شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
گەشت لە قەرەداغ

بە پێچەوانەی گەشت لە ھەورامان، ئەم ھەڵبەستە وەسفی ھەست و بینینی تاقە گەشتێکە کە لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێ پێک ھاتووە. وەکوو یادگارنامە (مذكره)، ھەست کراو و بینراوەکانی ھەنگاو بە ھەنگاوی گەشتی بە وردی- ئەوەندەی ھەڵبەست ماوە بدات - تیا تۆمار کراوە.

گەشتی ڕاستەقینە لە سلێمانییەوە دەستی پێکرد، بەڵام وەکوو لە گەشتنامەکەدا پێشان دراوە لە دێی «سەیوسێنان» تەواو نەبوو. سەردان و بینینی ناو قۆپیی قەرەداغ - دارستانێکی چڕی بەناوبانگە - ھیی کوێستانی بەرزی داری زەرد، ھیی پەیکەری تەئریخیی دەربەند گەورەیشی لە سەر بوو، داخەکەم بۆم ڕێک نەکەوت ئەو دیمەنە جوانانەش بە چەن بەندێک بکەم بە مایەی ڕازاندنەوەی گەشتنامە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە چەن جارێک داوام لێکرا و خۆیشم بە ڕاستی ئارەزووم کرد.

١
عاسمانی شین و ئەستێرەکانی
پێدەکەنین بۆ بەری بەیانی؛
گڵۆپەکانی سەرجادە و کۆڵان؛
زەرد ھەڵگەڕابوون، کزکز ئەسووتان.
دەڕژا لەسەردا کزەبای بەیان،
ئەیلەرانەوە کولە و پەردەکان
شاری پەنجەرە و دەرگا داخستوو:
وەک یەک گیاندار و بێ گیان تیا نوستوو
ئا لەم کاتەدا کە خەو زۆر خۆشە،
ھەستە و بەرگی ڕێ خێرا بپۆشە؛
کۆڵانە و کۆڵان بڕۆ بەرەوخوار
بگەرە شوێنی کۆمەڵی ڕێبوار!


٢
لەبەر دەرگای «بەگ» چارەوێ وەستاو،
ھەندێک زین پۆشە، ھەندێک ناتەواو!
سەر و توورەکە بەرەو زەوی شۆڕ،
بە کرمە کرمی ئالیک گەرمە کۆڕ
کورکە و نیوحیلەی ئالیک دواکەوتوو
خەو ئەتارێنێ لە ھاوسێی نوستوو
دووسێ لادێیی و یەک دوو خزمەتکار،
فیشەکدان لە پشت، تفەنگ جانبێزار،
ھاتوچۆیانە بە گورج و گۆڵی
بەڵام پێک نایە ئیش بۆ کڵۆڵی:
دوان لە ھاوڕێکان ھێشتا نەھاتوون،
ماڵی «بەگ» تازە خەریکی توێشوون!
ئاخ، ھاوڕێی تەمەڵ، حەڵوای ئاردی جۆ!
چۆنتان خستینە گەرمای نیوەڕۆ؟
٣
سوار بووین، کەوتینە بناری سەیوان،
ڕووی دنیا ڕووناک، بەیانی زۆر جوان!
شینایی دەشتی «تەکیە» و بەرەوخوار
پاراو بوو چەشنی ئەگریجەی نازدار!
گوڵەبەڕۆژەی قژزەردی چاوکاڵ،
مل کەچ وەستابوو: سەرگەرمی خەیاڵ!
لەسەر قەبرەکان داری ئەرخەوان
وەک بووکی تارا سەوزی ئاودامان
ڕوو لە عەرشی پاک ئەلەرایەوە
بۆ گیانی مردوو ئەپاڕایەوە!
سەیوان کەوتە پشت بەرەو تانجەڕۆ
بە نەرمەغار و ڕەوتی خۆش بڕۆ!
لای «قەرەتۆغان » سەرم ھەڵبڕی
ئاڵتوونی زەردەی لووتکەکانم دی!
٤
ڕێگای دێھاتی دەمی بەیانی،
قەڵەباڵغە بۆ سلێمانی
پۆل پۆل ژن و پیاو لە دووی کەر و بار،
سڵاوێک ئەکەن مل ئەنێن بۆ شار!
