شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١٠ بڕگەیی
گەشت لە ھەورامان

ئەم گەشتنامەیە کە سەردەمی ھەڵبەستنی ئەگەڕێتەوە بۆ بیست ساڵێک لەمەوپێش، لە ھەڵەبجەوە دەست پێ ئەکا. مایەی ئینتیباعاتی تاقە گەشتێک نییە، بەڵکوو ھەست و بینینی چەن گەشتێکی کات و وەرزی جیاجیای پێشوو لە بیرەوەریما پەنگیان خواردەوە، ھەتا بۆ جاری دوایی لەگەڵ چەن ھاوڕێیەکی گیانی، بۆ چەن ڕۆژێک، بە پێکەنین و گۆرانی وتن بەناو باخە زۆرەکان و یاڵە بەرزەکانی ھەورامانا سووڕاینەوە. ئیتر ئەم ھەڵبەستە لە خۆلاسەی ھەموو ئینتیباعاتی گەشتەکانی کۆن و تازەم ھاتە دی.

دیمەنی ڕێگا و بان
کۆمەڵە شاخێک سەخت و گەردن کەش
ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش؛
سەرپۆشی لووتکەی بەفری زۆر سپی
بە دارستان ڕەش ناودۆڵی کپی
جۆگەی ئاوەکان تیایا قەتیس ماو:
ھەر ئەڕۆن ناکەن پێچی شاخ تەواو
ھاوار و ھاژەی کەف چەڕێنی چەم
بۆ تەنیایی شەو لایەلایەی خەم!
توولەڕێی باریک، تووناوتوون پشکن
ڕێبوار ئەخاتە ئەندێشەی بێ بن
ناو ڕێگا تەق تەق، لاڕێ بەردی زل
کە ھێشتا گەردوون پێی نەداوە تل!
گا سەرەوژوورە، گا سەرەوخوارە
تاڵی و شیرینیی دنیای ڕێبوارە!
ڕێگای ناوباخ
پێش ئەوەی بگەی بە ئاواتی دێ
ئەکشێتە ناو باخ توولەماری ڕێ
شنەی سێبەری داری گوێز و توو
ئەسڕێ ئارەقی ڕێبواری مانوو
تەسکینیی ڕێگای باخەوباخی وێڵ
«مانوو نەبی»یە: لەم کێڵ، بۆ ئەو کێڵ!
سەلامون عەلەیک، مامەی بن دارگوێز،
سەلامی مانوو لە پیری بێ ھێز!
مەرحەبا سەرچاو، بەچکەی کاکۆڵ قیت
سمۆرەی سەر دار، ڕۆڵەی زرنگ و زیت!
ئەڕۆی، ھەر ئەڕۆی... تەڵانە و تەڵان،
ئەمجا ئەگەیتە پێچی بەرماڵان
دێ
کام بەربەڕۆچکەی زۆر باسەفایە
چەشنی دڵی شاد دێیە، ئاوایە!
خانووی بەگزادە لە سای دەرختا
ئارامیی بووکە لە کۆشی بەختا
خانووی ئەھالیش زۆریان دوونھۆم:
ھەندێ قنج و قیت، ھەندێ لار و کۆم
یەک لە سەر یەکتر، بەرەو لووتکەی کێو
بۆ ئاسمان ئەچن وەک پێپیلکەی دێو!
لە دێدا کام جێت گەورە بەرچاو کەوت:
ماڵی ئاغایە و خانەقا و مزگەوت!
ژینی دیوەخان
کە گەیشتیتە بەر دەرگای گەورە
ھەر خزمەتکارە و لێت ئەدا دەورە،
ڕێت پێشان ئەدەن تاکوو دیوەخان،
ئیتر دیوانە و مەرحەبای میوان
دەستەی خزمەتکار: فیشەکدان لە مل،
بە چەفتە و مشکی سەر و تەپلە زل
دەست لەسەر خەنجەر چاوەڕێی فەرمان:
چ بۆ سەربرین، چ بۆ سەردانان!
