شاعیر: شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی ئازاد
«دەربەندی پەپوولە/I» خوێندنەوەی: «شێرکۆ بێکەس» (بەرھەمی 1992)
I

دڵۆپ، دڵۆپ باران: گوڵ ئەنووسێتەوە و
نمەنمەیش چاوانم تۆ!
چ ساڵاوێکی نامۆیی و چ ژانێکی بەخشندەیە
وا لەسەرخۆ
بەرد بە بەردی
کێوی سەرم ئەپشکوێنن
لق بە لق و چڵ بە چڵی
دەست و پەنجەی وشکەڵاتووم
شین ئەکەن و وەک باویلکە
ئەمدەن بە دەم باڕێزەکەی ئەوینتەوە و
لە شەختەبەندانی گیانتا: ئەمڕسکێنن.

گڤە، گڤە «با» پێدەشتت ئەخوێنێتەوە و
نەفەس نەفەس ھەناسەیشم: باڵاکەی تۆ
چ گەردەلوولێکی سەوزە و
چ ئەسپێکی ئەفسانەیی باڵدارە وا
لەم کۆتایی دنیایەوە
بە پڕتاو دێ و ھەڵم ئەگرێ و ئەمفڕێنێ و
دوور دوور ئەمبا
بەرەو ھۆبەی ئارانی تۆ.

کلوو، کلوو بەفر گوێ بۆ چیا ڕائەدێرێ و
وشە وشەیش ھۆنراوەی من بۆ سۆزی تۆ
چ بەفرانبارێکی زەردە و
چ کڕێوەی حیکایەتێ بەم ناوەختە و
لە ئاویلکەی ئەم ڕۆژەدا
وەک عەشقەکەی برایمۆک
پێدەشت پێدەشت و کۆ بە کۆ
بەڕێگەی مەرگی سپیدا
ئەمخاتە ڕێ بەرەو لای تۆ

***
سەفەرە

سەفەرە
سەفەر.
سەفەری ئازاری زگماک و سەفەری
درەختی بێ داڵدە و بێرێتەی زامانی گەڕیدە و
تەدارەک ڕێک ئەخەم!
ساواقە
ساواقە
ساواق!
ساواقی ساڵانەی بەھاری بێوڵەت
ساواقی بورجی مارت.
شەپۆڕی باھۆزە و شیوەنی گوڵانە و
تەدارەک ڕێک ئەخەم
تەدارەک: لە ئەسپی کەللەسەر گڕگرتووی ڕەوەندم
ئەو وەختەی ژان لەسەر بەرد ئەڕوێ.
تەدارەک لە حیلەی برووسکەی ئەم ھەورە سوورانە
ئەو دەمەی کە باران شیعرێکی سەوزتر ئەنووسێ..
لە جوانووی ئەم خەمە بزێوە سپیانە
ئەو وەختەی کە لانکە و بنچک و
دەوەنیش غار ئەکەن.
تەدارەک لە تەختی کەژاوەی زریکەی فەریادی
ئەم ھەموو فریشتە ڕەندانە
ئەو وەختەی خوا ئەوقە و
مردنیش سەرسامە!
لە گوارە و پڵپڵە و سڵسڵەی زایەڵەم
ئەو دەمەی کە شایی گریانە.
تەدارەک لە تارای ئەم شیعرە و
گەردانەی ئەم تەمە
ئەو وەختەی کە مەرگم بووکمە و
کە ژەھریش شاباشی جیھانە!

