شاعیر: شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی ئازاد
«دەربەندی پەپوولە/III (بەشی ١)» خوێندنەوەی: «شێرکۆ بێکەس»
«دەربەندی پەپوولە/III (بەشی ٢)» خوێندنەوەی: «شێرکۆ بێکەس»
III

لە ئیستە بە دواوە من ئیتر: ھەڵەبجەم!
لە ئیستە بە دواوە من دەنکە فرمێسکی ھەناری
ئەو خەمە گەورەیەم.
لە ئیستە بە دواوە من باری ئەو سێوەم
کە ئیتر بار ناکرێ بۆ ئەوێ.
لە ئیستە بە دواوە من تاڵێ لە ڕیشی
ھۆرەکەی مەولەویم
لە ئیستە بە دواوە ئەو شەمی شەمانی
وڵاتمە و من وەلیم.

پێم بڵێن من چی بکەم بۆ ئەوەی گریانی کافوریی
ئەم زەڵمەم لووزەوی کەم نەکات؟
پێم بڵێن من چی بکەم بۆ ئەوەی ئەم جوانووە
سەرکەشەی ھەنیسکم ڕام نەبێت؟
دە بڵێن من چی بکەم، چی نەکەم؟ بۆ ئەوەی
خوا بێتە خوارەوە و ھیچ نەبێ بۆ تاوێ
لە پرسەی ئەم «مانگ»ە جوانەدا
لەگەڵمان دانیشێ؟!
پێم بڵێن من چی بکەم؟
پێم بڵێن من
پێم بڵێن!..
پێم..
- لەم دەشتەدا، چۆن وا لە پڕ ئەم بنجکی زریکانە
گوڵیان کرد و بوون بە چوالە؟!
لەم دەشتەدا، چۆن وا لەپڕ ئەم گۆرانییە وەریوانە
ڕوانەوە و بوون بە لالە؟!

ھەڵەبجە-ھەنگێکم ئەچمەوە ناو خەونی منداڵیم
یادگار ئەمژم:
«زەرد و سوور حەوت ساڵە خەیاڵم
ھاوینە و لەسەربان، نەمامم، پاڵ کەوتووم.
درەنگان خۆم ئەکەم بە شوانی ئەستێرە
فەرەنجیم تریفە و
تیزماڵکی ھەورێکیش گۆچانم.
مرواریی ئەستێرە ئەژمێرم
حەز ئەکەم، خۆزگەمە، ئەو گەشەی سەرپەڕیان
بۆ ناو چیغ داگرم
وەک تۆپە شینەکەم بیخەمە باخەڵم!
ھەڵەبجە ئەمخاتە سەرشانی بەرزی خۆی
قاچێکم ئەلەرزێ، خەریکم بکەوم
بە دەستی چەپ خێرا
توند قژی شنروێ ئەرگم و
دەستی ڕاست ھەڵئەبڕم،
- وەک بەڕۆژ چۆن ھەنار
ھەناری «باخی میر» ئەدزم -
ئەمشەویش ئاوەھا ئەستێرەی سەرلقی
ئەم باخی ساماڵە دائەگرم.
وا ئیستە لە چیغدا ئەستێرەم گرتۆتە باوەشم
لە دەنگی جریوە و جووکەی ئەو، باوکیشم ھەڵئەسێ
دەست ئەبا و ئەستێرە ھەڵئەگرێ
لە نێوان منداڵی و شیعردا دایئەنێ
لەم لاوە من ماچی ڕوومەتی زیوینیی ئەکەم و
باوکیشم لەو لاوە
شیعرێکی لەبەردا ئەنووسێ!»

١٦ی مارت –بەر لە نیوەشەوی ئەم ڕۆژە قرچۆکە
شازادە ھەوایەکی مۆدێرنیزمی شێت
ھەوایەکی دووڕەگ، لە نەسلی چەپ و ڕاستی
سیاسەتی ئەم دنیا بەستۆکە
ھەوایەکی کەتەی بەئۆکی لەخۆبایی
بۆنی دەم سیراویی،
کوت و پڕ ھات و کودەتایەکی زەردی
ئەلکترۆنیی بەرپا کرد.
دەستی بەسەر تەخت و بەختی ئاسماندا گرت.
بوو بە تاقە فەرمانڕەوای
ئەم مەملەکەتە بەرینەی بەھار.
ڕێ و بانەکانی ھەناسەی نێوان
ئاسمان و زەویی بەست.
تەواوی دەرگاکانی بەھەشتی کڵۆم کرد
بە دەنگی تێکەڵی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا
بەیاننامەی ژمارە یەکی خۆی خوێندەوە.
ھەر ئەوەندەی لەرینەوەی گەڵایەک و کەمتر،
ھەر ئەوەندەی ترووکەی چاوی ئاوێک و کەمتر،
ھەر ئەوەندەی نووزەی کارژۆلەیەک و کەمتر،
چی فریشتە و حۆری و پەری و باڵدار و بێ باڵ ھەبوو
کردنی بەمۆم بێ ئەوەی ھەڵیانوەرێنێ.
کردنی بە شووشە بێ ئەوەی بیانشکێنێ
لە کەنار ئاوی ڕەشی ئەم ڕۆژە کپەدا
پۆل پۆل کۆترەکان سپی ئەچوونەوە-
ھەر ئەوە بوو نەیانئەگماند.
لە مەزرا و پاوانە سەوزەکانی ئەم ڕۆژە گێژ و وێژەدا
ئەسپەکان ڕەوە ڕەوە پاڵ کەوتبوون
ھەر ئەوەبوو نەیانئەحیلاند.
لەبەردەم ئەم ھەوا شێتەدا
کێ ئەتوانێ بە پێوە بوەستێ؟
کێ دەستەوەستان نابێ؟
ھەر لە گاتاکانی زەردەشتەوە
تا سەرمایەی مارکس
تا شمشێرەکانی زولفەقار
ڕشانەوە و بڵقیان کرد و خپ بوون.
ئازایەتی، جوامێری، بیروباوەڕی ئاگرین
لە سەنگەرەکانی خۆیاندا مەیین
بێ ئەوەی فریای پەلەپیتکەی
تەقاندنی خۆیان بکەون!
بۆ ڕۆژی دوایی لە یەکە بە یەکەی کۆڵان و شەقامی
ئەم سنگە خنکاوەی مندا
لەنێو ماڵانی ئەم سییە داڕزیوانەی مندا
فڕان فڕانی پەراسۆکانم بوو.
فڕان فڕانی گۆرانییەکانم بوو.
منارەکان دار ئەلەکتریکی ملیان ھەڵئەکێشام.
ھەندێ دەستی خۆیشم پەنجەکانی خۆمیان ئەدزی.
سەیر بوو، ئەو ڕۆژەم قەت قەت لەبیرناچێ:
لە تاقە ڕاستەشەقامی ئەم لەشە ساردوسڕەدا
چاوی زەقم بڕیبووە پاسدارێکی ڕیش نوورانی
بەسەر منی ھەڵەبجەوە ئەگریا و
کەچی خێرا خێرایش دەستی ئەکرد بە گیرفانیدا و
لە دەنکە مێوژی گلێنەکانی سنە و سابڵاخی ئەخوارد
ئەمە حیکایەتی ١٦ی مارت بوو
ئەمە ھاواری خنکاوی ئەم سنگەم بوو.

