ھەموو عومرت بە بادە
کە عیلمت بوو دڵت مەسروور و شادە
ھەتا خەرجی بکەی دەخڵت زیادە
عەجەب گەنجێکە نابینم زەوالی
دەخیلە فرسەتە مەردانە ھەستن
ھەتا کەی غافڵ و بێھۆش و سستن
بە یەک دەفعە ھەموو دنیاپەرستن
ئەوانەی ژووردەست و ژێردەستن
لە عەشقی بووکی ئەم دنیایە مەستن
موعانید ھەر کەسێ بوو مەیدوێنن
ئەوی دوژمن ئازا بیمرێنن
مەبادا وابزانن ھەر ئەمێنن
خەریک بن، جوملە تەنھا بیستێنن
لە تاوا نییە پەلی یەکدی دەبەستن
ئەگەر غەیرەت ببوایە و نووری عیرفان
ھەموو یەک دڵ ئەبوون، یە ک زات و یەک جان
نەی ئەتوانی عەدوو گەر بێتە مەیدان
ئەگەر پشدەر میسالی جاری جاران
ڕەئیسێکی ئەبوو بێ فەرق و نێوان
لە ھەر لا دەنگی تار و ڕوباب بوو
دڵیش مایل بە مەیخانە و شەراب بوو
لە دنیایی دەنی عالەم غوباب بوو
لە ھەر جێگا دوو کەس شاب و خراب بوو
لەنێو کوردان ھەزاریش پادشایە
جیھان بووکێکی بێ شەرم و شکۆیە
عەجایب سیحرباز و حیلەجۆیە
مەخۆ تەفرە لەبۆی ساحێب درۆیە
تەمەع زاڵێکە بەتنی پڕ درۆیە
کە مارەی کەی درۆ ئەولادی تۆیە
نەچی دەرچی لە ڕەسمی حاتەمییەت
مەپۆشە قەت لیباسی ماتەمییەت
مەبە خاریج لە لیسەی عالەمییەت
نەبی غافڵ لە پیشەی ئادەمییەت
نەکەی تەعلیمی نادانی وەکوو جاف
بەبێ زانین ھەموو کارت ھەبایە
بەبێ عیرفان دەروونت بێ سەفایە
کە جاھیل بی وجوودت بێ بەھایە
بەزایع دانی ئەوقاتت خەتایە
نەکەی تەنپەروەری بۆ جان، جەفایە
ھەتا دونیا بە چاکی سەوز و شینە
لەسەر ڕێی مەسڵەحەت پێی خۆت ببینە
کە ڕیسوا بووی ژیانت وەک نەژینە
برا، ئەرزی خودا پان و بەرینە
فەقیر و شا لەنێویا خۆشەچینە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ویساڵی. «دیوانی ویساڵی/ە/جیھان بووکێکە موھریشی جەفایە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.