ئێوارە.. دوای بانگی برینتان من ئەگەم.. ئێوارە.
ئێوارە.. دوای شێوی گریاوتان لاتانم.. ئێوارە.
کە ھاتم
مۆمێکم لە قوللەی حەزرەتی نالیدا بۆ ھەڵکەن
با ملی دارێ بێ
یان پەنجەی نێرگزێ
یان قژی وەنەوشە.
زامێکم لە دوندی «کەکۆن»ی حاجیدا بۆ پێکەن
با سەری بڕڕاوی شیعرێ بێ
یان مەمکی «وەسانان»
یان باڵای ھەڵەبجە.
دوای بانگی برینتان من ئەگەم
کە ھاتم
لە بەردەم دەروازەی ھەناسەی ساردتانا
تاقێکم بۆ لێدەن
شیاوی شای خەم بێ و ئەم تاجی غوربەتە
شیاوی ڕیشەکەی خەندان و
شیاوی ھەیبەتی جەلادەت.
تاقێکم بۆ لێدەن:
بەخونچەی ئەو ھەموو فرمێسکەی ھەتانە.
بە گەڵای ئەو ھەموو ئاخانەی لاتانە.
بە ژاڵەی ئەو ھەموو کسپانەی پێتانە.
تاقێکم بۆ لێدەن
بە نەخشی باڵندەی ئەو قوڕە سوورانەی ھەتانە و
لە گڵکۆی ئازیزان بە ئاوی نێو نیگا شێلاتان.
تاقێکم بۆ لێدەن
بە خشتی ئازاری چوارگۆشەی
ئەو ھەموو پرسانەی دایئەنێن.
تاقێ بێ لە شێوەی مێزەری «مەولەوی»
تۆزێ قووچ.
تاقێ بێ وەک پشتی کۆماوەی
خەڵوەتی مەولانە

تاکوو دێم، ئەو گوڵە سپیانە مەنێژن
بوەستن! بەلانکەی مێژوویان مەسپێرن
با لەسەر سەوزەگیای لەشی ھەرد
لەسەر پشت پاڵکەون
با لەسەر باسکی ئاو ڕاکشێن.
با لەسەر شانی «با» ھەڵکوڕمێن.
ئاسمانی چاویشیان دامەخەن
ھیچ پەڵە ھەورێکی سەرشاخیان
پیا مەدەن، ھەتا دێم
مەیکەنە تارومار
خۆزگەمە بۆ دواجار
تەماشام بە پرژەی گوڵاویان تەڕ بکەم.
خۆزگەمە بۆ دواجار
شنەیان بگرمە باوەشم.
یەک بە یەک دەم خەمە ناو دەمی حەسرەتیان
ناکامیی سینەیان ھەڵمژم
وەک دایک و
باران و
شەمامە
بۆنیان کەم.
یەک بە یەک دەست بێنم
بە تیشک و تیرێژی قژیاندا و
موو بە موو ماچیان کەم.
تاکوو دێم، ئەو «مانگ»ە زەردانە مەنێژن
بوەستن! ھەتاکوو تریفەی غەریبیی خۆم دێنم
ڕاوەستن! ھەتاکوو ئەگەم و
خەرمانەی ھەڵبەستم
ئەکەمە پشتێنی ناو قەدیان.
خۆزگەمە بۆ دواجار
دەست کەمە قەڵبەزەی گەردنی ھەموویان
یەک بە یەک خەمانیان ڕاژەنم
یەک بە یەک بە بەژنی دارلیمۆی ژەھراویی
مارتیاندا ھەڵزنێم
یەک بە یەک سەرخەمە ناو سنگ و بەرۆکی بەفرینیان
یەک بە یەک کڕنووشیان بۆ بەرم
یەک بە یەک فوو بکەم
بە کونی زامیاندا و
شمشاڵی باڵایان لێبدەم:
«حەیران.. حەیرانە.. ئەوە «سەحەر»ە
ئەوە چاوی ھەڵوەریوی سەحەرە.
ئەوە خەزانی باڵای سەحەرە.
ئەوە دەنکە ملوانکەی خەونەکانی سەحەرە.
ئەوە دەست و ئەوە پەنجە و ئەوە مەمکی
بەجێماوی سەحەرە.
ئەوە قیژەی ڕواوی سەحەرە
ئەوە خۆڵەمێشی ماڵە بابی سەحەرە
حەیران حەیرانە و
خەنەبەندانە و
ئامان ئامانە و
باڵاڕێزانە..»

