شاعیر: شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣)
زمان: کوردیی ناوەندی
کێش: شیعری نوێی ئازاد
«دەربەندی پەپوولە/ IV (بەشی ١)» خوێندنەوەی: «شێرکۆ بێکەس»
«دەربەندی پەپوولە/IV (بەشی ٢)» خوێندنەوەی: «شێرکۆ بێکەس»
IV

ھەر ئەمشەو درەنگان لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
ئەو کاتەی مانگ سەری وڕی خۆی
ئەخاتە سەر شانی گردۆڵکە و
«با»یش ئەڕوا بۆ سەمای ھێواشی
ھاوینەی لێڕەوار
ھەر ئەمشەو ئەوکاتەی کە لمی
لەش گەرمی بەستێنیش وەکوو بەرد
شەکەتە و خەواڵوو
ئەو ساتەی گژوگیا
بەرامبەر تریفەی حەپەساو
بەوەنەوز پێڵوویان قورس ئەبێ و
کەنەفت و ملیان لار!
ھەر ئەمشەو ئەو کاتەی فریشتەی داستان و
پەرییەکان، لە پەردەی زیوینی کەژاوەی ئاوەوە
ڕووت و قووت دێنە دەر، ئەڵقاوئەڵق دەس ئەگرن
بەچرپە ئەدوێن و چراوگی ئەوینیان
ئەخەنە سەر زینی شەپۆل و
«تانجیک»ی نوور ئەدەن
لەقژی درێژیان.

ھەر ئەمشەو ڕێیەکی شین باوی نەھێنیی
ئەمباتە کەناری ئەو گۆمەی تەنیشتمان
لەشوێنێک نەپندی
نەپندی وەک جێگەژوانی بەفری خوا و
بڵێسەی عەشقێکی ئەبەدی
چەپەک، وەک ژێر کەپرە ساردەکەی
دەروونی غەریبان
کڕ، وەکوو سێبەری تەنیایی
شەوانی غەریبان.
وەکوو عەشق
سۆز ئەمبا
ڕەنگە لای برینی بێ‌ناڵەی دارمێوێ
لا بدا و دامبنێ..
ڕەنگە لای سووتانی بێدەنگی دار بییەک..
ڕەنگە لای ھەناوی کۆڵراوی گابەردێ..

چەند ساڵە من لێرە بنچکی
سەر ژیلەی، چاوەڕێی ئەمشەوەم
چەند ساڵە من سەرم ھەورێکی نەبارە و
چاوەڕێی ھاتنی بارانی ئەم خەوەم.
من ئەمشەو:
مەچەکم و چاوەڕێی پەنجەمم.
قاچم و چاوەڕێی ڕێگەمم.
پژوپۆم سەرکۆنەی «با»ی زۆرکرد
بۆ نەھات؟ تاڤگەی ئەو زەڵمە بۆ نەھات؟
نەگەیشت، ئەو ھاژەی ئەوینە، نەگەیشت.
باڵندەی پرسیارم بە دەنووک
کراسە شینەکەی ساماڵیان کونکون کرد
بۆ نەھات؟ ئەو کۆتری ھەتاوە.. بۆ نەھات؟
نەگەیشت؟ ئەو خەمە سەرکەشەم، نەگەیشت؟
بۆ نەھات؟ ئەو ڕەزی ھۆنراوە سپیانە.. بۆ نەھات؟

ئەو کە ھات دڵنیام
لەگەڵ خۆی نیشتمان ئەھێنێ
لە قولی مشتیدا کێوان و لە پێڵوی ماندوویدا
دەریاچە ئەھێنێ.
ئەو کە ھات دڵنیام
ئەوینی شارەزوور تەڕ تەڕی کردووە.
ئەو ئیستە سۆزێکە شەڵاڵی غوربەتە و
بە باڵی چریکەی لەسەر تەم ئەنووسێ و
تەرزەیە و
شەختەیە و
ئاگری گرتووە!
ئەو کە ھات دڵنیام
ھەر یەکسەر ھەواڵی
دارچوالەی ئاوارەی «زەردیاوا» ئەپرسێ!
پەرۆشە
پەرۆشە
بۆ ئەوەی گەڵایەک فرمێسکی
دارەکەی شێخ ھەباس ببینێ
سووتاوە بۆ ئەوەی ڕێحانە بسکێکی
کچێکی سنەیی بۆن بکا و
شێت بووە بۆ ئەوەی
لە دەشتی بەرینی دەنگێکدا
ھۆرەیەک ببیسێ.

نازانم! ئەو وەختەی ئەو نوورە بە سامە وەک تیرێژ
خۆی ئەکات بە شەوی خەڵوەتما، ئەمخاتە تەندوورەی
پرسیاری خۆیەوە، ئەمخاتە گێژەنی ئەوینی خۆیەوە، گومانم
پەرت ئەکا، سەرتاپام لە سۆزیا غەرق ئەکا.. من چی بکەم؟
چۆن چۆنی چەخماخە و برووسکەی ئەو عەشقە بدوێنم؟
بڵێم چی؟ کلیلەی ئاسنیی ئەم دەمە بەستراوە چۆن بەر بێ؟
من چی بکەم؟ بۆ ئەوەی حەسرەتم بە ھەتاو بپژێ و وەرینم
گوڵ دەرکا و بە باڵای ئاسۆدا ھەڵزنێ؟
دڵنیام کە بینیم
پەلوپۆی تاریکیی بەرچاوم.. چراخان ھەڵئەکەن
تینوێتیم کارێزی ئەتەقێ و
مەلوولیم سایەقە ئەکات و
ئاسمانی ڕۆحی ئەو باوەشی پیائەکەن!

نازانم پێشوازیی عاشقێ لە خۆری عاشقان چۆن ئەکرێ؟
نازانم پێشوازیی غەریبێ لە مانگی غەریبان چۆن ئەکرێ؟
نازانم ئەو وەختەی گەڵایەک
ئەگاتە بەردەمی زریانێ چی ئەڵێ؟
یان تاقە دڵۆپێ لە ئەوین
ئەو وەختەی ئەگاتە
زەریایەک لە ئەوین.. چی ئەڵێ؟!
بەڵێنە درەنگان ھەر ئەمشەو لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵیی یەکتری ببینین
«من ئەبێ ھەڵکشێم
بۆ ئەوەی بەرزایی بمناسێ
من ئەبێ ڕۆ بچم
بۆ ئەوەی قوڵایی بمناسێ»
من زووتر ئەگەمە لای کەنار
پێش وەخت، بەچرپە بە ئاو و بەرد ئەڵێم: کێ ئەگات!
من زووتر، لەسەر گۆم شیعری خۆم ئەنووسم.
پێش وەخت، من سەرم وەکوو تاق لێئەدەم
ئارامی شپرزەم لەڕۆخدا ئەڕوێنم.