-وەرچەرخا تاریکیم
ئەم شەوە شەوێکی جیاترە.
وەرچەرخا ڕووناکیم
ئەم خۆرە خۆرێکی جیاترە.

- لەم دێڕە بەو لاوە
ئاوەڕۆی وشەکان لە دەنگما ئەگۆڕم
لەم ڕەنگە بەو لاوە
بافڵی ڕەنگەکان لە چاوما ئەگۆڕم.
-فەرھەنگم تەنگە تەنگ، ھەڵتەقی
لە بەری ئەشکەنجە و ژواردا
چوارچێوەی ئەم لەشە پابەندەم
بۆ ڕۆحی ڕافزیم دەست نادا!
- ھەڵەبجەی حەللاجم چیت بینی؟!
- لەم بەری کەناری گیانمەوە:
بەھاری ڕمووزن.
گوڵی دڕ.
خۆری کوێر.
بەفری ڕەش.
«با»ی خنکاو.
ڕووباری زۆر زبر.
بارانی وشک و ڕەق.
گڕی سارد.
خوێنی زەرد.
ھاژەی کەڕ.
گرمەی لاڵ. چیم بینی؟!
کۆتری ڕق
غەدری ھەق
تاوانی فریشتە
منارەی جەردە و دز.
- ئەی لەو بەر کەناری گیانتەوە؟
- بڵێسەی خۆڵەمێش.
شۆڕشی مردووەکان.
لافاوی وشکانی.
ھاواری بێ دەنگی.
پڕشنگی تاریکی.
ھیوای نائومێدی.
سەوزایی تینویەتی.
تێرێتی برسێتی و
فڕینی کێوانم من بینی!
-لەم دێڕە بەو لاوە ئاوەڕۆی وشەکان
لە دەنگما ئەگۆڕم.
لەم ڕەنگە بەو لاوە بافڵی ڕەنگەکان
لە چاوما ئەگۆڕم.

***
ھەنووکە دارسێوی شیعرێکم کۆچەری

بنج و بێخ وەک پژی سەرلقم بەرەڵڵا
ئەڕۆم و زەویم وا لە پەڕەی دەفتەرما.
ئەڕۆم و ئاسمان و باڵندەم ئەوەتان
لەسەری بێ‌داڵدە و ناو جانتای سەفەرما.

ھیچ پەنا و پاسار و قوژبنی چاوێکم مەگەڕێن
بۆ گوڵە فرمێسکێ جێ مابێ لەو ناوە
ھی خۆم و ھی ئێوەیش ھەموویم.. ھەر ھەمووی
بە باخ و پەرژین و جۆگەلە و.. بە دڕک و داڵەوە
لەگەڵ خۆم ھێناوە.
من ڕەنگە لەوەختی ڕۆیشتندا ئەستێرەی شپرزەم
بزەیەک یان قاقای شەوێکی بیر چووبێ.
من ڕەنگە لەوەختی سەفەردا شڵەژاو
گیرفانی یادێکم کون بووبێ و لەوێوە
چەند وردە خۆشییەک کەوتبنە خوارەوە.
ئەشێ من ھەناری مێخۆشی نوکتەیەک
یان کۆنە چاویلکەی شیعرێکم بیر چووبێ
بەڵام من ئاخر چۆن خەمتانم بیر ئەچێ؟!
ھەتاکوو نالی-تان لەلام بێ.
بەڵام من ئاخر چۆن ئازار و ژانتانم بیر ئەچێ
ھەتاکوو سەیوان تان لەلام بێ.
من دەستم خۆی جادەی قیرتاوی غەمێکی درێژە..
من سەرم خۆی ئێشە گڵۆڵەی سۆزێکی ئاڵۆزە..
ئیتر چۆن خەمتانم بیر ئەچێ!