لاوەکە! تەماشا!
ئەم مێرگی غوربەتە ئازاری چەند سەوزە
چەند تەڕ و پاراوە ئالووزی گوڵ گوڵیی
ئەم مێژووی وڵاتی حەسرەتە.
لاوەکە! بڕوانە!

دوندی ئاخ لە سینەی بوولێڵی ئێمەدا
ھەڵکشاو، سەر بە گوڵ، چەند بەرزە
ئاوڕێ.. تەماشا!
سەقەمی کۆچنامەی دڵداران
لە گیانی عاشقدا: گڕەیە.
گینگڵیان: ئارام و
وێڵ بوونیان: ڕێگەیە.
تەماشا! ڕیزە ژان
زنجیرە سەماکی کۆتەڵمان
یەک بە یەک چۆن بەسەر پێدەشتی
سۆزماندا
ئەڕوانن!
بڕوانە! سووتانیان: سەمایە و فڕینە و
پەل و پۆی گریانیان: شۆڕابەی بەستەیە.
ئەوەیان: فەنەری گەردنی نالییە لە شەوی
بسفۆردا ئەسووتێ و جەستەی ئاو ئاڵ ئەکات.
بە باڵای قەسیدە قوڵایی ئەپێوێ و لە بنی گێژاودا
چارۆگەی خەیاڵی ھەڵئەدا. لە سامی گێژەندا و
لەوێدا بۆ ساتێ پەیتووکەی گومانی ئەسرەوێ. لەوێدا
ئەم گەرای ڕەنگاڵە بۆ ماسیی باڵداری شیعری خۆی
دائەنێ. لەوێدا ئەم خەونی زەرد و سوور بە چاوی
خاکەوە ئەبێنی. ئەخنکێ و ناخنکێ و لەوێدا دەست ئەبا و
مرواریی دڵی خوا دەردێنێ. ئەخنکێ و ناخنکێ و
لەوێدا ئەم تۆوی ھەتاو و ھۆنراوە ئەچێنێ. ھەر خۆی و
گەمیەکەی. ھەر خۆی و سەفەری ئاوی ڕەش.
ھەر خۆی و سەوڵەکەی قەڵەمی و ھەر خۆی و خەمی
گەش. پێشەنگە و پێش ھۆرەی شەپۆلی بێ‌وڵات
کەوتووە. پێش وشەی سەرگەردان کەوتووە.
نامۆیی سەراپای تەڕ بووە.
بەلەمی بێ کەنار
تەنیایی ئەئاژوێ و
باخی ئاو
گوڵقژی حەبیبەی گرتووە.
بە پێلە تینویەتیی عەشقی ئەو، سەرئەکا!
بە شەوقە تاریکیی ڕێ و بانی وشەی ئەو، ڕێ ئەکا.
سەرپەڵە پایزەی ئەم کۆچەی
ڕواوی سەر بەردی ھەڵکەنراو
ھەڵاڵەی فرمێسکی گوێ زەڵمە و
گۆرانیی بەفرێکی شنروێی ھەڵقرچاو.
ئاڤزینی خولیاکەی ئەسپێکە سپی بۆر:
ئارامی: سمکۆڵە و
کوڕژنی: ھێوریی و
دوورێتیی: نزیک و
قیبلەکەی: خاک و خۆڵ