لە ژووری زەردباوی خەماندا
جڤینی غەریبان ئەم شەوە
لە بەردەم شای کۆچ و پیرەکەی موغانی شاخاندا!
جڤینی گوڵاڵە و خۆڵەمێش
جڤینی ئاو و گڕ
جڤینی تیشک و تەم
جڤینی فرمێسک و نیشتمان ئەم شەوە.
پێدەشتی زیوینی ڕۆح شوێنە و
کات لەژێر ڕکێفی عەشقایە و
چاوی خوا مەشخەڵی ئاسمانی ئەم شەوە.

من کە چووم بە نیازم لەگەڵ خۆم لە سنگما
ڕۆژنامەی ڕەشەبای خوێناویی دوو سەدەی
کێوانی بۆ بەرم.
یادداشتی دووکەڵی زامانی دوو سەدەی
پێدەشت و بناری بۆ بەرم.
بەنیازم ئەلبوومی ڕەنگینی ئازار و ژان و سوێی
قرچان و سووتان و زریکەی
ئاو، گڵ، دار، بەرد، شار، گوند
ئاژەڵ و باڵدار و بێ باڵی
دوو سەدەی بۆ بەرم!
بەنیازم وەختێ چووم لەگەڵ خۆم لە چاوما
بەتایبەت
ئاسمانی خنکاوی ھەڵەبجەی بۆ بەرم.
بەڵێنە ھەر ئەمشەو دوو قۆڵی درەنگان
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
پێک بگەین.
یەکەم جار:
ئەستێرکی باوەشمان
پڕ ئەبێ لە خونچەی ماچی سوور
باڵایشمان ئەبێتە دوو ئاوان.
ھەردووکمان وەک سەرمان

عەشق ئەنێین بە عەشقی یەکەوە
مێژوومان: داپیرە و
ھۆنراوەیش ئەکەینە ئاگردان.

بەڵێنە ھەر ئەمشەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
من و مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایڵی پێک بگەین:
پێک بگەین وەکوو دوو پەپوولە
پایزەی گیرساوەی سەر دڕکێ!
وەکوو دوو بریسکەی کشانی ئەستێرەی ناو خەونێ.
وەکوو دوو زەمانی ئاوێتەی یەک کۆچ و ڕەوەندێ.
وەکوو دوو قەسیدەی گریاوی یەک دیدە.
وەکوو دوو باڵندەی غەریبی ئاسمانێ.
بەڵام من ئەزانم ئەو زێیەی
لە گیانی بێ ئۆقرەی شیعرمدا بۆی ئەبەم
ھەناسەی سوورترە،
زریکەی بەخوڕتر،
فرمێسکی درێژترە،
لە شیوەسوورەکەی سنگی ئەو.
بەڵام من ئەزانم ئەو بێشەی ژوارەی
کە ئەیدەم بە کۆڵی سەیوانما و بۆی ئەبەم
ھەنسکی چڕترە
سێبەری وەیشوومەی کڕتر و
قوڵپەکەی بەربینی درەختی پڕترە
لە سارای خاک و خۆڵ.
بەڵام بۆ شیعری جوان، زرنگەی پاوانە
قەسیدەی شۆخ و شەنگ
بۆ کانە پرشنگی ھزری ورد، بارانی خەیاڵ و
بریقەی ھەستی تەڕ
پێی ئەڵێم:
بێگومان.. سەروەرم!.. بێگومان
وشەی تۆ قووڵترە
حەرفی تۆ گەشترە
دەنگی تۆ پڕترە.. بێ دەعوام، پەتکیش نیم!.
پێی ئەڵێم:
گەورەی من!
پێم ناڵێی ئەو ھەودای گزنگی چاوانەت
چۆن ئەکەیت بە دەرزیی حەرفەوە
بۆ ئەوەی خەم بدروویت
بەباڵای حەبیبە و عیشقەوە؟!
پێی ئەڵێم:
بە گەڵا تەقەڵی پایزان
چۆن ھەور دائەدرووی
بە شانی غوربەتدا و چۆن فرمێسک ئەڕوێنی و
 ھەواری بروسکەت چۆن خستە سەرتەوە؟!
پێم ناڵێی، سەروەرم! ئەو سڕڕەم پێ ناڵێی
ئەسپی «با»ی زمانت چۆن ڕام کرد؟
لە کوێوە چوویتە ناو دڵۆپی باران و
چۆن توانیت بە تیشکا ھەڵگەڕێی؟!
چۆن توانیت؟
سەرچنار، بەکرەجۆ، خاک و خۆڵ،
خانەقا، ھەر ھەمووی لە زامی ھیجرانت
بار کەیت و ئەو زامەیش
بخەیتە خوێناوی تانجەرۆی دڵتەوە؟
چۆن توانیت بە جومگە و بڕبڕەی شیعرێکی لانەواز
پردەکەی سەرشەقام دروست کەیت؟
چۆن توانیت دەروونت بەدەمی ھیلالی لاوازت
ھەڵکەنی و دارەکەی پیرمەسوور لە ناویا بنێژیت؟!

پێی ئەڵێم: گەورەی من!
چۆن توانیت بە تاڵە زوڵفێکی حەبیبە
گردۆڵکەی ژانی خۆت لە قەدی شەوانی تەنیایی
شەتەک دەیت؟
چۆن توانیت بێ سەوڵی دوودەستی نیشتمان
بە گەمیەی نێو مەوجی گەرداوی غەریبی
ئەم ڕێگای نەھاتە وا تەی کەی؟!
پێی ئەڵێم: سەروەرم! من وەکوو بزانم
ئەو خاکەی کە ژانت تیا پشکووت
بەرکاوی تینویەتی عەشقێکی بەپیت بوو
من وەکوو بزانم
تۆ شەوت بۆ گریەی چاوانت قۆرغ کرد.
سووتایت و ئەوساکە کازیوەت
گوڵ شیعری خۆری گرت!

