شاعیر: شوکری فەزڵی (١٨٨٢-١٩٢٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: پێنج خشتەکی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
لە چاوم دەم بەدەم دێ جۆ بە جۆ فرمێسکی خوێنینم
پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلی کوردی
لە چاوم دەم بەدەم دێ، جۆ بە جۆ فرمێسکی خوێنینم
برینداری خەدەنگی عەشقم و مومکین نییە ژینم
لە من ئێستاکە بێزارە بە کوللی جانی شیرینم
«ڕەفیقی کونجی میحنەت عاجزن ھەر شەو لە ناڵینم
گورێزانن لەبەر لێشاوی مەوجی ئەشکی خوێنینم»
بە ناری فیرقەتی تۆ جیسم و جان و دڵ کە وا سووتا
وەرە ڕەحمێ بە حاڵم کە، فیدات بم، ئەی مەلەک سیما
بە یادی پەرچەم و خاڵی سیاھ و ڕوومەتت ئێستا
«ئەگەرچی ڕۆژ و شەو مەشغووڵی نەغمەی موتریبم ئەمما
لە غەم خاڵی نییە ساتێ دڵەی مەحزوون و غەمگینم»
کە ئەووەڵ من ئەسیرت بووم، بە تەحقیق ئەی سەنەم زانیم
بە ھیجران دەمکوژی ئاخر نییە ڕەحمت بە شەیداییم
لە سینەمدا ئەوا کەوتۆتە خوێن، زامی دڵم داییم
«تەبیب دێنن دەوای دەردم بکا، خۆ من زەدەی دووریم
بەبێ داروویی وەسڵی ئەو نییە ئارام و تەسکینم»
لە فیرقەت قەت نییە عاشق ئەسیری دەرد و میحنەت بێ
لە ڕێی پێغەمبەرا مردم ئیتر با وەقتی وەسڵەت بێ
بە جانانم بڵێن تا کەی وەھا تەرکی مرووەت بێ
«ئەگەر مومکین نییە وەسڵت، لە پاش مردن وەسییەت بێ
لەباتی قەوم و خوێشانم لەسەر مەیتم بکا شینم»
لەبەر دەرگای ئەوا کەوتم، بە ئاھ و شیوەن و گریان
لە ڕۆح ئێستاکە بێزارم، منی بەرھەم زەدەی ھیجران
ئەگەر ئەو شۆخە، من بکوژێ بە شمشێری برۆ و موژگان
«شەھیدی عەشقم و مەمشۆن و کفنم بۆ مەکەن یاران
گەواھی حەشرە بۆ دەعوای شەھادەت بەرگی خوێنینم»
منی کوشت ئاخر ئەو یارە، بە کەس مومکین نییە چارم
لە مانم یەک نەفەس ماوە، نییە ڕەحمێ بە ھاوارم
کە دەسپێرن بە خاکی لەحد، یاران جیسمی بیمارم
«لە پەردەی تاھری گەر بێ سەدای ئەو عاشقی یارم
ئیتر حاجەت نییە، بێنن مەلا بۆ وەعز و تەڵقینم»
مەکە بێ مەنفەعەت زاری، مەڕێژە قەترەی ئەسرینت
کە سستە گەردنی ھەممی نیگارت ڕوشتەیی ژینت
شەھیدی تیری موژگانت نیشانەی جیسمی خوێنینت
«عەبەس کوردی! مەلائیک دێن ئەپرسن مەزھەب و دینت
کە قادر خۆی ئەزانێ من لەسەر کام مەزھەب و دینم؟»
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
شوکری فەزڵی. «شیعرەکانی شوکری فەزڵی/لە چاوم دەم بەدەم دێ جۆ بە جۆ فرمێسکی خوێنینم». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٨/١١/٢٠.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.