ئەستەمووڵ ئەیبێنی و نازانێ چ گۆمێ
وا لە ژێر کڵاوی ئەم پیاوە
ڕیش ڕەشەڕێحانە و بەفرەدا.
ھەموو ڕۆژ ئەیبینێ و نازانێ
چ بێشە و نزارێ وان لەناو
دەربەندی ئەو سینە تەنگەدا.
کۆتریی سەر قوببە و منارە ئەیبینن نازانن
چ باڵی فڕێنێ وا لە ناو ئاسمانی
ئەو گیانە شینەدا.
کەلەپۆی خۆرنشین ئەیبینێ و نازانێ
چ پشکۆ و ژیلەمۆ و ئاگرێ وان لەناو
ئاتەشگەی ئەم شیعرە ئاوارە و وێڵەدا.
باران و ڕەھێڵە ئەیگاتێ و نازانێ
چ ناڵە و چ ژان و ژمژیە و گرمەیەک
وان لەناو ئەو ھەوری دەروونە قووڵەدا
ھەژاران ئەیبینن نازانن
چ نووزەی نانێک و چ لاڵەی ئاوێک و
چ سەرمای تەمەنێ وان لە ناو
کوختەکەی ھەناوی
ئەم مامە پیرەدا!
عاشقان بەلایدا ئەڕۆن و نازانن
چ لەنجەی خەمێک و
چ کانیی نیگایەک
وان لەناو کازیوەی ئەو چاوە تیژەدا
ئەوەیشیان: مەولانەی ھەتاوی نیوەڕۆی شەوانە.
تاڤگەی بێدەنگیی دڵی خوا و کۆڵکێشی گریانە.
بە ھاوین بارانی ھیندستان لە چاویا دائەکا و بە زستان
لە ڕۆحیا قرچەقرچ «شارەزوور» سووتانە. ھەموو ڕۆژ
شەبەقی بەرەدای موریدی کاکۆڵ سەوز،
بە دزیی منارەی ئەمەویی شامەوە، لە دەفری
سۆزێکدا شەپۆلی نوورێکی یەزدانی ھەڵئەگرێ و
ئەیبا بۆ: سیروانی مەولانە.
شەوانە، شۆڕەبیی کەناری گۆمی خوا و
ڕۆژانە، نانێکی ناوچەوان سووتاوی ڕەنجدانە.
ئەم، بەڕووی شاخێکە ھەموو ڕۆژ بە پێی خۆی
ئەچێتە ناو ژووری پەنگر و کڵپەوە
ھەتاکوو بسووتێ و ھەڵقرچێ
پژوپۆی «وەجد»ەکەی چڕترە.
ئەم.. کێوی بەفرێکە خۆی بۆ خۆی
ئەچێتە بەردەمی خۆری ھەق
ھەتاکوو دڵۆپی توانەوەی زۆرتر بێ
ئەستێرکی ئەوینی ئاسمانی پڕترە.
شەوانە، تا دۆزەخ بۆ لەشی دابخا و
بپڕووکێ و ھەڵوەرێ و دووکەڵ کات
ڕۆژانە، بەرچاوی ئەم زامە ڕوونتر و
بەھەشتی گیانی ئەم شەنگترە.
مەولانەی سەمەندەر
ئەو قوڕەی لە مشکیی لەشی خۆی
بەردەوام ئەیشێلێ
ھەموو ڕۆژ ئەیکاتە گوڵدانێ
بۆ گوڵی عەشقی خوا و
لەتاقی پرشنگی ژوور سەردا دایئەنێ.

سێ وتەی پیرۆزی نێو ڕۆژژمێرێکی نەبینراوی مەولانە
یەکەم:
عاشقێ خرایە ئاگرەوە
بەڵام تا
گیانی پاک گەیشتە ئاسمان و دڵی خوا
ئەو بە ژێی بڵێسە بەردەوام
ھەر «تار»ی ئەوینی لێئەدا!
دووەم:
ئەتوانیت ڕوانینت بڕوێنی و سەوزیش بێ
بەو مەرجەی کە درەخت
ببێتە دڵدارت!
سێیەم:
دەرچوونم بۆ نەبوو
عەشقی تۆ دەوری دام
من ئیستا لە نەخشەی تازەتا
دوورگەی تۆم!