بێ کەسیم ڕووت نییە
تا ئەمرێ پۆشاکی ڕەشتانی بەش ئەکات.
تینوێتیم بێ کانی و ئاو نییە
تا ئەمرێ سیروانی چاوتانی بەش ئەکات.
تەنیاییم بێ دەنگ و کپ نییە
تا ئەمرێ ھاواری ماڵتانی بەش ئەکات.
دۆزەخم بێ کزەی با نییە
تا ئەمرێ ھەناسەی ساردتانی بەش ئەکات.
نیشتمان! من ناوت لێ ئەنێم گڵمتکێ
ئەوەندەی لە مشتی شیعرێکما تۆ جێگەت بێتەوە
واخۆیشم ناو ئەنێم قومێ ئاو
ئەوەندەی لە پێڵووی بەردێکتا
من جێگەم بێتەوە.
لە پێشدا ئەتھێنم ئەتخەمە ناو دەستی سۆزێکم
ھەتاکوو وەک خەونم ورد ئەبی
دواتریش لە چاڵی چاوانما –ھەمووت نا-
تۆزێکت ڕۆئەکەم.
لەسەرت ئەوەستم
ھەتاکوو لەڕەنی گوێ خوێنما
شین ئەبی.
ئەوەستم تۆزێکیش بە سەرتا ئەبارێم یان ئەگریم
ھەتاکوو ھەڵئەچێ باڵای سەوز
درێژە.. درێژە.. ئەم وەرزی غوربەتە و غەریبیم
ئەوەستم، ئەوەستم، ئەوەستم
ھەتاکو ئەبیتە سنەوبەر.
گیانەکەم سنەوبەر!
تۆ ئیستە ھی خۆمی
من بۆیە ئەمەم کرد
گەر لێرە من مردم
بۆم ببی بە تابووت!
-تەماشات ھەر ئەڵێی چۆلەکەی
ترساو و سەرسامی ناو چنگی منداڵی لاسارە.
ھەورێکیت کەڕولاڵ دێی.. ئەچی
دڵۆپە بارانی زۆر قسەی ناو ناخت
دیلن و گیر خواردوو؛ ناتوانن داڕژێن.. دابکەن
تۆ ئیستا کە ئەدوێی
بە تەنھا پەیکەری شەقام و باخچەکان تێت ئەگەن.
ھەمیشە تۆ بۆ خۆت دووکەسی، دووبەشی
یەکێکیان ئەوەیە کە لێرە
دوو قاچە و ڕائەکا و
شوێن سەری ونبووی خۆی کەوتووە.
ئەویتر لەو دوورە ژەرەژی ڕۆحێکە و
باڵی خۆی بە پرچی دایکتەوە بەستووە.
ھەموو ڕۆژ.. ھەموو ڕۆژ.. ھەموو ڕۆژ
تەمومژ خەیاڵتە و
ئاسمانت ھەر وەکوو کراسی ئاودامان ئەیپۆشێت.
ھەنگاوت پڕگاڵی جەستەتە و بست بە بست
خەم بە خەم، زام بە زام
خەریتەی وێڵ بوونت ئەپێوێت.
سستەکە زەمینی ژێر قاچی ھۆنراوەت
قیژەیان ڕۆئەچێ.
دەستی تۆ کلیلی ون بووە
دەرگاکان سەرابن، ھەر ئەڕۆیت
ماشێن و واگۆن و فڕۆکە
ژواری تەنیاییت سوار ئەکەن
بەستەکی ئەشکەنجەت بار ئەکەن، ھەر ئەڕۆیت
ئەم خەون و ھیوایە سێبەری درێژی پێش خۆتن.
سوار ئەبی
پەنجەرە ئەبێتە
ئاوێنەی ھەڵماویی چارەنووس
بە پەنجە «کوردستان» لەسەر ئەو ئەنووسیت.
پسۆکە دەزووی چاو
لەوێوە تەماشای کۆلارەی
ژیانی پچڕاوی خۆت ئەکەیت
تۆ ئیستا چکچکەی دەراڵی زەمانی و
لەشەوی غوربەتا دائەدەیت
بەرەو کوێ ئەڕۆیت و بەرەو کوێ ڕائەکەیت؟
ھەموو شەو.. ھەموو شەو.. ھەموو شەو
ڕابوردوو: مۆمێکە پرتەپرت وەک نیگات
لەگەڵ خۆت ئەیگێڕی.
ڕابوردوو: بەرکاوی خەونێکە زەرد و سوور
بە پێڵوو ئەیکێڵێ و ئەیکێڵیت
ڕابوردوو: بای وەشتە و لەڕۆحتا ھەڵئەکات
بارانی منداڵی و ڕێژنەی دڵداری و
پژپژەی گۆرانی و
نم نمەی جریوەی چاوانی گۆیژەیە و
سەرتاپای خەمانت تەڕ ئەکات.
ھەموو شەو شارەکەت سەرێکت لێ ئەدا
بە گوڵی ژاڵەوە شەلەشەل
خۆی ئەکا بە ژوورتا و ئەوەستێ
گوڵێکی سەر سنگیت ئەداتێ و
تۆیش تاڵێ وەنەوشەی ئەوینی نامۆییی ئەدەیتێ.
ھەر شەوەی بەردێکی کۆڵانی دێتە لات.
ھەر جارە و درەختی ماڵێکی باوەشت پیا ئەکات.
ھەر شەوەی باخەڵت پڕ ئەبێ لە بۆنی گەڕەکێ.
ئەڕۆیت و بازنەی سێبەری خەیاڵت
نانێکی سەرساجی دایکتی لەسەرە
ئەڕۆیت و باوێزەی ھەناسەت
کەروێشکەی دەغڵێکی بناری وڵاتی لەگەڵە.
 خۆڵی دوای بۆردومان، سیماتە و ڕەنگ و ڕووت
بۆ کوێ چووی تیزماڵکی دووکەڵی گوندێکت لەگەڵە
گلێنەت ئەزمڕە و ئەڕوانیت.
دەربەندی سەگرمە و بازیان گوێچکەتن، گوێ ئەگری
تۆ تەنھا بە بەژنی ئازاری سیروانت
قوڵایی ڕووبار و دەریاچە و
تا زەریای جیھانیش ئەپێوێت!