ئەم کۆمەڵانە تیایەتی جارجار،
جوانێکی لاوی کۆڵەوانە لار،
سەرتاپا خشڵی زیوی وا پێوە،
ئەڕوا و ھاڕەی دێ و ئەبریقێتەوە!
لە عاستت سڵێک ئەکا بۆ لاڕێ،
بە نیونیگای مەست تێیشت ئەنواڕێ
ئەی جوانی لادێ بە سەرنج و سڵ،
لێت ورووژاندم خەیاڵاتی دڵ،
ئیتر... جڵەوە، شلە و سەرە شۆڕ،
ئاوات خواستنە و خەو بینینی زۆر!
٥
ڕۆژ ڕمێک بەرز بوو، داپەڕینە چەم،
ئاو شین، مەرەزە سەوز و گوڵ بەدەم
عەکسی سەوزایی ڕووی پڕ لەرەی ئاو،
تیا ئەشکایەوە پرشنگی ھەتاو!
ڕەنگ ڕەنگ پەپوولە ئەفڕی زەلاوزەل؛
گا کناچەی پۆڕ، گا جریوەی مەل
ھەوای پڕ شنە چەمی ئەلەرزان،
پێی ئەھاتە جۆش کوورەی شادیی گیان!
لە ژوورمانەوە پردێکی ڕووخاو،
سێبەری کرکی ئەکرد بۆ پەنگاو،
شارەمێروولەی ناو پەنگاوی قووڵ:
پۆل پۆل ماسی بوو ئەیکرد جموجووڵ!
نامانە مل چەم سوار لە شوێن سوار،
شڵپ و ھووڕ کەوتە ناو تەنکاوی بوار؛
وڵاخ ڕووی ئاوی ئەکرد سم کاری،
ئەپژا بارانی دوڕ و مرواری!
٦
لە چاخانەکەی «کانی سپیکە»
ژانەسەری چا و ئارەزووی تیکە،
ڕاگیری کردین سێ چارەک سەعات؛
توێشوو نیوە بوو، وردە دوایی ھات
چای عادەتیمان بوو بە پێنج و شەش،
کەم خۆر لە زۆرخۆر زیاتر ئەیویست بەش!
فڕان فڕانی حەڵوا و پەنیر بوو!
زرمە و بناگوێی خورما و ھەنجیر بوو
بێ زۆر دائەنیشت کز بە نابووتی،
«تەق!» گوێزێک ئەیدا لە لووتکەی لووتی؛
بۆ قوازتنەوەی تا ئەکەوتە کار،
«زۆردار» لێی ئەفڕان یەکەم پەلامار!
بە ھەچ دەردێک بوو نان و چا خورا
دیسان بۆ ڕێگا ناوی خوا برا
٧
وا ھەتاو گەرمە ڕووی زەوی داخە،
ڕێگای ئێستامان بناری شاخە
دیمانەت بە خێر یەکەم داربەڕوو!
گابەردی لاڕێی لاڵ و پاڵ کەوتوو!
تاکوو ڕزگار بووین لە بناری شاخ،
کردینی بە ئاو ڕۆژی پرشنگ داخ،
بەڵام سەرەوژوور ڕۆیشتین کەم کەم،
بای فێنک کەوتە شنەی دەماودەم
بۆنی درەخت و دەوەنی ناو کێو
تازەی کردەوە نیوگیانی سەر لێو،
قەمچیمان وەشان سەرەوژوور دیسان،
شەق، ناڵ بوو ئەیدا لە ڕێی بەردەڵان!
وڵاخ بە پڕمە و ھەناسەبڕکێ،
بەسەر پلەدا فڕێی ئەدا پێ
بڕۆ! بەم ڕەنگە، پێچاوپێچ، دەی دەی،
ئەمجا لەسەر شاخ تێر ئەڵێی ئۆخەی!
٨
تاوێک لامان دا، بۆ پشووی وڵاخ،
دانیشتین: پشتەو دۆڵی قەرەداخ
بەردەممان دەشتی سەوزی شارەزوور،
شاخ گرتوویە لێی دەوراندەوری دوور!
دەشتی تەخت و پان، دەریای سەوزایی،
خاڵ خاڵ تیا دیارە شوێنی ئاوایی
تاک و تووک دێی دوور، دووکەڵی چین چین
بەرز ئەکاتەوە بۆ ئاسمانی شین!
