شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٢ بڕگەیی
لاوانەوەی سەرەڕێ
لە بەغدا دەرچووە، سەیوانە ئامانجی
ڕێ چۆڵ کەن ئەی برای زازایی و کرمانجی!
ڕێ چۆڵ کەن بۆ مەیتی ڕێبواری مات و زیز
توخوا! با کەم تەڕ بێ بە فرمێسکی پاییز!
با کەم با ڕەشەبا لە لەشی سارد و سڕ
نەک بەردی سەرەڕێ بێتە گۆ، بێ بە گڕ!
ئەی برای کرمانجی! ئەی برای زازایی!
مەبەنە سەر مەیتی لێشاوی خۆڕایی!
ئەو مەحموود جەودەتەی کە قیبلەی ھیوا بوو،
ئەو مەحموود جەودەتەی قەڵا بوو، پەنا بوو،
ئەو مەحموود جەودەتەی کە ڕۆژی تەنگانە
تۆڵەی بۆ ئەسەندین لە ئۆردووی بێگانە
ئەو مەحموود جەودەتەی سروشتی خاکی بوو
سەر تا پای کردەوەی پاکی بوو، چاکی بوو،
ئەو کوردە، ئەو مەردە، ئەو ڕۆڵەی ھەڵکەوتە،
ئەو زانا و ئەدیبە، ئەو مەحموود جەودەتە!
وەک تاجی سوڵتانی، دەک لاڵ بم، لەکیس چوو،
ئەی برا بۆچ ئەدەن پەلاماری بێسوو؟
ڕێ بەردەن، با بڕوا بۆ سەیوان تابووتی،
چاو شۆڕ کەن لە عاستی توانج و تانووتی!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/لاوانەوەی سەرەڕێ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.