شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
لە سەرەمەرگی ھیوادا
ڕۆڵەی تاقانەم، ھیوای ژیانم!
ئەستێرە گەشەی بەری بەیانم!
ڕۆژی نەورۆزی پرشنگ زێڕینم!
تریفەی سپیی مانگی ھاوینم!
شنەی شەماڵی کەلی بەھارم!
لەرەی ئاونگی مێرگی ئاودارم!
جریوە و جووکەی شادیی ھێلانەم!
شەوبۆی پەخشانی ئەم گشت ھەردانەم!
خونچەی پشکووتووی باغی جوانیم!
ڕۆلەی شیرینم، ئەی گیانی گیانیم!
توخوا بەو جووتە چاوە شینانە،
ئاخر نیگاتە تێر بۆم بڕوانە!
با بە کڵۆڵی، بە ڕۆڵەڕۆیی،
کە دانیشتم کز، وەختی بێ تۆیی:
بە یادی دوو گۆم، دوو گۆمی بێ بن،
کە ھۆگریان بوو ماسیی ڕۆحی من،
ھۆن ھۆن فرمێسکم بڕژێتە داوێن
فرمێسکی تا سەر جەرگ و دڵ تاوێن
***
ھیوا! ئەو لێوەی بە زەردەخەنە،
گزنگی ڕۆژی گوڵانی منە،
بۆ زەردەخەنەی ئێستا تێ نازێ؟
بۆ لە ژێر ھەوری مەرگا ئەلەرزێ؟
ھەی ھاوار، ھەی داد ھیوای شیرینم
گیان ئەدەی، ئەمریی، ئیتر ناتبینم!
ئیتر... ئاخ ئیتر... ناتبینم ھەرگیز،
لە خەوا نەبێ، شەو شەوی پاییز
جار جار وەک بەرقی ئاو بۆ زۆر تینوو
دێیت و ناشکێنی تاسە و ئارەزوو!
***
سا بۆم بڕوانە تێر بەو چاوانە!
ڕۆڵە مردنە و فرمێسک بارانە!
ھیوا ڕۆڵە ڕۆ، کۆرپەم ڕۆڵە ڕۆ!
ئەو کوڵمە ئاڵە نەرم و نۆڵە ڕۆ!
ئەو قژە زەردە، ئەو چاوانە ڕۆ!
ئەو نەغمەی «دایە» و «بابە» جوانە ڕۆ!
تا دەممان لە گۆ ئەکەوێ وەک تۆ:
ھیوای دایە ڕۆ! ھیوای بابە ڕۆ!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/لە سەرەمەرگی ھیوادا». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/١٥.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.