بووکی تانجەڕۆی ناو دۆشەکی سەوز
ئەترووکێ چاوی شینی بە وەنەوز
جۆگە وردەکان ئەکشێن سەرەوخوار،
ئەبریقێنەوە، وەک توولەی ڕەشمار!
وەرگەڕاینەوە بۆ دۆڵی ئەودیو،
شاخ بوو لەسەر شاخ، شیو بوو لەسەر شیو
تەپۆڵکەی، یاڵی، دۆڵی، نزاری:
گا شاش بوو، گا چڕ دەوەن و داری!
٩
لە دارمازەڵە بە پێ چووینە خوار،
کەوتینە سەر ڕێی ناو دەوەن و دار
ئەمجا تێخوڕە، بڕۆ خوار و ژوور،
لێو وشکی گەرما، ژاکاوی ڕێی دوور!
یەکەم دێی ڕێگات، کە «قارەمان»ە،
ھەشت نۆ ماڵێکی ناو دارستانە
ھەر دوانمان وەستاین لە بەر چەپەرێ،
پیاوێک دەرنەکەوت جڵەومان بگرێ،
یەک دوو بچکۆلە و دوو سێ پیرێژن،
بە کاسەدۆوە بەرەو پیر ھاتن،
لە داپیرێکی سەرسپیی بێ دان
تێگەییشتین ھۆی چۆڵیی قارەمان:
تمەز خەڵقی دێ لەسەر فرمانن،
خەریکی کێشە و شەن و خرمانن!
١٠
ماڵ ئاواییمان کرد لە پیرێژن،
ڕۆیشتین تا دێ لە چاومان بوو ون:
نەختێک بە بێ ڕێ نامان بۆ چەپ مل،
لامان دایە ژێر درەختێکی زل
بەردەممان چەم و تووتڕک و بی بوو،
دەورەمان وەرد و جاڕ و زەوی بوو
لێی ڕاکشابووین گشت لە بەر سێبەر،
چاو بەستراوێکی فەرەنجی لەبەر،
کوتەکوت دەرکەوت بە گۆچانەوە،
لای دایە لامان بۆ حەسانەوە
- عەلەیکەسسەلام! کاکەی کوت و کوێر،
بەم قرچە قرچە ئۆغرتان بە خێر!
بەری دەستی برد بۆ سەر ناوچاوان،
بە دەم ئێشەوە سەری ڕاوەشان،
وتی: دوو مانگە گل لە چاومایە
ڕێی دوور پێوانم بۆ نووشتەی بایە!
یا پیر، بە یەک گەز ڕیش کەی ڕەوایە:
بۆ چاو بێت، لە ڕێ کوێراییی دایە؟!
١١
ئێستا بڕیاری کۆمەڵ وەھایە:
بچینە ولیان تا فێنک دایە.
سوار بووین، بڕیمان دۆڵاودۆڵی گەرم،
ڕەش داگیرسا ڕەنگ، کارژی دەردا چەرم!
توولەڕێ ئاڵا لە ڕیزە گردێ،
لە بەردەمیا بوو دارتووی زۆر و «دێ»!
ئیتر زەلام و سەگ بوو، ڕاکردن:
پەلاماردان و جڵەو لێ گرتن!
بردینیانە بن کۆمەڵێک دارتوو،
لێفە و بەڕەیان بۆ داخستین زوو!
وەک بەچکەی قولی گوێ ئاگری خۆش،
دەم کرا چوار پێنج مەسینەی حەوجۆش:
دوو سێ قۆریەی ڕەش پشتێن تەنەکە،
ئەکوڵا و ھەڵئەچوو ئەتوت کەشکەکە
چای خەست تێک درا بە کەوچکی چێو،
دەرمان نۆش کرا پیاڵەی لێوان لێو!
ئەپاڕایتەوە: «مامە، توخوا بەس»!
نەرم نەئەبوو خانەخوێی ناکەس:
ھەر تێی ئەکرد بۆت یەک لەسەر یەکتر،
بە پیاڵەی چڵکن چای خەستی وەک قوڕ!
١٢
کە کۆمەڵ ڕێکەوت بەرەو قەرەداخ،
سێبەر کشابوو بۆ پێدەشتی شاخ
ڕۆژی بەرەو کەل بە پرشنگی زەرد،
وارنیشی ئەدا لە بەر ڕۆژی ھەرد
نەشئەی سێبەری لاپاڵی زۆر خۆش،
دەنگ خۆشەکانی ھێناینە سەر جۆش!
