شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١١ بڕگەیی
بۆ گەورەیەکی شیعردۆست
شیعری جوانت ئەوێ؟ قوربان، شیعری جوان؟
شیعرێک گەشە و زەردەخەنە با بە ژیان!
شیعرێ چەشنی ئەستێرە بجریوێنێ،
ڕوون بێ، ناخی دەریای دەروون بنوێنێ،
وەک بولبولی ناو ھێلانەی گەرم وگوڕ،
ئاسوودە بێ و بەستە بڵێ سەرومڕ!
شیعرێ کە وەک ساوا نازدار و جوان بێ
خۆراکی گۆشتی دڵ، شیلەی ژیان بێ!
شیعرێ کە ھەر دەنگێکی زرنگەی زەنگ بێ
ھەر کەرتێکی نەخشێکی ڕەنگاوڕەنگ بێ!
شیعرێ گیانی تیا بێ و بژی و ببزوێ،
زوبانی دڵ بزانێ و باش پێی بدوێ
قوربان، ڕاستت ئەوێ من و شیعری وا
چەشنی عەجەم ئەڵێ «کوجا مەرحەبا!»؟
لە پێش ھەموو شتێکا چونکی کوردم،
چۆلەکەی ناو ھەزاران داوی وردم،
باڵی فڕین، دەنووکی ھاوارکردن،
زیاتر چەقۆم نزیک ئەخا لە گەردن!
بولبولیش بم مادام قەفەسم تەنگە،
زمانم لاڵ، نەغمەی شیعرم بێ دەنگە!
جگە لەوەش لە ھەموو شت خراپتر:
دڵ خاڵییە، کوورەم تیا نییە ئاگر،
پەڕەی دڵێ زامدار نەبێ بە تیری
خوای دڵداری، زوھرەی جوانی زنجیری
لەگەڵ ڕیشە و ڕەگی نەئاڵۆزابێ،
دڵێ پیریی خۆی لێدابێ و ڕزابێ...
ئەو دڵە، کەی جێگای پەریی ئیلھامە؟
گۆشتی بێ گیان خۆی کامە، شیعری کامە؟
لە پاشانا، قوربان ڕەنگە بزانی،
مەئموورێکی بچووک، وەک من، ژیانی
گەردن کەچی نانە، حوکوومەت، نانیش
بۆی ژەم بە ژەم حیساب ئەکا بەپێی ئیش!
تا شان و مل وەک قەیدی کۆن تۆز نەگرێ
ئیش بۆ میری، سەما بۆ ژووردەست نەکرێ
تا ماندوو بوون، نا کفرم کرد، تا مردن،
کەی بۆ مەئمورر ئەلوێ، قوربان، نان خواردن؟
مێشکێ ئاوا دەردی سک ئەندێشەی بێ،
لە ناو دەریای ئیشا گێرە و کێشەی بێ،
کەی چاو بە دنیای جوانییا بگێڕێ،
ھەرچیی بینی بیخاتە پێنج شەش دێڕێ؟!
ئەمجا، قوربان، ھیوام ھەیە لە «گۆران»
ئیتر داوا نەکەن ھەڵبەستی جوان جوان!
بەسەر شیعرا کەسێ زاڵە سەربەست بێ،
بەرەڵڵا بێ، بە عارەقی عەشق مەست بێ،
بۆ من وەھا ئەلوێ ئیتر خامۆش بم،
با لە مەیدان ون بم و فەرامۆش بم!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/بۆ گەورەیەکی شیعردۆست». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.