شاعیر: ویساڵی (١٩٠٢-١٩٧٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلن مفعولُ مفاعیلن 
{literal} {/literal}
دوێشەوێ لە مەیکەدە شاھید بە ڕوویی نازەوە
دوێشەوێ لە مەیکەدە شاھید بە ڕوویی نازەوە
ھاتبوە بەزمی عاشقان بە سەد ڕمووز و ڕازەوە
ئامادە بوو موتریب لەوێ بە تار و چەنگ و سازەوە
ساقیش بە جام و بادەوە، بە غەمزە و فەخر و نازەوە
گەدا بوو پادشا لەوێ، بە سەد ھەزار ئەیازەوە
عەجەب شەوێ بوو ئەو شەوە جام بلوورینی دەم بە دەم
دائیر بوو دائیم پڕ لە مەی، مانەندی دەوری بەزمی جەم
جۆش ھاتبوو بە ناری عەشق کوورەی دڵی ئەھلی کەرەم
لەم دەوری پڕ عەدالەتە نەمابوو زوڵم و جەور و غەم
ڕەقیب خەریک بوو شەق بەرێ بە ڕەنگی وەک بەرازەوە
بەڵێ زۆر خۆش بوو ئەو دەمە سەیری گوڵستان و چەمەن
ڕەنگین بوو سارا بە گوڵی مینا و لالە و سەمەن
ئاوازی قومری و عەندەلیب خۆش بوو لە گوێچکەی ئەنجوومەن
ھەر کەس باوەشی گرتبوو شیرین حەبیبەی گوڵبەدەن
منیش ئەمڕوانی بۆ دڵبەر کە بێ لە ڕێی نیازەوە
کە دیم لە وەختی سوبحدەم شۆخێ بە دوو شەمامەوە
سەلامی کرد و ھاتە پێش قەدەم قەدەم بە لامەوە
لەبانی نایە سەر لەبم بە ناز و ئیبتیسامەوە
لە خۆشییا ھۆشم نەما، حەیاتی خستە قامەوە
بۆ قەتڵی عاشق ھاتبوو بە شەمعی جانگودازەوە
ڕامان بوارد ئەو شەوە بە دەنگی جەنگ و ئای و نەی
----------
من مەستی لەعلی ساقیی و شاھید خەمۆشی جامە مەی
لە فەیزی جام و بادەوە بووبووین بە شاھی موڵکی ڕەی
دنیا لە ڕەغمی موددەعی خۆشە بە عەیش و نازەوە
حەمدەن زەمانی عوشرەتە ڕۆیی بەجارێ ھەوری غەم
سارێژ بوو زامی تیغی غەم، نەماوە ھیچ دەرد و ستەم
حەدیقە جوان و خۆش ھەوا ھەروەک گوڵستانی ئیرەم
مەیخانە ساز و پڕ نەوا لە دەنگی سازو زیر و بەم
بە جامی زەڕ بە من ئەدا ساقی بە عیشوە و نازەوە
ئەی نەونیھالی مەستی جەم، ئەی یاری گوڵعوزاری من
ئەی سەرووی باغی گوڵ بە دەم، ئەی شۆخی نازداری من
ئەی شەمعی عاشقان بە جەم، ئەی نووری چاوی تاری من
ئەی دافعی دەرد و ئەلەم، ئەی غونچەی سەوزاری من
ھێنای بەھاری عاشقان بە ڕەنگ و بۆیی تازەوە
بە لەنجە چون کەبوتەری، لە شێوەدا وەکوو پەری
مەوزوونە سەروی قامەتت، مانەندی تەبعی ئەنوەری
حەیاتی جاویدان ئەدەی بە لێو کە عەینی کەوسەری
کردت بە ڕۆژ دەیجووری شەو، بە ڕوو وەک شەمسی ئەنوەری
تەسدیقە دەعوای یووسفیت بە جووتێ چاوی بازەوە
سوبحی فەرەح تلووعی کرد ڕەقیب خەریکی ھیجرەتە
عوسرەت بەجارێ باری کرد، ڕۆژی ویسال و عوشرەتە
ڕۆیی زستانی حوزن و غەم بەھاری عەیش و لەززەتە
موژدە ویساڵی، مەیکەدە، ئیمڕۆ میسالی حەننەتە
مەعشووقە ڕووی لە ڕەحمەتە، لە لوتفی بێ نیازەوە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ویساڵی. «دیوانی ویساڵی/ە/دوێشەوێ لە مەیکەدە شاھید بە ڕوویی نازەوە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.