شاعیر: وەفایی (١٨٤٤-١٩٠٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفعولُ مفاعیلُ مفاعیلُ فعولن 
{literal} {/literal}
فەرمووتە کە من پادشەھی حوسنی دڵارام
فەرمووتە کە من پادشەھی حوسنی دڵارام
خورشید و مەھن ئایینەداری ڕوخی زیبام
فیردەوسە جەمالم بە نیھالی قەدی تووبام
یەعنی بە دوو لەب ساحەبی ئیعجازی مەسیحام
ماچێکی دەمم کافییە بۆ کوشتەیی باڵام
فنجانی دەمت ساغەرە یا قووتی ڕەوانە؟
وەک نەشئی حەیاتی دڵە یاقووتی ڕەوانە!
ئەو چاوە تەبیب و بەڵەدی دەردی دڵانە
عیللەت چییە بۆ من کە حەکیمێکی نەزانە؟
جێی نەشتەری وی ئاگری بەردا دڵ و سووتام
ئەگریجە و پەرچەم مەدەدی نێرگسی کاڵن
فەوجی حەبەشن، لەشکری سوڵتانی جەماڵن
ئارایشی ڕوو و ڕەونەقی باغی خەت و خاڵن
ھەر یێکە لەلایێ بە ئومێدی سەر و ماڵن
بەو داوی ئەوی بەستەیە خۆم و دڵی شەیدام
من سایلی ئاشوفتەگیی زولفی دوتا بووم
تێک چوو کە ئەمن عەنبەری تەڕ، میشکی خەتا بووم
من ھەم نەفەس و ھەمدەمی شازادە و شا بووم
تا دیم گوڵی تۆ عاشقی ئەندامی بەڵا بووم
سەرگەشتە ئەوێستا کە لە دووی گوڵبونی باڵام
ئەبرۆ و جەبین و ڕوخی بێ شیبھ و میسالن
تێکەڵ بە گوڵ و یاسەمەن و غەرقی لوئالن
بۆ موڵکی جەماڵی کە شەھەنشاھی جەلالن
یا شەمس و قەمەر، قەوس و قەزەح، بەدر و ھیلالن
وا جوملە ھەڵاتوون لە گەریبانی گوڵەندام
خەت ھاتووە دەوری لەب و ڕووی داوە لە سەردا
یاخۆ حەبەشی فایەقە داغی لە جگەر دا؟
گوڵزاری دەمی پوستە و باغی گوڵی بەردا
یا لەشکری کێشاوە بە زێی شیر و شەکەردا؟
شەڕیانە لەسەر کەعبەیی ڕوو کافر و ئیسلام
ئەی میشکی خەتایی خەت و خەت جەوھەری کوڵمت
ئەی سونبولی تەڕ دووکەڵی سەر مەجمەری کوڵمت
سووتاوە وەفایی لە ھەوای ئاگری کوڵمت
سا ئەو دەمە وا بێنە ئەتۆ بی و سەری کوڵمت
غەیری ئەوە –بیللا– نییە لەو لێوە تەمەننام
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
وەفایی. «دیوانی وەفایی/م/فەرمووتە کە من پادشەھی حوسنی دڵارام». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٢/١٢.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.