سۆزی شەپۆلی «ڕۆ... ڕۆ»ی پڕ بەدەنگ،
ئەیلەرزان دۆڵی قووڵی سێبەر مەنگ!
بە بەستە و ئاھەنگ ڕێمان بردە سەر،
نۆرەمان زۆر کرد بە زەردە و سێبەر،
تا گەیشتینە بەر «باسکە درێژ»
کشایە «زەردی ئاوا» ڕێگای لێژ
سێ چوار گەڕەکی خانوو کەلاوە
شینایی و باغچە چواردەوری داوە
سەرای گەچ کاریی لە چاڵی وەستاو
وەک سەرپۆش بەسەر، جوان دێتە بەر چاو
١٣
چووینە بەر دەرگای مەکتەب دابەزیین،
ئەمجا «ئەفەندی»ی سەر کورسی و مێزین...
کۆڕی بەر باغچەی مەکتەب گەرم بوو،
بەخێرھاتن کەر ئەھات و ئەچوو...
دەستی سەر چاوان بۆ سەرسنگ بردن
«مۆرە» ھەڵدان بوو «گێلە» ھاوردن!
کۆڕی دانیشتن تا ئەھات ئەکشا،
کورسی جێی چوار بوو دەی تێ ئەترشا!
سەر بوو بناگوێ و دەنگوباس پرسین:
«کێ مرد لە بەرلین؟ کێ کوژرا لە چین؟»
سوێن ئەخۆین بە بار کە ھیچ نازانین،
زیاتر سەر دێنێ بۆ زۆرتر پرسین!
ئیتر ھەڵڕێژە درۆی ناچاری
تا وێران ئەبێ ماڵی لاساری!
١٤
شەو دانیشتبووین گشتمان لە سەربان،
پیاوێک پەیدا بوو خەڵقی دێی دووکان:
بۆ سەر زەماوەن خوڵقی ئەکردین،
کەوتینە ڕاوێژ: «بچین یا نەچین»
من لەبەرئەوەی بێ وڵاخ مابووم،
لەعاستی «بچین!» ترشم ئەکرد ڕووم!
پاش لێکدانەوەی زۆر و یەک و دوو
کە دیم وڵاخم بۆ جێبەجێ بوو،
ئەمجا دەستم کرد بە کۆمەڵ ھاندان،
بۆ ڕۆییشتنی سەر شایی دووکان،
لەوێوە بووک تا «سەیوسێنان» بردن،
بینینی ھەردوو پەردەی ژن بە ژن!
١٥
بەیانی سەعات دەوری ھەشت، کۆمەڵ
ڕێ کەوت چەن سوارێک ئەھالیش لەگەڵ
ھەموو جل گۆڕیو، سەر و ڕیش تاشیو،
لە ئەسپ درابوو ڕەخت و ڕەشوەی زیو
فەقیانەی سپی و شان و سەڵتەی شین،
خۆ لەخشاندنی ناو قەڵتاخی زین
ئێستا و تاوێ تر حیلەی ئەسپی شێ،
غار و ڕم بازیی تەختایی لاڕێ
وای خەریک کردم بە خەیاڵەوە
کاتێکم زانی بە قەدپاڵەوە
«دووکان» دیاریی دا لە بناری شاخ،
ژووری ئاش و بی، خواری شیو و باخ
لە خواری دێوە ھەندێ کەپری شاش،
شایی و ھەڵپەڕکێی تیا دەرئەکەوت باش!
کە لە ناو کەپران جڵەویان گرتین،
زەردەی لووتکەکان پاش و پێش ئەفڕین!
دوو تەختی گەورەی کۆنی دۆشەک پۆش
ھەشت نۆ دەیەکی لێ گرتینە کۆش
لە بەردەممانا ھاوڕێکانی تر،
بە چۆکا ھاتن وەک یخی حوشتر!
١٦
لەبەر کەپرێکا ڕۆشناییی ئاگر،
دای بە تاریکیی شەوی ناودێ دڕ
شمشاڵ بە ناڵەی لەرە و لەرزەدار
دەماندی کوورەی دڵی ھەرزەکار
لە دەوری ئاگر حەڵقەی چۆپیی کوڕ
ترپەی پێی ئەھات وەک لێزەمەی خوڕ!