زستانە، باڵندەی بەفرینت لە شامە
شام لەبەر باراندا ئەبینی:
ئاسکێکی چاو شینە
ئەترسێ و ئەلەرزێ و باڕژنی ھاواری
بۆ ئاوی زیندانی و کەلەپچەی مەچەکی درەخت و شەقامە.
زستانە. ھەمووڕۆژ تەنیایت ئەتباتە چایخانەی شەقامێ
دات ئەنێ. ئەوەندە دانیشتوویت
غەریبیت بۆن قاوەی کوتراوی گرتووە و ڕۆژانە
وەڕس بوون، لەبنی دەروونتا وەک خڵتەی فنجانە
لێرەیش ھەر: ئازادی پیاوێکە
لەسەر مێز بە چرپە ئەدوێت و شەقامی وەردییان
ھەنگاوی ئەژمێرێ و کلیلی ماڵەکەی ئەموستی سوڵتانە.
لێرەیش ھەر ڕووناکی قاچاغە و
شیعری نێر بەرخێکی خوێناویی ژیانە.
لێرەیش ھەر سێدارەی گوێزان و ملی گوڵ.
لێرەیش ھەر کوێستانی زمانم لە مەنفا ئەمرێت و
مێژوویشم عەگالێ لەسەری پێچراوە.
زستانە. تۆ لەو دیو شووشەوە بەتایبەت
تەماشای ئافرەت و بارانی شام ئەکەیت.
چەند جوانن، ھەردووکیان بۆ شیعرت
وەک خەون و شمشاڵن.
لەویاندا تەماشای نامۆییت گوڵ ئەگرێ و
لەمیاندا یادگار ئەتژەنێ و کات و شوێنی جارانن:
«زستان بوو، شەوانی تەڕی ئەو، لە دەوری ئاگردان،
ھاڵاوی حیکایەت لە بەژنی ژوورێکی ڕووتەڵە ھەڵئەستا.
منداڵیم مێوژ بوو. نیشتمان ماڵێکی بچووک بوو.
چرایەک دیوارکۆ. سێبەری وەک خەمی دایکم و
شەوقیشی ئاوێنەی ڕوومەتی ئێمە بوو.
لەو ساوە من، زستان ناو حەوشەی ھۆنراوەم،
پڕ ئەکات لە بەفر و دارچوالەی ھەستیشم ئەخاتە
بەر باران. لەو ساوە من زستان کێڵاومی و
کردوومی بە کێڵگەی گەنم و جۆی ئێش و ژان»

***
ھەموو جارێ پاڵ ئەکەوی وا ھەست ئەکەیت

بووی بە تەلەبەردێ لەوێ بۆ جێژوان.
دائەنیشی وا ھەست ئەکەیت
سەرت تۆپەڵە قوڕێکە لەوێ
بۆ حەمامۆکێی مناڵان
کە ھەڵئەسیت وا ھەست ئەکەیت
بووی بە پەیژەی بانیژەیەک ئیستە لەوێ.
وەختێ خەوتی وا ھەست ئەکەیت
بووی بە خەونی داربەڕوویەک ئیستە لەوێ.
ئەی گیانی گیان!
خۆ ئەم «مانگ»ە سەرگەردانەی خۆشەویستیم
لە خۆیەوە نەیداوەتە ئەم ساکۆی سکڵی غوربەتە
خۆ ئەم چەمە سەرکەشەی خەم
لە خۆیەوە جڵەوی ڕۆخی ئارامی نەپچڕاندوە و
لە خۆیەوە کوڕژن ناکا بە ھاواری
داگیرساوی شەو و ڕۆژی ئەم غوربەتە.
ئەی گیانی گیان!
لەسەر ماچی پەلکە گیایەک
لێوی جۆگەیەکیان بڕیم.
لەسەر فڕینی شیعرێکم
ھەوریان بە داو بۆ نامەوە
لەسەر نەڕەی شەپۆلێکم
تاڤگەیەکیان خنکاندم.
لەسەر حیلەی لووتکەیەکم
بنارەکانیان لە مێخ دام.
ئەی گیانی گیان!
گۆمێ شێت بوو وەختێ لە مانگیان دابڕی.
مانگیش شێت بوو وەختێ لە ھەوریان دابڕی.
ھەوریش شێت بوو وەختێ لە شاخیان دابڕی.
شاخیش شێت بوو وەختێ لە بەفریان دابڕی.
بەفریش شێت بوو وەختێ لە عەردیان دابڕی.
عەردیش شێت بوو وەختێ لە خەڵکیان دابڕی.
گیانی گیانم
لە ئیستەیشدا، لە بێشەی ئاسن و شووشە و کۆنکرێتدا
سوورە کەروێشکێکی کێویی ئەو بناری
پیرەمەگروونەیە دڵم. لەم نەھاتیی ئەوینەدا
من ھەر پەریی گڵەزەردەت
دار ئەستێرەم ئاو ئەدات و گەڵاڕێزانی جریوەم
ئەیپشکوێنێ بنە کۆتەرەکەی سەرم.
گیانی گیانم.

ھەر کە بارانێ ئەبارێ
ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری
ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان ئەم بارانە
بۆنی بارانی ئەزمڕ و گۆیژەی لێ بێ!
ئەگەر ڕۆژێ خۆرەتاو بێ
ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری
ئەو لێم ئەداو من چاو نووقاو
ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان ئەم ھەتاوە
لە ھەتاوی بەربەرۆچکەی
بن گوێسوانەی خۆمان بچێ!
  ئەگەر جار جار «با» ھەڵبکات
ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری
ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان
ئا ئەم «با»یە
وەک ڕەشەبای سلەیمانی
بەپڕتاو بێ و ھەڵمبگرێ و
تۆزێ خۆڵ بکاتە چاوم!

لە دوورەوە ھەر کە پۆلێ کچم بینی
بەرەو ڕوویان پێ ھەڵئەگرم
سەرنج ئەدەم ئەڵێم بەشکوو
نازێ، شەرمێ، تیلەی چاوێ
سوور ھەڵگەڕانی گۆنایەک
بمباتەوە بۆلای شەقامی شارەکەم
وەکوو دوێنێ.

ھەر کە بازاڕێکی میللیم ھاتە سەر ڕێ
ڕائەکەم و ئەچمە ناوی
تیا خول ئەخۆم
ئەڵێم بەشکوو ھاواری میوەفرۆشێ
ھاواری ماسیفرۆشێ
ھاواری سەوزەفرۆشێ
لە ھاوار و ژاوەژاوی ئێوارانی مەیدانەکە و
بەرحەوزەکە و
ژێرپردەکەی خۆمان بچێ!