ئەوەیشیان: حاجییەکەی درەختی زەنگ بە دەست.
شمشاڵی لالێوی مێژووی شاخ. شەو و ڕۆژ
بە گوڵەحاجیلەی دیدەی خۆی، گڵۆنکەی کۆڵوانەی
یادێکی نارنجی بۆ کۆیە ئەچنێ و باڕژنی کاژۆلەی
مووڕەشی خەمیشی ھەر لەلای «کەکۆن» و لە دەوری
ڕەشماڵە. ئەم، شیعری کردووە بە ھەتوان.
بە کلیل. بە خەنجەر. ھونەری کردووە،
بە دەغڵ و بە بانگدان.
ئەم، وشە و گوڵاو و ھاوار و گزنگی ئاوێتەی
یەکتری کردووە. کردوونی بە شتێ نەبینراو. نەبیستراو.
بۆن نەکراو.
ئەم، شیعری کردۆتە پڵنگ و لەم بێشەی ترسەدا،
بە چڕنووک لە قەدی تاریکی ئەنووسێ.
ئەوەتا نیشتمان لە چاویا بریسکەی دڵۆپی
ئەلفوبێی بێئەنوا و بێماڵە.
نیشتمان لە «سەر»یا ھەر بەردەمۆرەکەی،
گیرفانی شوانێکی عاشقی خەجێیە. نیشتمان
لە دەنگیا خوێندنی کەوێک و تریقەی دوو کیژی
دیلانێی مابێنی دوو داری ناو دێیە.
نیشتمان لە گوێیدا زرنگەی پاوانەی
جوانێکی ئەوێیە!
بە بەردە ئەستیەکەی سەری خۆی ھەموو شەو
لە ھۆدەی گریاودا، یادێکی پەمەیی و شیعرێکی
زەردی خۆی پێکەوە ھەڵئەکات. ئاوی چاو
وەک ئاوی شەربەکەی حیجازی، ژەکێکە
ھەموو ڕۆژ غەریبیی ئەینۆشێ. ڕۆژانە لە حیجاز
ھەڵمێکە و شەوانە لە وڵات گۆمێکە و ئەیبەستێ.

لەوێڕا گەر سەری بەردێکی
چنارۆک بشکێنن،
لێرەڕا ئەم دەستی کسپەیەک
ھەڵئەبڕێ بۆ سەری.
لەوێڕا گەر چەوێ لە بینی کانییەک بگیرێ
لێرەڕا ئەم شیعری قرخەیەک ئەکات و
دەست ئەبا بۆ قوڕگی.
لەوێڕا گەر بەچکە ئاوازێ ھەڵفڕێ
لێرەڕا ئەم ئەبێ بە ئاسمان.
لەوێڕا گەر ئەوین
سەعاتی ژوانی دیاری کرد
لێرەڕا ئەم ئەبێ
بە دار و سێبەر و پەناگەی جێژوان.
لەوساوە، ئەوەتەی کە ڕیشی پەپوولە پایزەی
لە بنە تووتڕکی غەریبی ئاڵاوە
ئەوەتەی ئەستەمووڵ نسێیە و ھەتاوی نیشتمان
لەم شیعرەی نەداوە،
ئەوەتەی شەپۆلی ئەم ئاوە باڵ شینە فڕیوە
باخەکان بە دوایدا ئەگەڕێن.
ئەوەتەی ئەم ھەورە ڕۆیشتووە
شاخەکان بە دوایدا ئەگەڕێن.
ئەوەتەی ئەم ھەیبەت سوڵتانە کۆچەرە
کوردستان شپرزە و چاو لە ڕێ و ھەر ئەڵێ
ئاخۆ کەی ئەم خۆرەم دێتەوە؟!

پەندە شیعرێکی بڵاونەکراوەی حاجی
وەختی خۆی لە ئەستەمووڵ لە پیرە بەردێکی ڕیش سەوزم وەرگرت

ئەم بەردە گەر بازووی ئەوەندە ئەستوور و
دڵیشی ئەوەندە سەخت و ڕەق نەبوایە
تا ئیستا ڕەشەبا ھەزار جار تلاوتل بردبووی.
ئەو بەردەیش گەر دڵی زۆر ناسک نەبوایە
ئاخر چۆن بە تۆوی دەم «با»یەک
ئەقڵیشا سەرسنگی؟!

1991/01
ستۆکھۆڵم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێرکۆ بێکەس. «دەربەندی پەپوولە/I». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.