ھەر ئەم شەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
یەکتری ئەبینین
جڤینی غەریبان ئەم شەوە
سووتانی غەریبان ئەم شەوە
ئەو وەختەی ئەگاتە بەردەمم
ئەو ئاوە و من داربی و کڕنووشی بۆ ئەبەم.
ئەیبینم: چڵێکی دارەکەی پیرمەسوور
گۆچانی دەسێتی.
ئەیبینم: ڕێ ئەکا و دوو سێ پۆل چۆلەکەی «کانی با»
بەدەوری دەغڵەکەی ئەو سەروڕیشەدا خول ئەخۆن.
ئەیبینم دووراو دوور ئەیبینم!
پەڵەیەک گوڵجاری گوندەکەی ماڵیاوا
سەرپێچی سەرێتی.
ئەیبینم: ئەڕوات و تانجەرۆ ئەم قاچی و
شیوەسوور قاچەکەی ترێتی.
شانومل دەوەنی لای «تەکیە»ن؟!
یان مۆم و ژێرپیاڵەی حوجرەکەی
مزگەوتی سەی حەسەن؟
ئەو پەنجەی دەستانە پەلکە گیای
لەرزیوی گوێ زەڵمن؟!
یان ھەنگی نێو شانەی قەسیدەن؟!
ئەوەندەم پێ ئەکرێ ھەر کە ھات
تریفەی بۆ بکەم بە فەرش و
لەبەر پێی سیروانیا ڕای بخەم.
ئەوەندەم پێ ئەکرێ
لە دوودی ھەناسەی درەختی عەلەم دار
وەک لاکێش
پارچەیەک لە دووکەڵ ببڕم و ئەستێرەی
ئەم دڵەی پێوە کەم بۆ ئەوەی بۆی بکەم
بە ئاڵای پێشوازیی ورشەدار.
پێش ئەوەی ئەو بگات من دێنم
لە ھیلال، کەژاوە و لە گریان، ئەسپێکی حیلەدار
زین ئەکەم؛ سووتانم سوار ئەکەم
تا بە غار خۆی بکات
بە گەلیی ئەو کۆچی بەفرەدا و
دووراو دوور بڕوانم، پێش ئەوەی ئەو بگات
بزانم چۆن ئەبم بە ھەڵم و
چۆن ئەبم بە قەترەی ئارەقی
سەرگۆنەی شیعرێکی دوور وڵات.
ھەر کە ھات پێی ئەڵێم: سەروەرم! بۆ پرسیت؟
«زارم وەکوو ھیلال و نەحیفم وەکوو خەیاڵ
ئایا بەزاردا دێمەوە و بە دڵدا دەکەم عوبوور؟!»
پێی ئەڵێم:
قوربان خۆت دارشاتووی وشەیت و
خۆت باڵی دەنووکی گۆرانی و
یەکەمین جۆلانەی «ھیلال»ی ھەڵبەستی
ھەر خۆیشت شمشاڵی لالێوی کەژان و
ھەر خۆیشت ئاوێنەی «با»ی سەوزی پێدەشتی.
پێی ئەڵێم:
گەورەم! تۆ
لەدوای خۆت بۆ ئێمە
میراتی خەمێکت بەجێ ھێشت
بەردەوام بە ھاژە و کەف چڕین، وەک زەڵم و
کەڵەگەت، وەک ھێرۆی قژ سووری
گوێ زامی تانجەرۆ!
بەڵێنە ھەر ئەم شەو درەنگان لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی
یەکتری ببینین!
ھەر ئەم شەو، من، نالی، حەزرەتی غەریبان ئەبینم.
ئەو، شەوە لە گزنگ موتوربە کراوە ئەبینم.
ئەو، کێوە کۆچەرە ئەبینم.
ئەو، بەفرە فەرەنجی لەبەرە ئەبینم.
ھاوینە و لە ماڵی پایزدا جڤینی غەریبانە ئەم شەوە.
لە کوێوە داربەڕووی لانەواز
ڕەگ ئەدا بە کۆڵیا و ئەگاتە ئەم ناوە؟
لەکوێیە پرشنگی دەربەدەر؟
لەکوێیە ڕووباری ئاوارە؟
ئەستەمبووڵ، لانکەیە بۆ ھەتاو؟
ئیستگەیە بۆ خەونی غەریبان؟
یان تۆڕە بۆ مانگ و چەقۆیە بۆ ملی ئەستێران؟
ئەستەمبووڵ دەروازەی بارانە؟
یان شاری کوللەیە و شمشێری دەس سوڵتان؟
ئەستەمبووڵ سروەیە؟! ئارامە؟! ھەتوانە؟!
یان خوێیە بۆ زامی گەڕیدەی عاشقان؟!
لەوێوە نالی دێ و شارەزوور لەگەڵ خۆی ئەھێنێ
لەوێوە قەقنەسی ئەو خەمە باڵ ئەگرێ و ھەڵ ئەفڕێ و ئەسووتێ!
ئای عەشقی داروبەرد، وای عەشقی خاک و خۆڵ!
ڕۆژ نییە ئەو نەبێ بەمێرگی خەونێک و
وڵاتیش بە جوانووی غارکەری نواڵەی سەرسنگی!
ئای عەشقی ئاو و گڵ، وای عەشقی گژوگیا و لق و چڵ!
ڕۆژ نییە ئەو نەبێ بەکانیی یادێک و
وڵاتیش بە قاسپەی کازیوەی نێو دەنگی.
ئای عەشقی مەڵکەندی، وای عەشقی کانێسکان
شەو نییە ئەو نەبێ بە چیغی سەربانێ و
شارەکەی بە «مانگ»ی وەریوی ھاوینی خەیاڵی.