کارتێکی ڕەش و سپی تایبەت بۆ ھاوڕێکانم

ھاوڕێیان!
ئەم ئێوارەیە منیش دێم.
لە چایخانە بچکۆلەکە
کورسییەک بۆ شیعرم دانێن
نەیدەن بە کەس
گەر جامانە قۆشمەکەی
خاڵە ڕەجەب ھات پێی بڵێن:
ئەبێ ببووری گیراوە.
گەر شەپقەکەی ئەحەی میرزا
بەپەلەپەل ئەویش ھات بڵێن: گیراوە.
مەگەر لە ھەولێرەوە میوانێک ئازیز
زۆر ماندوو بێ و بگاتە جێ
مەگەر کتێبە یاخییەکەی عەبدولخالق
وشەی شان و مل خوێناویی
کە ناتوانێ
لەبەر ئێشی زامەکانی
زۆر بەپێوە ڕابوەستێ!

***
ئەی ڕۆژگارە لیخنەکان!

کەی ئەبنەوە بە ئاوێنەی
ئەو درەختە دڵدارانەی
لە بەستێن و کەنارتانا
سەرتاپایان لە گوڵی تاریکی و قوڕ و
خۆڵەمێشی سوور گرتووە؟!
چ باھۆزێ سیمای گرژی مێژووتان ڕوون ئەکاتەوە؟
چۆن زەوی ئاشت ئەکەنەوە؟
ئەی ڕۆژگارە لیخنەکان!
ئێوە ھاژەتان قریشکەی
مەزار و کێڵگەی خنکاومانە.
چەپۆکانی مەوجدانەوەی ڕەشی ئێوە
پەلەقاژێی ئەستێرەکانی ئێمەیە!
ئەوەتا دار و پەردووی گۆرانیەکانمان، جەژنەکانمان
بە ئەنجن ئەنجن کراوی ڕائەماڵن.

بە چواردەوری ئەڵقە ئەڵقەی بۆشاییدا
بە چواردەوری خانە خانەی تەنیاییدا
چیایەکم سەر ھەڵگرتوو
گوڵێکم شێت
ھەر خول ئەخۆم و خول ئەخۆم.
وەڕس بوونم بۆ ساتێکیش
داڵدەی ھیچ ئارامێ نادا.
من دڵتەنگیم قفڵێکە خوا
چەند لێی نەوی نەیکردەوە
وەکوو «مەنسوور» زامانم جێ بەخۆ ناگرن.
خانوو ویستی دابینم کات.. پەنجەرەیم لێ یاخی کرد.
شەقام ویستی دابینم کات.. شۆستەکانیم لێ یاخی کرد.
کورسی ویستی دابینم کات.. خۆمم ھەڵکەن
شاران ویستیان دابینم کەن.. خەمانم باڵیان لێ ڕوا.
ئەی ڕۆحی وێڵ!
تەنگە بە بەری عەشقی تۆ ئەم نەخشانە.
نزمە بۆ سووتانی سەرت ئەم ئاسمانە.
تەمی ئێرەت دا بە خۆتا کورت و کوێر بوون.
ڕیان سارد و
ژانیان کپ و
پایزانیان بێ فرمێسکی درشتانە.
ئەی ڕۆحی وێڵ!
ژوورێکم ھەیە تەنیاییم بەشی ناکات
تەنیاییم جمەی دێ لە دەنگ
لە ڕەنگ و بۆن و تامی کۆست.
ئەو کردویێتی بە نەریتێ ھەموو شەوێ
دووسێ ھاودەمی دێرینەی
وەک: ھەڵەبجە
گەلی بازێ
قەڵادزێ
پیرەمەگروون
لەگەڵ خۆیدا
دێنێتەوە بۆ ئەم ماڵە بچکۆلەیە
ئیتر ھەتاکوو بەیانی
تا کەڵەشێری ئاوایی زامێکی تر ئەقووقێنێ
یەکە یەکە لەگەڵ بەرد و لەگەڵ دار و
لەگەڵ گەڵای ھەموویاندا
سەما ئەکا و
پێئەکەنێ و
ئەگری و
ئەدوێ.
ماڵێکم ھەیە تەنیاییم بەشی ناکات
تەنیاییم قەرەباڵغە و پڕ لە ژاوەی وردە ژانە
ئەو، شەوانە بووە بە خووی
ھەر لەسەر ئەم چرپا تەسکە
ئەبێ لەگەڵ ڕووبارێکدا ڕابکشێ و
دەست بکاتە ملی گۆمێ
چرپایش کورتە بۆ قاچەکانی ڕووبار و
تەنگیشە بۆ لەشی گەورە و پان و پۆڕی گۆمە شینێ

ژوورێکم ھەیە تەنیاییم بەشی ناکات
بۆ شپرزەییم بچووکە
تەنیاییم دۆستی بێ داڵدەی ئێجگار زۆرە
گەلێ جاریش شەوانە وا ڕێک ئەکەوێ
تەنیاییم جێی خۆی چۆڵ ئەکا و
ژوورەکەیشی بەجێ دێڵێ
تا کسپەیەکی غەریبی تازە ھاتوو
لەسەر چرپای ئەو بخەوێ!

- ئەوا ئیستەیش ئەمە یەکەم پایزی دوای
کۆچی ئەسپەڕەشی تۆیە.
ئەمە یەکەم پایزی دوای ھەڵھاتنی نامۆییت و
ئاوابوونی شاخەکانی ڕۆحی تۆیە.
ئەمە یەکەم پایزی دوای
وێڵ بوونی گەمیەکەی تۆیە.

لە گوێ زەریایت.. چاوەکانت وەک کەلەپۆ.
بڕیوەتە نەھێنیی ئاو
سەرت لەناو نامۆییدا بەلەمێکی سەرگەردانە و
دەستەکانت سەوڵی شکاو.
وەکوو پایز ئێوارەی تەنیاییت تەڕە و
یادگاری لێ ئەچۆڕێ و
خەیاڵیشت زەردەی ھەتاو.

لە گوێ زەریایت
شپرزەیی شەپۆلەکان و وەرینیان لە بەستێندا
پایزە مێژووی زۆر دوورن و کەفی «کات»ن و
دێن و لەگەڵ لمی عومری ئەمڕۆ و سبەی
باوەش ئەکەن بە یەکتردا
شڵپ و ھووڕ حیلەی زەریایە و
داناسەکنێ چەپۆکانی.
یاڵی سپی بەدەم «با»وە
ھەڵئەپژێ و دائەڕژێ و زەرد و سوورن تیسکەکانی

لە گوێ زەریایت
یەکەم جارە ئەم مێژووە شلە ببینی
یەکەم جارە ئەم سامە شینە ببینی
یەکەم جارە بۆنی تریفە بکەیت و
زڕەی ڕەنگەکان ببیسی.

