شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: عوسمانلی
کێش: مفاعلن فعلاتن مفاعلن فعلن 
{literal} {/literal}
گوڵی کەم خایەن
لە بەربەیانی شەباب و جوانییا ئەی گوڵ!
گوڵی گەشی پەمەیی وەک ستارە پرشنگدار!
لە خەندەتا ئەگەڕا جیلوەیی تولووعی بەھار،
لە نەغمەتا مەلی خوێندن ئەھاتە سۆزش و کوڵ!
لە چاوتا دوو گەلاوێژی ڕۆشنی پڕ تاو،
لە ناو شەپۆلی فسوونا نیگای ئەخستە مەلە،
لە پێشی پێی حوسنتا سەرانی دانووشتاو،
سەری سجوودی عیشق بوون بەرامبەری قیبلە!
وەھام ئەزانی کە ئەی گوڵ، نیگای شەوقی زەمان
لە سەیری شێوەیی شۆخت ھەمیشە تێر نابێ،
وەھام ئەزانی کە ھەرگیز کزەی گەڵاڕێزان،
بە ناسکیی پەل و پۆی تۆ «مەحاڵە» فێر نابێ!
کەچی چ زوو، چ کتوپڕ لە پەنجەیی وەرەما
لەشی شل و پەمەییت، ئەی گوڵی جوان، ژاکا!
چ زوو توایەوە حوسنت لە قرچەقرچی غەما،
دوو پێشە ما... ئەویش ئەڕزێ لە سینەیی خاکا!
لە لالەزاری جوانیت نیشانەیەک مابێ:
ھەر ئەو فوغانەیە ئەڕژێ لە ماتەمی یاران،
ھەر ئەو دڵۆپەیە ئەتکێ لە دیدەیی گریان!
بەڵام ئەمین بە! شەو و ڕۆژ ھەتا بەرودوا بێ،
فوغان و گریە بە شوێنتا بڕانەوەی نایە،
فوغان و گریەیی پاش تۆ ھەتیوی سەودایە!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/گوڵی کەم خایەن». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.