شاعیر: ویساڵی (١٩٠٢-١٩٧٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
ساقی وەرە مەیخانە و مەی تێکە درەنگە
پێنج خشتەکی لەسەر شیعری تاهیربەگی جاف
ساقی وەرە مەیخانە و مەی تێکە درەنگە
لەم بەزمە تەماشاکە کە وەک بەزمی پەشەنگە
ئەو ئەبرۆ و موژگانە وەکوو تیغ و خەدەنگە
ئەی پەڕتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی ھەمە ڕەنگە
خاڵت بە مەسەل ... زولفی سیاھت، شەوەزەنگە
ئەی سەروی چەمەن، قەدد و میانت بە مەسەل موو
ئەی ڕوویی تۆ ئەفلاک و جەبین میھر و مەھ ئەبروو
تا چەند لە عوششاق دەبی نافەڕ و بەدخوو
---------- ساقی مەیی فەرموو
دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە
گێسوویی تۆ وەک عەنبەر و فیردەوسە کەنارت
گۆنای تۆ وەک مەجمەر و چون عوودە عوزارت
دڵ مورغی پڕ ئازارە لەبۆ غونچەیی زارت
سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت
گرد و شلک و نازک و پڕ چنگ و قەشەنگە
سەیری کە زەنخدانی چ شیرینە بە کاڵی
مەحجووبە لە پێش کانی دەم و دورجی لوئالی
کردوویە دڵم خەستە و ئاشوفتەیە حاڵی
لێوت کە وەکوو لەعلی بەدەخشانە بە ئاڵی
ڕەنجووری مەکە بەینی دەھان غونچەیی تەنگە
ئەو ڕۆژە لەگەڵ عەشقی تۆ من بوومە برادەر
غەم ھات و فەرەح ڕۆیی دەروون بوو بە سەماوەر
گرتوویە شەھی حوسنی تۆ ئەم موڵکە سەراسەر
تابووری موژانت لە گەڵ ئەگریجە بەرابەر
وێستاوە دەڵێی عەسکەری ژاپۆن و فەرەنگە
خورشیدی ڕوخت زینەتی دنیایە وەلاکین
سینەت بە مەسەل ڕۆزەیی گوڵھایە وەلاکین
ئەقداحی لەبت شیشەیی سەھبایە وەلاکین
چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵھایە وەلاکین
بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی بە جەنگە
بۆ لەعلی لەبی تۆ بوو، کە وامیق بوو پەرێشان
نەک ھەر منی بێچارە کە بووم والە و حەیران
یەک دەفعە تەماشا کە تۆ ئەی شاھیدی کەنعان
جیسم و دڵەکەم خەستە و خوێنینە بە قوربان
کوژراوی موژەی تۆیە نە کوژراوی خەدەنگە
ڕەحمێ بکە ئەی گوڵ بە دڵی بولبولی ناشاد
کاشانەیی ئەحزانی غەریبان بکە ئاباد
بڕوانە کە خەرمانی ئومێدم بووە بەرباد
غەڵتانی دمی حەسرەتی عەشقم وەکوو فەرھاد
کێوە بەدەن و سینەیی و سەرپەنجە قوڵنگە
مەجنوون و سەراسیمە و ئوفتادە و بێ ڕێم
بەو وەعدە کە ئەو دایی و وتی بمرە ئەمن دێم
زینھار کە ئەو یارە دڵ ئازوردە بووە لێم
دووچارە بە جەنگ تالیبە، من مایلی سوڵحم
گەر سوڵحە وەگەر جەنگە دەسا فەرموو درەنگە
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ویساڵی. «دیوانی ویساڵی/ە/ساقی وەرە مەیخانە و مەی تێکە درەنگە». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.