لە گوێ زەریایت
بەڵام لە ھەڵسانەسەرپێی خێرای ئاودا
دیسان شاخ ئەبینیتەوە
تۆ بێ «ھەڵگورد» شیعرێکی کاکی‌بە‌کاکیت
نەگزنگت تێدا ئەڕوێ و نە سۆزیشت باڵا ئەکا.

لە گوێ زەریایت
وردە وردە تەماشات ھەنگاو ھەڵدێنێ
خەیاڵت خۆی ھەڵئەکات و
باز ئەدەیتە سەر ئاڤزینێ
لە ترساندا ھەر دوو چاوت ئەنوقێنی و
مایینی ئاو ئەتفڕێنێ
ئەو وەختەی چاو ئەکەیتەوە خۆت ئەبینی
لە گوێ ورمێ بووی بە گوڵە نازەنینێ.

لە گوێ زەریایت
گوێت لە ناڵە و گرمەگرمی سەدەکانە بەیەکدا دێن
چاوت لە زۆران گرتنی ھەتاھەتای عەرد و ئاوە
چاوت لە غەزەبی خوایە کە ھەڵئەچێ
چاوت لە پاشگەز بوونەوەی گوناھیشە کە دائەچێ!
چاوت لە کەفەژیلکەی غەریبیی خۆیشتە
کە کۆچ ئەکات و ون ئەبێ!

ئەمە یەکەم پایزی دوای
وێڵ بوونی گەمیەکەی تۆیە
ئەم پایزە لە پایزی دایکت ناچێ
ئەو پایزێکی بێوەژن، کوختەنشین، چڕ ئەوەرێ
ئەم پایزی ئاڵتوون بەسەر، تەلارنشین
لە شووشەبەندا ئەوەرێ.
ئەم پایزە لە پایزی دایکت ناچێ
لێرە ھەر دار بەسەر داردا بە خوڕ ئەگری
لێرە ھەر بەرد بەسەر بەردا بەخوڕ ئەگری
بەڵام لە پایزی دایکتا ئیستە لەوێ
دار و بەرد و ئاو و خەڵکیش
ھەر ھەموویان بە یەکەوە
بەسەر خاکدا بەخوڕ ئەگرین
ئیستە لەوێ!

- لەکوێوە ھاتووی؟ ئەپرسن.
دیسانەوە ھەمان پرسیار ئەبێتەوە بە توتڕکێ و
خوێن لە دەنگم دێنێتەوە.
وا بۆ جاری ھەزارەمین
ناوی گوڵەکەم ئەھێنم.
ھەیانە وەک ڕۆژێ «با»یەک
ئەمەی دابێ بە گوێیاندا
لەدوای ساتێک سەرێکی بۆ ئەلەقێنن.
بەڵام زۆریان لە بێدەنگیدا ئەخنکێن.
مت ئەبن و ملیان ئەبێ بە نیشانەی سەرسوڕماندن.
منیش ئیتر لە حەژمەتا نەخشەیەکی
وەک سیاسەت چرچ و لۆچ و
پیس و دڕاو وەکوو ڕەوشتی دەوڵەتان
لە گیرفانم دەرئەھێنم.
پەنجە ئەخەمە سەر خۆری لەتوپەتم
- ئا لێرەوە
لەناو کەشتیەکەی نووحەوە من ھاتووم و
لە بەفری جوودیدا زاوم
- «ئێوە خەونی ڕەنگاوڕەنگی
نێو داستان و ئەفسانەی کۆنە ئەیبینن
ھیواتان تراویلکەیە
منیش باوکم نیشتمانی لەناو چاویا ھەڵگرتبوو
ئەو، دار خورمای بەندەرێکی
چاو خەواڵووی باکووری ئەفریقا بوو
ڕۆژێ گەرداوی ئۆقیانووس ڕایفڕاند و
لە ئۆسلۆدا گیرسایەوە
لە «باڕ»ێکی وەک ئێرەدا
شەوێکی سارد وەکوو ئیستا
دایکمی ناسی.
من ناوم مارگریتایە
باوکم تا مرد
خەونی وەکوو خەونەکانی تۆی ئەبینیی!»
ئەمە قسەی کیژۆڵەیەکی دووڕەگی مەغریبی بوو.
شەوێکی سارد، لە «باڕ»ێکی سەر گەرم بووی،
ناو «ئۆسلۆ»دا وای پێ وتم. مێرگێ کوڕ و کچی
شەنگ بوون. بە دەم کەروێشکەی گۆرانی و مۆسیقاوە
ئەشنانەوە.
منیش ھەرخۆم و شیعرێکی شەرمنۆکەم
خۆم و باڵندەی وڕێنەم
خۆم و دووکەڵی جگەرەم
لە سووچێکدا یەک یەکترمان ئەخواردەوە.
کچی دووڕەگ مارگریتا تازە بووە
بە «مانگ»ی ناو بەفری نەرویج
تازە بووە بە ھەناسەی ھەڵماویی ئەم شەقامانە
بە حەرفێکی ئەم زمانە و
بە پەڕی مۆسیقای ئەم «باڕ»انە.
مەغریب نیشتمانی باوکی
لای ئەو تەنھا سێ تارمایین
سێ تارمایین و ھیچی تر..
بیابانێ، دارخورمایەک و حوشترێ.
لەو شەوەوە مارگریتا ترسێکی کرد بە سێبەرم
چرکە بە چرکەی سەعاتی ئەم غوربەتەم ئەژمێرێت و
بۆ کوێ بڕۆم تەمومژی دێ لەگەڵم.
لەو باڕەوە مارگریتا گومانێکی تیا ڕۆکردم
وەکوو خۆرکە لەو ساکەوە
پەلکەکانی خەونم ئەخوا و
لەناو بێشەی تاریکیدا
نائومێدی دائەتاشێ بۆ تابووتی
مانگەشەوم.
لەو شەوەوە وا ھەست ئەکەم سیمای کچە بچکۆلەکەم
لەبەر چاوم بۆتە سیمای مارگریتا
نیگاکانی چوونەتە ناو نیگایەوە
جۆگەی دەنگی ڕژاوەتە ناو دەنگیەوە
باخی قژیان ھەر یەک باخە و
ڕەنگەکانی ھەست و نەستیان بوون بە یەک ڕەنگ.
لەو شەوەوە وا ھەست ئەکەم
منیش کچە بچکۆلەکەم
نامۆیی گەورەی کردووە
وەکوو دڵۆپە شەونمێ
تێکەڵ بە «با»ی ئێرە بووە
لە سەماگەی نیوەشەودا
سەری لە لەشی ون بووە و
جاربەجارێ لە باڕێکدا بۆی ئەگەڕێ.
وا ھەست ئەکەم ھەموو ڕۆژێ
تارماییەک دێت بۆ لام و وێنەیەکیم بۆ ئەکێشێ:
کاڵبوونەوەی یادگاری.
ڕووتانەوەی پەڕوباڵی زمانەکەی.
ھەڵوەرینی خێزانەکەی.
بیرچوونەوەی خەونی باوکی.
بۆن نەکردنی ھەناسەی نیشتمانی.
توانەوەی بەفری گۆرانی و
حیکایەتی گیانی دایکی.
لەو شەوەوە وا ھەست ئەکەم
منیش باوکی مارگریتام
بووم بە شیعری خەمێکی زەرد
ڕۆژێ لە بەفری مەنفادا ئاوا دەبم!
ئەوسا لە وەرزێکی تردا
شەوێکی سارد وەکوو ئێستا لە باڕێکدا
ئەویش وەکوو مارگریتا
باسم ئەکا:
«باوکم مەلێکی کێوی بوو
لە شاخەوە باڵی گرت و
گەیشتە بەفری ئەم قوتبە و
ڕۆژێ لێرە، بەدەم ئاواز خوێندنەوە
خەونەکانی لەگەڵ خۆیدا ڕەق بوونەوە!»