بەڵێنە ھەر ئەم شەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان یەکتری ببینین
تا ئەودێت، تا ئەگات
من ژاڵەی تەماشام لە سیلەی
ھەر دێڕە شیعرێکی غەریبدا ئەنێژم.
ھێڵ بە ھێڵ
ھەناوم بە قەڵەم ئەکێڵم
ئازارم چووز ئەکەم لە تیشک و
سەریشم پڕ ئەکەم لە باران.
تا ئەو دێت، تا ئەگات
من چرای دیوارکۆی ملی خۆم
لە حوجرەی «تەکیە»دا ھەڵ ئەکەم.
زرێبار ئەھێنمە ڕۆحمەوە و
بە ژێی ئاو کەناری تەنیاییم وەکوو تار لێ ئەدەم.
تا ئەو دێت، تا ئەگات
من ئەبم بە پەیکی شارەزا و بە –بادی خۆش مروور-
لەسووتووی ھۆرەکەی ھاواری شارەزوور
بە دیدەم مێژوویەک ئەشێلم، ئەیشێلم
تا ئەیکەم بە سەری بڕڕاوی «سالم» و
بۆی ئەبەم!
بەڵێنە ھەر ئەم شەو درەنگان
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵیی پێک بگەین:
ئەزانم ھەر کە ھات وەک ئەسپی بوولەرە
ئاپوورەی پرسیاری چون پڕمە و سمکۆڵ و چەپۆکان ئەخرۆشێ.
چون ژانی خەزان و ھەڵوەدای زریانی بێ‌داڵدە و بێ‌پەنا
ھەناسەی ئەو سینە شەقارە لە مەنفام ئەورووژێ
ئەزانم ھەر کە ھات
ئەو ئەبێ بە حیلەی سۆراخ و
بڵێسەی ئەداتە چوار ناڵە و
تەپوتۆز لە دەشتی ئەم سیما خۆڵینەم ھەڵئەسێ
ئەپرسێ و ئەپرسێ ..ئەپرسێ
ئەمجارە، ئەو بەردی کۆڵانی یادێک و
ئەو داری نێو خەونی باخێکی وڵاتی گوڵ عومەر
نامێنێ ھەواڵی نەپرسێ
ئەمجارە ئەو باڵای قەسیدەی نیشانەی پرسیارە و
لەو پەڕی ھەر بستە سۆزێکی ھەواڵدا
چاو لە ڕێ دایئەنێ!
ئەمجارە سالمی ناو زوڵمەت
یەک گەمیەی چارۆگە سووتاوی شەو نییە.
ئەمجارە «سالم»ی ھاوڕێی جێنیشتەی دۆزەخ و
ھۆنراوەی داپڵۆخاو، زوخاڵە وشەی شار،
قەڵەمی باڵکراو، ڕێچکەن و کاروانی دووکەڵ و
سێبەری پەرت پەرتی وەیشوومەن.
ئەمجارە –نارەوەن- بەتەنیا
پەنجەرەی حوجرەکەی خانەقا بۆی ناگری
ئەمجارە ھەر پردی سەرشەقام
بڕبڕەی پشتێکی شکاوی گۆرانیی شار نییە.
بە تەنیا «کانی با» ئاخێکی گرمۆڵە و
سەرچنار مراویی خنکاو و
بە تەنیا حەبیبەیش یار نییە.
کە گەیشت پێی ئەڵێم: سەروەرم!
سەرکردەی لەشکری خەم و داخ!
مەترسە لە دوای تۆیش سوپاکەی خەمانمان
بەھێزە و سەرکەوتوو،
لەدوای تۆیش نەشکاوین، بۆ بشکێین؟!
کە شادی ئەوندە لاواز بێ و ترسنۆک
بۆ بشکێین؟!
کە خۆشی ھێندە زوو
لەبەردەم ھێرشی کۆستماندا ببەزێ!

***
من دەمێک بوو، وێنەکێشی خولیای سۆفیم، بەرامبەری ئەو ئاسۆیە

ڕاوەستابوو. من دەمێک بوو جووڵەی پەنجەم
بووبوون بە ھێڵی باڵای ئەو. تروکەی چاو:
بە نوختەی سەر تەوێڵی ئەو، ھەناسەکانم:
بۆشایی و ئازارەکانم ڕووناکی و شەوقم سێبەر.
من ئیستاکە وشەم لەناو دەفری شیعرا ئەگرمەوە،
خەون و سروشت و ڕەنگ و دەنگ تێکەڵ ئەکەم.
وێنەی نالی وا ئەکێشم:
سیمایەکی بەزەڕکەفتی ئەشکەنجە و داخ درەوشاوە
یان گردە تەمێکی تێکەڵ بە زەردەپەڕی ئێواران.
دوو چاوی ڕوون: لە بنیاندا چەوی خەیاڵ تروسکەی دێ؛
دوو گۆی ورشەدارن لەناو دوو کالانەی قووڵ و ماتدا
بزاڤیان تیژ و بێ‌ئۆقرە..
بە سەریانەوە دوو برۆی تەنک، پەیوەست
بەردە نوێژی تەوێڵێکیان ھەڵگرتووە
کە باران و گوڵ و شیعر
نوێژی لەسەر دائەبەستن.
دوو ڕوومەتی پڕ لە دێراو
بە «جووت»ی ساڵ ڕێ ڕێ بوون و
کەوتوونە بەر چڕیی سێبەر.
کەپوویەکی بەقۆرت، تووڕە.
دەم و لێوێک وەک ھەمیشە ئامادە بێ
ماچی خۆشەویستی بکات.
ڕەنگی قژی: تاریک وڕوون.
دەست و پەنجەی بچووک بچووک منداڵانە.
دەنگی: ھێور.. وەختێ ئەدوێ
دەستیش ئەبن بە جۆلانە و بە پاڵەکانی ئاخاوتن
دێن و ئەچن.
کە شیعر ئەخوێنێتەوە، لە گەڵیا ئەچەمێتەوە
وەکوو سوجدە بۆ زمانی کوردیی بەرێ وایە.
پاڵێک و ڕیشی تێکەڵاو
سنووریان زەردیی دووکەڵە.
دەمارەکانی پشتی دەست
وەک جۆگەلەی باریک و شینی سەر نەخشەن.
لە زۆر کەس باڵای کورتترە.
بەڵێنە ھەر ئەم شەو دووقۆڵی درەنگان
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
یەکتری ببینین:
ھەر لە دوای گەیشتن..
ئەو ساتەی کە دەستم ئەخەمە ناو دەستی غوربەتی
دە شمشاڵ پەنجەمن و نامۆیی ھەردووکمان ئەژەنن.
ئەو ساتەی ھەواری ڕیشەکەی ماچ ئەکەم
دوو لێوم کەناری کانین و وڵ ئەگرن.
ئەو ساتەی کە چاوم ئەبڕمە نێو چاوی ھیجرەتی
فرمێسکم پەپوولەی سپین و لە زەردەی ڕوخساریا ھەڵئەفڕن.
ئەو ساتەی کە پرژە و تنۆکی دووانی لێم ئەدا
قاقڕ وڕووتەنیی بیستنم
بە ئاوی دەنگەکەی شین ئەبن،
ئەو ساتەی پێی ئەڵێم: سەروەرم!
لە ئاوی پرشنگتا غەرقم کە
بۆ ئەوەی لە قووڵیی سۆزتەوە
بگەمە ناخی خوا و
ئەم تەمی گومانە لەسەرچاو لابەرم.
پێی ئەڵێم: سەروەرم!
تۆ نووری تەوێڵی وڵات بووی گەیشتی
ئەوەتا من لێرە چوار وەرزە تەنیایی
بە بێڵی تاریکی ئەمکێڵێ
تەماشا! زەمانی وەڕس بوون خەریکە
بە دەنووک ھەناوم کون بکا و ئارامم ھەڵکۆڵێ.
سەروەرم! من ئیستا بۆ گیانم تیرێژێ
پەنجەرەی ئەزمڕم لێت ئەوێ.
مەھێڵە ئەم ھەوای ناسۆرە
ڕەنگ و بۆی ھۆنراوەم بەرێت و
مەھێڵە لاوکم ھەڵوەرێ!
سەروەرم! من ئیستە لەم دوورە
کەوێکی کەسیرەم
بۆ چینەی گۆرانیم
بۆ باڵی دڵداریم.. سەروەرم!
من مشتێ لە خۆڵی سەیوان و
کاسەیەک بارانی سەر گۆیژەم لێت ئەوێ.