سەرچۆپی کێشی قۆزی چۆپی زان،
پاش ھەڵسانەوە و نووکی پێ بادان،
لە ژوور سەریەوە دەست و خەنجەری
چەشنی چەخماخەی ئاسمان ئەلەری
شمشاڵ ژەن ئەینا بۆ ھەچ لایەک ڕوو
ئەولایە کەللەی زۆرتر گەرم ئەبوو
ھەر چۆک دادان بوو، ھەڵسانەوە و «ھەی»
سۆزی ھاواری ناکا «وەی، وەی، وەی! »
مەستی بێ شەراب ھەرزەکاران «عیو»!
خەفەت بابردوو دەردەداران «عیو»!
زاوای بەردەرگای ئاواتی دڵ «عیو»!
بووکی ڕازاوەی جوانتر لە گوڵ «عیو»!
حەڵقەی چۆپی «عیو»، شمشاڵ لێدەر «عیو»!
ئاسمان، ئەستێرە، دێ، دەشت و دەر «عیو»!
***
کوڕگەل! ھەمیشە گیان و دڵ شاد بن،
دەست لە ملانی بووکی مراد بن:
نۆرەی خۆتان کرد، شیرین ھەڵپەڕین،
ئاسمانتان لەرزان بە تەوژم و تین!
نۆرەی ئافرەتە ئەمجا ھەڵپەڕێ،
سا ھێز دەست بەردا، جوانی دەست بگرێ!
١٧
کە ھەڵمان ھێنا چاو لە خەوی خۆش،
گزنگی ھەتاو دابووی لە «کۆڵۆش»
لەشکر ڕووی نابوو بۆ دەشتی لاڕێ،
ھەر ڕێچکەی سوار بوو ئەم لا و ئەولای دێ
تا دەرچوو لە دێ تارای سووری بووک،
ڕم بازیی سارد بوو، تەقە: تاک و تووک!
بەڵام دیمانەی تارای باشەکێن،
بۆ کوورەی دەروون بوو بە باوەشێن
لەشکر ورووژا، سوار فڕێن فڕێن،
کەوتە شوێنی سوار: ئاوزەنگی تەقێن!
قرچەی دەستڕێژی دەمانچە و تفەنگ،
ئەشریخایەوە پڕ بە دۆڵی تەنگ!
لە ڕێ گوزەری بووکا بەرامبەر
دوو ڕیز: دوو دوو سوار لێی ئەھاتە دەر!
ڕەش سواری ئەبرد شێ سوار بە گاڵە
گا بە نەرمەغار، گا بە چوار ناڵە!
لێی ڕائەپەڕی لەوبەر کوتوپڕ،
ئەسپ سوارێکی کلک و مل جوان گر
شێ سوار! بۆی دەرچۆ سا چنگ لەسەر شان،
چیت کرد باڵدارت لە خۆت خرۆشان؟
١٨
نەختێک ڕۆییشتن نەما جێگای غار،
چەشنی مێروولە کشا ڕێچکەی سوار
شنەی بای ناودۆڵ فێنک و عاستەم،
ڕێ لاپاڵی شاخ، لای خواروومان چەم
سەرانسەری چەم داری ژاڵەیە،
ئەو داوێن سەوزی سەرلق ئاڵەیە!
ڕۆژ: ڕۆژی شایی، کات: بەیانییە،
تەبیعەت مەستی بزەی جوانییە!
بووکی ژێر تارای ڕەنگ ئەرخەوانی
شۆخ و شەنگە وەک گوڵی بەیانی!
ئێمەیش «لەشکرین» بۆ خوای دڵداری:
خاتوو زین بۆ مەم ئەبەین بە دیاری!
سا توخوا دەنگ خۆش دەی قەتارەکەت،
«کوڵەنجە ڕێ ڕێ» و «ھەوری لار»ەکەت!
ئاخۆ (کیووبید) دیاریی جوانیی
بۆ ژیان ئەوێ، یان بۆ قوربانی؟
١٩
لە کلکەی «کۆڵۆش» لەوبەر «دێوانە»،
بە چەپڵەڕێزان، ئامان لەرزانە،
لەشکر و بووکی ئەولا پەیدا بوو،
دیسان دوو لەشکر پێکا ھات و چوو
وەک دوو ئەستێرە دوو بووک لێکیان دا:
دەم نرایە دەم، دەست لە مل کرا!
