شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٧ بڕگەیی
بۆ بولبول
ئەی باڵداری ئێسک سووک!
بولبولی دەنووک بچووک!
باغچە بە باغچە ئەفڕی؛
وچانێکی لێ ئەگری،
کام سەرچڵ دڵت گرتی
دەنگی لێ ھەڵئەبڕی:
کام ئاوازە شیرینە،
ڕووناکی و نەشئەی ژینە،
بە چوار دەوریا ئەپژێنی،
دنیا پێ ئەکەنێنی
لەو گەرووە پچکۆلانە
ئەم نەغمە بەرز و جوانە
چۆن دێتە دەر؟ چۆن ئەڕژێ؟
وا گیان ئەسمێ، ھۆش ئەمژێ؟
یا ئەو تۆزقاڵە دڵە
چۆن ئەوەندە بە کوڵە؟
یا چۆن ئەو نەختە مێشکە
بۆ فەن بووە بە بێشکە؟
چۆن؟ تو خوا چۆن؟ ئەی بولبول،
ئەی باڵداری بەھرەزل!
نە پەرییت، نە ئینسانی،
نە قوتابیی فەننانی،
کام بەستە، کام گۆرانی
سیحری ڕووتە، ئەیزانی؟
***
منیش لای خۆم ھەمیشە
شیعرم کردووە بە پیشە،
وەک تۆ، بەڵام ئەم و ئەو:
یەکەم ڕۆژە، دووەم شەو!
شیعری من کامیان چا بێ
ئەمجا بێ فرمێسک نابێ؛
ھەر خەمە و ھەر ھەناسە،
یادە و ئەندێشە و تاسە
شیعری تۆ، گشت نموونە،
ئاوی سەرچاوەی ڕوونە،
سەربەست ئەڕوا و خوڕەی دێ؛
ئەمیان لە کوێ، ئەو لە کوێ؟
ئەم شیرینی، ئەو تاڵی،
ئەم فەساحەت، ئەو لاڵی،
ئەمیان ئاوازەی شادی،
ئەویان نووزەی بەربادی
بەڵام بولبول! ئازایی
ئەوەیە نەبی بایی،
بەم بەھرە و بەم ھونەرە!
ئەگەر یەزدانی گەورە
لەو نیعمەتەی پێی داوی،
تۆزێکی نەک تەواوی
بەم شاعیرە ھەژارە
ڕەوا بدیایە، دیارە،
منیش لە تۆ زیاتر،
پەسەندکەر و گوێ لێ گر،
سەری بۆ کەچ ئەکردم،
سوجدەی ئەبرد، وەک بردم!
***
منیش دەروونم شاد بێ،
ملم لە بەند ئازاد بێ،
دەور و پشتم گوڵزار بێ،
عومرم یەکسەر بەھار بێ،
بەرەڵڵا بم، باڵدار بم،
دوور لە مەینەتی شار بم،
پەرداخی ئاوم گوڵ بێ،
جێی حەسانەوەم چڵ بێ،
خواردنم، جل و بەرگم
بە ئابڕووم، خوێنی جەرگم
نەبێتە ماڵ لە سەرم،
بێ منەت بێ و بێ شەرم،
دڵم ئەوەندە مەست بێ،
کونجێ نەبێ کە پەست بێ،
عەشقم وەک عەشقت پاک بێ،
پڕ لە ھیوا و ڕووناک بێ،
ئەبەدی بێ و پڕ جۆش بێ،
ئەوەندەی ھی تۆ خۆش بێ
منیش ئەی مەلی پیرۆز،
بە یەک چریکەی پڕسۆز،
بەستەی وات بۆ ئەخوێنم،
کە جوان جوان بلەرزێنم،
ڕووی کام گۆم شین و مەنگە،
کام درەخت شۆخ و شەنگە!
کام شاخ کە سەخت و بەرزە،
بیخەمە بوومەلەرزە!
کام ئاسمان بێ بنە،
ناخی پڕ کەم لە شنە!
یا کام دەریا زۆر قووڵە
بنی بخەمە جووڵە!
بەڵام، داخی داخانم،
من مەل نیم و ئینسانم!
لە دڵ، لە مێشک، یەزدان
بەخشیویە بە ئینسان
چەشنێکی زۆر لای ڕەش بین:
بۆ دنیای گیان، دنیای ژین!
ئێمە عومرمان تا سەر
ئەندێشەیە و دەردی سەر؛
ترسە و تاسەیە و پرسیار
یەک لە شوێن یەک: سەد، ھەزار:
بۆ چی زاین؟ کەی، چۆن ئەمرین؟
چیمان لێ دێ کە مردین؟
چی ڕاستە؟ چی درۆیە؟
کام شت ئەنجام؟ کام ھۆیە؟
یان تەنانەت بۆچ ئەگرین؟
فرمێسک لە چاو بۆچ ئەسڕین؟
ئیتر لەم چەشنە پرسیار،
یەک لە شوێن یەک بە قەتار:
ئەمیان یەخەمان ئەگرێ،
جوابی ئەممان پێ نادرێ،
ئەوی تر دێتە پێشێ
وردورد گیانمان ئەکێشێ!
***
ئەی بولبول! ھەژار خۆمان،
بێ دەستەڵات، پڕ گومان،
بە دەشتی ژینا وێڵین،
لەو جێگایەی جێی دێڵین،
ھەچ کوێ ئەچین بیابان تر،
جێگای ترس و گومان تر
ئەی وەستای بەستەی شیرین!
ئێمە ھەتاکو ئەمرین،
یا ئەپرسین، یا ئەگرین،
ئیتر چلۆن بخوێنین،
وەک تۆ، وەک گشت سەرخۆشێ
پیاڵەی دڵخۆشی نۆشێ؟!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/بۆ بولبول». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.