بەڵێنە ھەر ئەم شەو درەنگان لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵی یەکتری ببینین
ئەزانم ھەر کە ھات.. پێم ئەڵێ:
-ئەستەمووڵ دەشتی خوێ و
برینم ڕێبواری پێپەتیی سەر ئەوە
من گەڵا ئاخێکی وەریوم
ڕەشەبای مەوسیمی فیراقیش ھەر ئەمبا و
ئاشییان بە تەنھا قەڵەمی بێ خەوە!
ڕەفیقان! بەڵام ئەز ھەتاکوو
ئەم ئاشی غوربەت و حەسرەتە بمھاڕێ
خەیاڵی حوزوری لای ئێوەم وردترە.
ئەم بادەی بەھەشتی سوراحیی گەردنەم
تا ھیجرەت کۆنی کات
بۆ نەسلی قەسیدەی داھاتووم
نۆشینی خۆشترە.
عەزیزان! لە کوێ بم
تانجەرۆ ئاوێنەی پێش بووکی بەیازمە و
چاوانی حەبیبەیش کەوسەرمە!
لێی ئەچمەوە پێشەوە و ئەپرسم:
-سەروەرم!
کەی شیعر بە سەرتا ئەبارێ و
ئازارت تەڕ ئەکات؟
- ئەو فەسڵەی کە عیشق ئەبێتە ئاسمانم
ئەو دەمەی کە سەرم
چەخماخە ئەدات و
ژان ئەبێ بە ھەورم.
-سەروەرم! ئەی بادی خۆش مروور ھاتەوە؟
تەتەری ئەو خۆزە عەوداڵە چی ئەڵێ؟
ئەو پەیکە لە کوێیە؟
دیدەنی خاک و خۆڵ کەی ئەکەیت؟
-ئەویش وەک کۆترەکەم
وەک خەونی ژوورەکەم
وەک دەنگی سالمی ھاوڕێم
لەوێیە و عاسییە
تەتەری ڕۆحەکەم!
بەڵام من ئەمجارە لەسەر ئەو ناوەستم ئەچمەوە.
بەھارێ ئەچمەوە، کە سیروان وەکوو من
ئارامی ھەڵئەستێ. مەوسیمێ کە خونچە
وەک پەنجەم، قەسیدەی پشکووتن
بۆ لێوی حەبیبە و شارەزوور ئەنووسێ.
ئەو دەمەی ھەڵەبجەی کەژاوە
بەسواری ئەسپەکەی مەولەوی
سەوزتر دێتەوە ناومان و ئەو دەمەی
کە «گوڵان» لە ماچی ھەتاودا غەرق ئەبێ.
سێ کوچکەی سەفەری بارانین سێ قۆڵیین
مەولانە و حاجی و من
بڕیارە ئەمجارە پێکەوە بگەینە ساراکەی وڵات و
پێکەوەیش لەسەر خەم دابکەین!
- ئەی باشە سەروەرم! کەی ھاتی؟ چۆن ھاتی؟
سالمت نەبینی
پێش ئەوەی کۆچ بکەیت؟!
- لەبیرمە ئەو سوبحی پایزەی کۆچم کرد
منیش وەک نارەوەن ئەوەریم.
بەیانیم غورووبی وەسڵم بوو
ئاگر بووم لە سەرمای فیراقدا ئەلەرزیم
بەڕێوە کوڵوکۆم بردە لای
سالمی نەسیمی شارەکەم
گریانم ماچی کرد، خەزانم باوەشی پێدا کرد
لە بیرمە پێی وتم: ڕەفیقی ڕۆحەکەم!
وێڵاشی تەنیاییم
بەم وەرزی ناوەختەی چاوڕێزان بەرەو کوێ؟
بەرەو کوێ چاوەکەم؟
ڕووی ژیلەی خۆم تێکرد:
«ئازیزی ئازیزان!
چارەنووس ڕێبواری ڕێی ھات و نەھاتە و
نازانم ھودھودی ئەم ڕۆحەم
بەرەو کوێ ئەفڕێت و کام کونجی غەریبی
ئەبێتە ھێلانەم.
نازانم؛ مەوجێکم سەری خۆم لە خۆڵدا ھەڵ ئەگرم.
شیعرێکم تلاوتل ئەڕۆم و درەختم باڵ ئەگرم.
سالمی ھەناسەم! ئەرجوی من ھێندەیە:
کە جارجار ئەستێرەی کشاوی یادی من
لە خەونی قەسیدەی جوانتانا ببینن»
ئەوەندە و ڕۆیشتم و لەو لای وەیس بەو لاوە
بۆ دواجار ئاوڕم لە چاوی جێماوم دایەوە
ئاوڕێ لەو ساوە: شەوگاری ھیجرەتم
گۆچانی تاریکیی دایە دەست غوربەتم.
لێرەدا پێی ئەڵێم: گەورەی من! ڕێم ئەدەی تا منیش
ئەو شیعرنامەیەی کە دابووم بە ھەمان –باد-ی تۆ، بە ھەمان
پەیکی تۆ، تا بیبات بۆ چەندان سالمی شارەکەم
شارەکەت، نیشانی تۆیشی بەم؟ ڕێم ئەدەی.. گوێت لێ بێ؟
بەڵام من سەروەرم! ئەزانم کە گوێی تۆ، چاوی تۆ،
نائاشنان بە زەنگ و بە وێنەی زایەڵە و تان و پۆی
ئەم جۆرە شیعرانە! وتت چی.. سەروەرم؟ دڵنیام ئەو ئەڵێ:
«ناسکبێ و خەیاڵی تیا بفڕێ.. حەز ئەکەم گوێم لێ بێ».

سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
ھاوڕێیان!
لە بەندەری تەمومژی ئەم کۆچەوە
کە شەوتانی بە ئەستێرە و شیعر و زام و
چیرۆکەوە کردۆتە کۆڵ..
لەم بەندەری غوربەتەوە ئەتانبینم:
لە نێرینەی زەریایەکی ترسا
لەگەڵ نێرە نەھەنگێکی شێتا
کە مێژووی لیخن کردووە و
ئێسکی خۆرەتاو ئەکرۆژێ و
جوانی ئەخوا..
ئەتانبینم: ھێشتا لەسەر تەوقی سەری
وەکوو چاوتان، وشەتان پریشک ئەھاوێ و
دەنگتان گڤەی ھەڵکردنی ھەر پێ ماوە.
ئەتانبینم: چرای ستوونی قەڵەمتان وەک گەردنتان
گەش ئەسووتێ و
چارۆگەی ھیوای سپیتان نەژاکاوە.
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
لەم بەندەرە لمینەوە
کە ڕووناکیی ئازارتانی تنۆک تنۆک ھەڵمژیوە
ئەتانبینین: حووتی تۆفان بەدەم باداوەی زەردەوە
ئەتانبات و ئەتانھێنێ و
وەک لاشیپانی کەشتیتان
دەرگای لەشتان شەقەشەقی پێ ئەکەوێ و
بەڵام لوتکەی بەجریوەی گیانی شینتان
وەک باڵاتان ڕێک وەستاوە.
ئەتانبینین: لەناو ئابڵووقەی نێزەدا
سەرتان دم دمی تازەیە و
خانی لەپ‌زێڕینی وشەیش
قوللەی خامەی ئەم زمانەی بەرنەداوە.
«سالم»ەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
ھاوڕێیان!
تا ئەم تۆفانی نەھەنگە
کڕنووشی نیشتنەوە ئەبا بۆ زەمین و
ھەتا تاریکی ئەوەرێ.
ھەتا کەشتیەکانتان ئەیکەن بە جەژنی ئاو
ھەتا بەندەرمان ئەیکەن بە جەژنی کەشتی
ئەبێ بانگی سەری ئێمە «نەء» و
سەوڵەکانی دەستی ئێوەیش «نەء» و «نەء»بێ
سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ھاوڕێیان!
ئالەم تاقە وشەیەدا
دواڕۆژ ھەناسە ئەدات و
ھەر لەم تاقە وشەیەشدا
خەون ھەڵدێ!
بەڵێنە ھەر ئەمشەو لەکەنار ئەو گۆمە
غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی
یەکتری ببینین:
وەک شادی کات کەمە و وەک کسپەیش پرسیار زۆر.
من ئەبێ ئەو «پرس»ە گرنگەم بیر نەچێت! ھەر کە دیم
پێی بڵێم:
سەروەرم!
مەراقە.. لە دڵی زمانی کوردیدا.. مەراقە
لەبەرچی دارمێوی شیعری تۆ کۆچی کرد؟
بۆ ژانی بەیارت جێ ھێشتین؟!
بۆ بەسەر تینویەتیی ڕووباری گیانمدا
ھەتا سەر دات نەکرد؟

- کوللە بوون تورکان و بەر خۆریان لێ گرتم. ھەتاوم نسێی کرد
مەلێ بووم بێ تیشکی ئەو عەشقە ئەمردم. مەھێ بوو وڵاتی
بابانم. لەشەوی دەیجوری تورکاندا کە گیرا
کوشتیان و ئەیانویست بەخوێنی ئەو مانگە ئەز بیشۆم
چاوانم. چی بڵێم؟ نەشمویست لەنێوان، پاشاکان،
برالەی دوژمندا، بۆ عەجەم یان تورکان. من شیربم
یان قەڵغان!

- سەروەرم! دۆزەخی ئەستەمووڵ
ھیچ لالە شیعرێکی تیا نەڕوا؟!
دەریاچەی ئەو خەونە ھیچ گەرا ئەستێرەی جێ نەھێشت؟
قەتارەی ئەو ھەوری وشانە نەخرۆشان؟
گزنگیان دانەڕشت؟
بۆ جارێک، ھەر جارێک، لەو ئاسکی شیعرانە
یەکێکیان ئەگەیشتنە لای ئێمە؟!