ئیتر کۆمەڵ بوو بە دوو دەستە، گشت،
ئیمەو دوو بووک نا، وەرگەڕا بۆ پشت
ئێمە کەوتینە دەستەی «سەیوسێنان»،
تا گەییشتینە سەر ئاوێکی جوان،
لەوێ بەو گەرما و قرچەی نیوەڕۆ،
دانیشە: حەڵوا و پشیی بووک بخۆ!
ئەمجا سوار بووین و بۆ ڕاست وەرگەڕاین،
لە پێدەشتێکا دێ خۆی پێشان داین،
لەوبەر وشکەشیو گەڕەکی گەورە
مزگەوتێکە و ماڵ ڵیی داوە دەورە
لە دەشتی ئەمبەر گەڕەکی بچووک
تیایەتی ماڵی کوێخا و زاوا و بووک!
شاخی کۆڵۆشی پشتی «سەیوسێنان»
کەوتۆتە مەعبێن ئەم دێیە و دووکان
٢٠
خەوە؟ خەیاڵە؟ عەردە؟ بەھەشتە؟
ھەڵپەڕکێی ژنە یا ھی فریشتە؟
پەلکەڕەنگینەی ئێوارەی بەھار
لەعەزرەت تارای سوور کەوتۆتە خوار،
ئێستا سەرگەرمی ئیلتیفاتی بووک
جموجووڵیەتی و ھەڵئەپەڕێ سووک!
«ئامان لەرزانە! ھاڕەی لەرزانە!»
بەستەی ھەڵپەڕکێی باڵابەرزانە
گۆرانیبێژ بێ و بچۆ و خۆت بادە
کێ ئەوندەی تۆ دەروونی شادە!
وەک ھەنگ بگەڕێ و گۆرانی بڵێ،
لادە جارجارێ بۆ بەرپێی گوڵێ
گوڵ بە ئاھەنگی «ئامان لەرزۆکە»
پێیە دابنێ و پێیە بەرزۆ کە!
بە ناز لار بگرە سەری بێ پووشین،
با بریقەی بێ کلاوزەڕ چین چین!
پێچکەی پشتەسەر لەسەر زوڵفی ڕەش
با بجریوێنێ وەک ئەستێرەی گەش!
شانی بۆ شل کە و خۆت ھەڵسێنەوە،
سوخمەی سەر مەمک بلەرێنەوە:
با پێچکەی نقێم گورج گورج بە تاسە
لێو بنێتە سەر کوڵمی ھەیاسە!
***
ئەی گوڵ وا ھەڵسا گۆرانیبێژت،
ھەڵبڕە چاوی شەرمی کل ڕێژت!
چاوەڕێم چەرخەی نیگای تیژتێپەڕ
لە چاوما بکات ھەستی ئەشکی تەڕ!
بەشکوو لە عاستم زەبری دڵ نەرمی
ئیتر نەبڕێ لێت سەرنج بە گەرمی
منیش بەردەرگای حەڵقەی ھەڵپەڕکێ
بگرم بگەڕێم: بەرامبەر بە کێ؟
بەرامبەر بە تۆ و دوو چاوی ڕەش ڕەش
کە ناز ئەفرۆشن بە کەچ نیگای گەش!
٢١
ڕێبواری مانووی چۆپی و ڕم بازیی
تا کەی ئاھەنگ و گۆرانی بازیی؟
جوانی دێ نووستن، زاوا و بووک نووستن،
خەو لۆکەی خستە ناو گوێچکەی بیستن
دەشت و دەر بێدەنگ، ناودێ بێدەنگە،
بێدار ھەر دوانی وەک تۆی دڵتەنگە
لێو لێک نێ ئیتر شایی تەواو بوو،
ھاوڕێت سەفەرین لەگەڵ شەبەق زوو!
ڕێی گەڕانەوەی شارت لەبەرە،
چ وادەی جۆشی کەڵکەڵەی سەرە؟
سبەینێ کە ڕۆژ ھەڵھات لە ئاسۆ؛
ئەدا لە پرچی «خاوەن چاو» بێ تۆ؛
ئیتر تا ماوی ڕابوورد «سەیوسێنان»
پێشانی تۆ بات ھەڵپەڕکێی چاوجوان!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/گەشت لە قەرەداغ». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.