***
مێژووم و سەفەر ئەکەم و

لەگەڵ خۆمدا شۆڕشەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس تەماشای خوێنم ناکات.
دووکەڵم ئەسووڕێمەوە و
لەگەڵ خۆمدا دێھاتەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر چاوی کەس ناکزێتەوە
بەم دووکەڵە.
لاواندنەوەم ئەخولێمەوە و لەگەڵ خۆمدا
سێدارەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس گوێ ناگرێ لەم کۆتەڵە
چیرۆکم درێژ ئەبمەوە و
لەگەڵ خۆمدا قرچەقرچی شەقامەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس بۆنی بۆکڕووز ناکات
لە خۆم زیاتر لە خۆم
لە خۆم زیاتر
لە خۆم..

کوا غوربەت سێبەری داربەڕووی دوورییە؟
گەر وایە! ئەم ھەموو کڵاوی فرمێسکی بەڕوانە
چی ئەکەن لەلای من؟ بۆ لێرەن؟
بۆ ڕیزیان بۆ سەری قەڵەمم گرتووە؟

کوا غوربەت ئەستێرەی پەمەیی کۆچ کردووی
سیوەیلە و نەیبینم؟ کوا وایە؟
گەر وایە؟ ئەم ھەموو وەنەوشەی خەونانەی
زێ و نۆڕک
چین لەناو دەفتەرما ڕواون؟
بۆ لێرەن؟
بۆ ژووری تەماشام پڕ ئەکەن
لە بۆنی دوو «بارێ»ی پاش باران؟
کوا غوربەت شەوقە بۆ ئاژاوەی ئێوارەی
منداڵی گەڕەک و نەیبیستم؟ کوا وایە؟
گەر وایە؟ منداڵی ئەم ھەموو گەڕەکە
لە کووچەی ناو دەنگما چی ئەکەن؟!
بۆ لێرەن؟
بۆ ساحەی فتبۆڵیان سەرسنگمە و
گاڵتەیان: تریقەی کاغەزی سپیم و
شەڕیشیان: «مسوەدە»م؟
کوا غوربەت بای بۆنی شارێکە من نەیکەم؟
کوا وایە؟ گەر وایە؟
ئەم بۆنە تێکەڵەی:ڕاڕەوی قەیسەری و
مەیدانی ماستەکە و گوزەری زین دروو..
چین کە دێن لە حێلی وشەم و
لە پوونگەی کاکۆڵم و
لە چەرمی جانتاکەم؟!
ئەی تەنیایی!
ئەی ئەسپی ڕەشی بێزاربوو
لەجڵەوی ئەم زەمانی بازرە بوونە!
ئەی زایەڵەی کەوە سوورەکەی ناو سنگم
تۆ کەی ئەوەندە چواردەوری
جێژوانی ڕازەکانت چۆڵ و ھۆڵ بوون؟
لەناو لانکەی نیشتماندا
تۆ ھاوڕێی ئەمەکداری لاواندنەوەت
گەلێ زۆر بوون.
تۆ کوا لەوێ ھەرگیز ھەستت
بە بزر بوونی جریوەی بێداریت و
خاوبوونەوەی ژێی گینگڵی شەوان ئەکرد؟
تۆ کوا لەوێ ھەرگیز ھەستت
بە ونبوونی جێ پێی ئاخ و
سارد بوونەوەی ئاگردانی گریان ئەکرد؟
تۆ کوا لەوێ قەت ھەناسەت
بێ دەربەندی ھاودەم بووە؟
تۆ لەوێ خەمە دراوسێت ھێندە ھەبوون
بە پەیژەی وەخت و ناوەختا
دڵسۆزیتان، سمۆرە بوون
بۆ لای یەکتر دائەبەزین.. سەر ئەکەوتن.
بەسەر دیواری مابێندا فرمێسکەکان بازیان ئەدا و
وەکوو لاولاوی سەر دەرگا و پەنجەرەتان
ماچ ئەڕۆیشت و ماچ ئەخشا و
لەسەر بان و لە حەوشەدا، وەک تەنافی جلەکانتان
ڕاز و نیازتان تێکەڵ ئەبوون
ئەی تەنیاییم!
تۆ لێرە ئیستە کەناری
ناو ژانێکی شووشەبەندی ڕەنگاوڕەنگی
بەم دەنووک و بەو باڵانە
چۆن ئەتوانی تۆ سنووری شووشە ببڕی؟
بۆ کوێ ئەفڕی
ئەی تەنیایی؟!
جیابوونەوەی ئەم باڵانە لەو ئاسمانە
لەنگەری گیانیان تێکداوم.
دوور کەوتنەوەی ئەم وشانە لەو گوڵانە
ھەستی بۆنکردنی خاکیان تیا وەراندووم.
دوورکەوتنەوەی ئەم چاوانە لەو کێوانە
زنەی سەرنجیان کز کردووم.
جیابوونەوەی ئەم دەستانە لەو پرچانە
پەنجەی تەماسیان سڕ کردووم.
دوورکەوتنەوەی ئەم زمانە لەو تامانە
ئۆخەی چێژیان لەناو دەمدا بزر کردووم.
جیابوونەوەی ئەم قاچانە لەو ڕێیانە
ناونیشانی زۆر ھەواریان تیا ون کردووم.
جیابوونەوەی ئەم گوێیانە لەو بەستانە
چەند ھاژەیان تیا کەڕ کردووم.
- نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم.
وەکوو فیشکەی شەمەندەفەری ھەزارپێ
شەو درێژ و ئاخ درێژ و دووکەڵی یادم درێژ بوو.
شەوقی گڵۆپی زەردباوی کابینەکە
ئەیدا لە تەمی دەروونم
لەو ساتەدا وام ھەست ئەکرد:
من دەشتێکی چۆڵ و ھۆڵی
وەکوو ئەو دیو پەنجەرەکەم!
وەک جانتاکەم شەوگار ھەر تەکەتەکی بوو
خەوی زڕاو بووبوو بە جامێکی مس و
لەگەڵ ھەموو سەرسمێکی ئەو شەوەدا
لە سەرما ئەزرنگایەوە..
لەو ساتەدا وام ھەست ئەکرد:
گڵۆپی زەردباو ھەر خۆمم
تەم ھەر خۆمم
ھێڵی ئاسنیش ھەر خۆمم
ڕێگا خۆم و کۆچ ھەر خۆمم.

- نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم.
مەی: ئەستێرکێکی کڵپە بوو
سەرم تیا نوقم کردبوو.
خەیاڵی لەرزۆک لانکەم و
بێ ھودەیی ڕایئەژەنیم.
لەو ساتەدا وام ھەست ئەکرد:
شووشەیەک مەیی ڕژاوم
شووشەیەک بادەی شکاوم و
ھەر بەتەنھا ملەکەمم پێوە ماوە و
ئەم جیھانەیش تووڕی داوم!

- نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم. چی پێ بڵێم؟
بڵێم: دڵداریی نێوانی خەون و خاکە؟
یان ھەناسەی گوڵێکە دوور لە باخی خۆی؟
یان وێڵبوونی تەماشایە بەدوای یادەکانی خۆیدا؟!
یان تەنیاییە ئەو کاتەی ڕەو ئەکات و
نیشتمانی لە کۆڵدایە؟!
یان ئاوێنەیە و بۆ سیمای یادێ ئەگری؟
چی پێ بڵێم؟! بڵێم نانێکی سەرساجە و بیری ئەکەم؟
بڵێم بۆنی مێخەکبەند و بۆنی دایکم و
بۆنی کچانی گەڕەکە و ئیستە نایەن؟
بڵێم شێت بوونی ڕێواسە
دوور لە کەلیخانی وڵات؟
بڵێم مەراقی سووری ھەناری ئاوارەیە
بۆ شارەبان؟!
یان سەودای زەرد و سپییە بۆ نێرگز و
یان شەیدا بوونێکی سەوزە بۆ بەھاران؟!
بڵێم دووریی نێوان من و کورسییەکە
لە چایخانە بچکۆلەکە؟!
نێوان من و مێزی یانە و ئێوارانی چیمەنەکە؟!
چی پێ بڵێم؟ بڵێم نامۆیی دیوارە؟
یان بڵێم عیشقە بۆ قوڕی کۆڵانان و
بینینەوەی شێتەکانی شارەکەم و
یان ماچێکی باڵکراوە و ناگاتەوە ئەو ھەوارە؟!
من لە دواییدا پێی ئەڵێم:
شپرزەیی ھێندە باڵی نامۆییمی ڕاکێشاوە
تۆڕی گلێنەم ڕایەڵی تیشکەکانی
خاو بۆتەوە و
لەم دوورەوە وەختێ ئەڕوانمە نیشتمان:
ھەموو یادێ، ھەموو شوێنێ
ھەموو خەونێ، لەبەرچاوی یادگارم
ئەبن بە دووان، ئەبن بە سیان
ئەبن بە دە.. ئەبن...
چیی پێ بڵێم؟!
چیی پێ بڵێم؟!
چی؟!

***
ئەمەیش ئەو باڵندەی سترانە سپییەیە

کە ھەموو شەوێ لە گەرووی بەتەمومژی
شاعیرێکی سەوداسەرەوە بەرەو
کازیوەی چاوەکانی خاک باڵ ئەگرێ:
تا زریان نەبوو بە ئەسپم
چیا جڵەوی نەگرتم.
ھەتا ھەڵۆ باڵەکانی خۆی نەدامێ
شیعرم نەفڕی.
ھەتا یار نەبوو بە ھەنگم
شانەی ھەنگوینم لا نەبوو.
ھەتا شەھیدی وڵاتم
نەھاتنە ناو باخچەمەوە
ھەڵاڵەم سوور ھەڵنەگەڕا.
تا نامۆییش نەیدام بە دەم
خەزانەوە
بەھاری خۆشەویستیم نەدۆزییەوە!

1991/01
ستۆکھۆڵم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێرکۆ بێکەس. «دەربەندی پەپوولە/III». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.