- ئاخر چۆن بسووتێم..ڕۆشن نیم؟
ئاخر چۆن ھەڵوەرێم.. پایزی شیعر نیم؟
ئاخر چۆن شارەزوور.. ھەورم بێت
سێڵاوی وشە نیم؟
ئاخر چۆن حەبیبە ئاسکم بێت
من دەشتی پاراوی خەیاڵ و بەستە نیم؟
کەم بووە شەوانە خەم نەزێ و
ئەستێرەی شیعرێکی لێ نەبێ!
کەم بووە ڕۆژانە من نەبم بە ھەڵم و
دانەکەم بۆ شەوێ!
زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە. بۆ مژینی خەمی سپی
خۆشەویستیم ئەبێ بە ھەنگ، ڕیشی بە باخ.
زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە، ھێواش ھێواش،
ھەردوو کۆترە ساردەکانی دەستی ئەگرم،
ھەر بەدەم گمەی شیعرەوە ئەیانخەمە
ناو سنگمەوە. بە گریان دایان ئەپۆشم.
ھەوڵیش ئەدەم زەینی خۆم بکەم بە ماسی،
بۆ ئەو بەحرەی لەبەردەمما دانیشتووە.
ھەوڵیش ئەدەم تەماشام بکەم بە بەران
بۆ ئەو کێوەی بەرامبەرم ڕاوەستاوە.
دواتر ئەدوێم. ئەبم بە چیمەنی قسە،
بە چوار دەورا ئەتەنمەوە. ئەوسا ئیتر
بەدرێژیی باسی شارو ھەناسەکانی بۆ ئەکەم.
باسی سووڕانەوەی مێژووی خوێنی بە دەوری
کوردا بۆ ئەکەم. حیکایەتی بێ کۆتایی
«ڕیس و خوری»ی تفەنگەکانی بۆ ئەکەم.
باسی «تاقمی مومتاز»ی قوربانیەکانی بۆ ئەکەم.
شەڕی نێوان سەری خۆم و دەستی خۆمی
بۆ باس ئەکەم.ڕووناکیی بۆ ئەگێڕمەوە.
تاریکیی بۆ ئەگێڕمەوە.
ئینجا تۆزێ ئەچمە دواوە. ئەو ماچانە و
دیوانە تازەکەی خۆی و ئەو کوڵەباڵەی
بە دیاری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس
بۆی ناردبوو، ئەیان پێچم لە ڕێحانەی
بیارەوە و لەسەر ڕانی بۆی دائەنێم.
ماچەکان ئەخاتە سەرچاو. پڕ بە گیانی
ئاوارەیی بۆنی ڕێحانەکان ئەکات. ھەر لەوێدا
کوڵەباڵیش لە بەر ئەکات. دیوانەکە ئەکاتەوە
دەستێک بە ڕیشیا ئەھێنێ. ڕووم تێ ئەکات و
پێم ئەڵێ «ئەم پیرەیشمان چیایەکە وەک
شنروێ.. واصلی کە عەبیری سەلامم
بەو و پێشی بڵێ لە دڵمایە وەک تانجەرۆ»
لەپاش تۆزێ ھەڵئەسین و ئەیبەم، ئەچین،
بە گوڵزارەکەی مەسعووددا سوڕێک ئەخۆین.
چاوم لێیە لە ھەندێ شوێن دائەنەوێ و
بۆنی گوڵەکانی ئەکات. ڕائەمێنێ، لە سەرتڵی
قسەکانی، شاگوڵێکیان ئەکاتەوە و ئەیخاتە بەر
پشتێنەکەی ئاوڕم لێ ئەداتەوە. پێئەکەنێت و
پێم ئەڵێ «ئەم باخەوانە تێم ئەگات!»
«شیعرێکی بڵاونەکراوەی نالی کە پار زستانێ ھەورێکی
شیعر دۆستی قایمکار لە ئەستەمووڵەوە بۆی ھێنابووم»:
«کرمی ئاوریشمە خەیاڵم، بۆ سەرووی ئەو قامەتەت
من کە قۆزاخەی خەمێکم، دەوری داوم چاوەکەت
ئیشتیاقم: بەحری تینوو، ھیجرەتم: سەحرا بە کۆڵ
ڕۆحی نالیی ھەنگی عیشقەو، شانەکەیشی ناوەکەت!.»
بەڵێنە ھەر ئەمشەو لەکەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵی یەکتری ببینین:
من، نالی، حەزرەتی غەریبان ئەبینم
ئەو شەوە لە گزنگ موتوربە کراوە ئەبینم
ئەو کێوە کۆچەرە ئەبینم.
ئەو کە ھات وەک ئاو و کە گەیشت وەک تیشک و
کە ھەڵنیشت وەکوو باز
من وەکوو خەیاڵی شارەزوور لێی ئەچمە پێشەوە.
ھەر خێرا، ھەواڵی گرنگی چەند سەرووی دەربەدەر..
ھەواڵی گۆرانیی وەکوو خۆی ترافیە
ھەواڵی بەفری شێت لە دووریی ھەڵەکۆک،
ھەواڵی چەند زاری ھیلالی وەکوو خۆی ئەدەمێ و
پێی ئەڵێم:
- سەروەرم! بەر لەوەی تۆ بگەیت، لەوێ بووم،
 لە جونێف. ڕۆژێکیان لە جادەی ژمارە ١٨٩٨،
لە کۆشکی نسرم و شێداری مێژودا، پلیکەی پێشینی
تەختەبەند. پلیکەی ڕۆژگاری پێچاوپێچ. بە کونی
ھەتاودا، بردمیە ژێر خانێ، لەوێدا چاوم کەوت،
بەیەکەم ڕەوڕەوەی زمان و بەیەکەم قوتیلکەی
ناو ژووری شەوەزەنگ. لەوێ بوو، ھەر خۆی بوو.
جەلادەت بەدرخان –بەر لە من ئەتناسێ و باوەشێ
ماچیشی بۆ ناردووی..
من کە دیم شاخێ بوو ئارەقی سەردێڕ و ستوونی
ئەڕشت و منارەی وشەبوو، ئەسووتا و بەپێوە
وەستابوو، من کە دیم ھەورێکی ڕیشدار بوو
بە تەنھا ئەیگرمان.
من وتم:
- سڵاو ئەی
ڕۆژنامەی باپیرە گەورەمان
لەگەڵ چی خەریکی؟!
ئەو وتی:
- خەریکم بە وشە
دیواری تاریکی کون ئەکەم
ئەگەڕێم بۆ ھەتاو.
- بەکونی ھەتاودا من ھاتم. وام پێ وت.
ئەو وتی:
- باش ھاتووی!
تۆ شیعری کام شاری؟!
من وتم:
- ھی نالی!
ئەو وتی:
- ئاخ! نالی
دوو زام و دوو کسپە و
دوو ئاخی چەند لەیەک نزیکین
ھەر ئەڵێی جمکی ئەم غوربەتەین
ئەی ھیچت لەگەڵ خۆت ھێناوە
بۆ شەوی غەریبیم؟!
من پێم وت:
- مۆمێکی ئەشکەوتی باڵەکیان..
یەکەمین ڕۆژنامەی بارانی ئەیلولم ھێناوە
من «دەنگی پێشمەرگە»م
لەگەڵ خۆم ھێناوە..
ئەو وتی:
- ڕۆژنامە! پەنجەرەی دەنگمانە
ئەو وەختەی کە بەسەر دنیادا ئەڕوانێ.
ئەوەتا من لێرە یەکەمین پەنجەرەم کردەوە.
تیلچافە ڕێوبانی ھەنگاومان.
سەیرکە! چواردەورم بە ناسۆر گیراوە
ھەر حەرفە و ھاوارم لێ ئەکا و
نامۆییش دڕک و داڵ!
خۆش ھاتی!
دیارییەکەت ئەوەمەو
