شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: عوسمانلی
کێش: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن 
{literal} {/literal}
دەروێش عەبدوڵڵا
بە ڕەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمشاڵی کزا، دەروێش!
حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ،
لە سیماتا بەدیم کرد ھەیکەلی عومرێکی حەسرەت کێش،
وەھا دیارە کە بەختت ئاشیانی بولبولی خەم بێ!
بەڵێ، دیارە، لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا،
بەڵام تەختی ڕوفاھ و تاجی حورمەت میللەتی ھوشیار
بە ئوستادێ ئەدا وەک تۆ لە ناو شمشاڵی کون کوندا
سەحەر بێنێتە گریان و قسە، سیحری پەریی نەغمە!
برای دەروێش! ئەزانم بۆ مەعیشەت وێڵ و ئاوارەی،
بە زەھری ناعیلاجیتە لە ناکەس ویستنی لوقمە،
بە مردنتە کە گوێی ناشی ئەخنکێنێ خرۆشی نەی!
بەڵام چی بکەین لە ناوچاوی ڕەشی بەعزێ زەکای گەورە،
وەکوو تۆوی گوڵی دەم با لەسەر بەردێکی ڕەق ئەڕوێن،
ئەگەر خیلقەت نەسیبی عومری تۆی مەحکوومی ئەم دەورە
نەکردایە، خوا عالم، لە کام عەرشت ئەسوو داوێن؟!
نە حەرفی مەکتەبێکت خوێند، نە ئوستادێ پەلی گرتی،
سیرف بەرزیی زەکا ئەم سنعەتەی فێر کرد بە شمشاڵت،
ھەموو وەزنێکی گۆرانی، لە توولانی ھەتا کورتی،
بە سەرپەنجەی ھونەر کردت بە دیلی کۆششی زاڵت!
***
ئەوەندەم بیست لە مۆسیقا خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێکچووە، دەروێش عەبدوڵڵا،
دەخیلت بم دەسا بەو لاوک و ئای ئای و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆڵم کە!
لە بیتھۆڤن گەلێ زیاتر بە ڕۆحم ئاشنای، وەڵڵا
دە ئەی دەروێش سکاڵایەک لەگەڵ ڕۆحی کڵۆڵم کە!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/دەروێش عەبدوڵڵا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.