خۆزگەم بوو بیبینم.
ئەزانم کە نالیی ئەو کاتە، کەژێکە لە بنار تا لووتکەی
ھەر گوێیە و ھەر چاوە. ئەزانم ئەیەوێ بزانێ، ئەستێرەی
فرزەندی لانەواز لە کوێن و جریوەی غوربەتیان لەکام لا
ڕژاوە. بۆیە من ھەر ئەدوێم:
- سەروەرم! ھەروەھا لەو لایش بووم. لە پاریس،
پاریسی بە شیعر پاراو و بە ھزر چراخان. شەوێکی
تەمومژ. بەدەوری مێژوودا باپووسکەی پرسیار بووم
ھەر خولم ئەخوارد و وێڵبوونم ئەیپرسی:
-شەریف پاشا سەعید خەندان
شەقامی میسین ژمارە ٢٠؟
«ئەمیشیان بەر لە من ئەتناسێ و بە مندا دوا دەقی
یادداشتی ھاواری زامی خۆی بۆ ناردووی»
سەرەتا ئەچوومە بەردەمی ھەر کەسێ، سەرێکی بائەدا:
«ببوورە ناوی وا نایەتە خەیاڵم..»
یان ئەیوت: «پێم وا بێ شەقامی میسینیش بەرجادە کەوتبێ
نەمابێ.. نازانم..»
ئەمپرسی و ئەمپرسی و ئەڕۆیشتم
باگژەی سۆراخ بووم.
خۆم لەگەڵ خۆم ئەدوام:
«من ئەبێ لووتکەکان وێڵ نەکەم
بۆ ئەوەی بچمەوە سەرچاوەی بەرزایی
من ئەبێ شوورەکان وێڵ نەکەم
بۆ ئەوەی بگەمە سەرەتا و کۆتایی»
تا دوایی شەقامێ بردمیە بەر کووشکی کتێب وڕۆژنامە فرۆشێ.
کووشکەکە بێھودە ئەیڕوانیە دەوروبەر وەک ڕامبۆ!
کووشکەکە لە ماڵی نەھێنیی گوێ چەمی «مانگ» ئەچوو.
خاوەنی کووشکەکە.. درێژ و ڕەقەڵە
ھەر ئەتوت خاوەنی «شەبەنگە بەڕۆژە»
ئەدرەسم دایە دەست. چاویلکەی ھێنایە سەر لووتی.
دوای کەمێ بە پەنجە ئاماژەی بەرەو لای گردێکی ڕوتەڵە بۆ کردم.
پێی وتم:
- ژەنەراڵ؟! ئەیناسم
ھەموو ڕۆژ ڕۆژنامەم لا ئەکڕێ
ھەر لە دوای کۆنگرەی ئاشتی بوو
لە خانووی شەقامی میسینیش دەریانکرد!
لەوساوە کۆترێکی برسییە
لەوساوە، پاریسیش ھێلانەی وڵاتی لە بیر کرد!
داخەکەم! ژەنەراڵ خەونەکەی وەکوو خۆی
ئیستاکە لە ژوورێ خزاوە تەنگ و تار.
داخەکەم! وڵاتی ژەنەراڵ
ئەسپێکی بێ‌کەسە
لەدنیای ئەمڕۆدا
کێ حیلەی ئەبیسێ؟!
ھەر ڕۆیشتم. ھەتاکوو سۆراخی مەراقم گەیاندە ژوورەکەی.
ژوورێ بوو بەقەم بوو ڕەنگ و ڕووی. بۆبرش بوو ھەناسەی.
غەمگین بوو، لە دیدەی تۆ ئەچوو، سەروەرم! من کە دیم،
قەڵەمی کۆماوەی ڕیش سپی. پڵنگی پەککەوتە. خەریک بوو
بۆ جاری سەدەمین، یادداشتی بۆ دنیای کەڕ و کوێر ئەنووسی
ژوورەکەی سیخناخ بوو لە چاوی ئەبڵەق بووی یادداشت و
لە ڕیزە تابووتی دۆسییەی بەڵێنی دەوڵەتان. پڕ بوو پڕ،
لە چڕە دووکەڵی دێھات و قریشکەی سێدارەی شەقامی نێو شاران
زەمانێ من لەلای دانیشتم. درەنگان شریتی ڤیدیۆکەی
ھەڵەبجەم دایە دەست. کە لێیدا، شاخی پیر
زۆر گریا و ئەسرینی یادداشتی داباری.
کە ھەڵسام پێی وتم:
- ئەم شەوی دۆزەخە
مەگەر ھەر یەکێکی وەک نالی
بیکاتە ڕەشماڵی شیعرێکی زۆر گەورە.
بەردەوام من زەمان ئەئاژوێم
ئەدوێم و
نالیش ھەر گوێ ئەگرێ لە ھۆرەم
ھەتاکوو پێی ئەڵێم:
- وائیستەیش سەروەرم!
یەکەمین ڕۆژنامەی ھەناسەی بەدرخان
یەکەمین یادداشتی فرمێسکی خەندان و
یەکەمین ڕۆژنامەی چریکەی ئەیلولم
پێچاوە لەسەری بڕراوی «مارت»ەوەو
لەگەڵ خۆم ھێناومن
پێی ئەڵێم:
- دە فەرموو لێم بگرە سەروەرم!
بۆ ئەوەی لەیەکتر دانەبڕێین!
بەڵێنە ھەر ئەم شەو لەکەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵی یەکتری ببینین
ئەم شەو خەوێکم دێتە دی و ئەبم بە شیعرێکی باڵدار.
لە خۆشیاندا باڵ وەرئەدەم لە ئاواز و
دەنووک ئەگرم لە تریفە و
شەپۆل ئەکەم بە ھێلانەی تازە ھەوار.
ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و لە خۆشیاندا
نیگام ئەبن بە کارێز و قژم بە گیا و
پەنجەکانم بە گەڵای دار.
ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و نیشتمانم
لەناو دیدە و لەناو دەنگ و لەناو ڕیشی
نالیدا دێ و ئەگاتە لام.
سنگم ئەبێ بە خاک و خۆڵ
سەرم بەچوخمی «سەرشەقام»
ئەم شەو خەمێکم بەختیار.
مەراقێکم ھێور، ئارام
ئەمشەو منداڵیم ئەبارێ
بەسەر یادی سەوز و سووردا و ئەبمە دەربەندی پەپوولە و
دایکم ئەبێ
بە مامزێ سپی سپی و حیکایەتی گردی ڕەشیش
بە گرمەگرمی گەواڵەی ھەوری سەرشار.
ئەمشەو خەمێکم بەختیار.
مەراقێکم پەل و پۆدار.
لەسووتاندا ھەڵئەقوڵێم و
لە گریاندا سەوزم ئەکا ھەڵەبجەی یار.
ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و ئەبم بە ئەسپێکی باڵدار
ئەمجارەیان من ناچمەوە لای نامۆیی و
شەو درەنگان ھەر لە کەنار ئەو گۆمەوە
جڵەو بۆ «با» شل ئەکەم و
لەگەڵ نالی ئەڕۆمەوە بۆ لای گۆیژە و
پێکیشەوە ئەچینەوە لای سالم و
حەبیبەی شار!

1991/01
ستۆکھۆڵم
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شێرکۆ بێکەس. «دەربەندی پەپوولە/IV». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٧/١١/١٩.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.