ھەچ کەسێک تازە بێتە دیوەخان،
کڕنووشێ ئەکا بە سەردانەوان،
گەرمە دیوانی شەوی بەگزادە،
تێکەڵ و پێکەڵ بابەت و مادە!
مەلای دیوەخان
لە ژێر مێزەرا مەلای نووشتاوە،
ڕیشی بۆ سەر سنگ پرش و بڵاوە،
قیافەت پەڕپووت وەک کتێبی کۆن،
زمانی شیرین، سیمای نەختێ مۆن،
بازی ڕۆحی چەش بە شیعر و ئەدەب،
بەڵام شێوەی زووی عەجەم و عەرەب
بۆ میوان ببێ مایەی تەسەلا
لە کۆڕی شەوا: مەلایە و مەلا!
تۆ و مەلا و شیعر و فەلسەفەی ئیسلام
گوێڕاگرتنی تاوتاوی عەوام،
بە بێ زیاد و کەم دێنێتە پێش چاو:
سەرنجی کوێران لە نامەی نووسراو!
کە دیوان چۆڵ بوو، چوویتە ناو جێگا،
دەست ئەکەیتە مل خەوی پاش ڕێگا!
بەیان
«ئەڵڵاھو ئەکبەر!» مەلابانگانە،
تاریک و لێڵی بەری بەیانە
مانگی بەجێ ماو لە سەفەری شەو
زەردە لە ترسی قاسپەقاسپی کەو!
ئەستێرەی مەغریب وەک قەترەی ئەمەل
کز کز ئەتکێتە ناو بەفری سەرکەل!
لەرێی ئەوبەری شاخ دەنگی زەنگ دێ،
لە سوێنی ڕاوکەر تەقەی تفەنگ دێ!
وا بە تەواوی دنیا ڕووناکە،
ھەر سیحری ڕووتە سروشت ئێستاکە!
لە درەخت ئەدا شنەی بای سەحەر:
جموجووڵیەتی چەشنی سەودای سەر!
لەسەر جۆگەی ئاش قاز و مراوی
چاوەڕێی ڕۆژن ھەڵبێنێ چاوی،
بەڵام تا خوڵقی نەکا چێشتەنگاو
نایەتە ناو دێ پرشنگی ھەتاو!
مزگەوت
بنچینەی مزگەوت نیشتۆتە ناو چەم،
ڕوو بەرەو قیبلە، پشت لە جەھەنەم!
مزگەوتی کاتی چێشتەنگاوی چۆڵ:
وەک مردوو کفنی بێدەنگی بە کۆڵ!
سوورەچناری لق و پۆپ درێژ
سێبەر ئەکا بۆ خەوی بەردەنوێژ!
جارجار ئیمامی تەنیای گۆشەی حەوز:
سەرسنگ ماچ ئەکا ڕیشی بە وەنەوز!
کەسێک بانگ ئەدا، ئەشڵەقێنێ گۆم،
ئیمام ھەڵدەستێ: دار بە دەست، پشت کۆم!
تا تەواو ئەبێ «ئەڵڵاھو ئەکبەر»
پەنگ ئەخواتەوە لافاوی نوێژکەر
نوێژ بەتاڵ ئەبێ، جەماعەت بڵاو،
چەن پیرێک ئەبن بە خڵتەی لافاو:
سووچێک گەرم ئەکەن بە ڕازی جوانی،
ئاخ بە با ئەدەن بۆ دنیای فانی!
کانیی ژنان
سەرچاوەی ئاوێک: کەڵەکێک لە سەر:
ژنێک تێی ئەچێ، ژنێک دێتەدەر
ئەمەش لە دێدا کانیی ژنانە،
قیبلەی دڵداریی ھەرزەکارانە!
ئێواران پۆل پۆل لاوی کاکۆڵ لوول،
سەرەڕێ ئەگرن، سەرگەرم و عەجوول،
ھەرچەن ھاڕەی دێ ھەیاسەی جوانێک،
لە ھێلانەی دەم ئەفڕی: ئامانێک!
ژن
ژنی ھەورامان: سەرتاپای خشڵ،
سەرچاوەی بۆنی مێخەک و سمڵ،
تا بڵێی تەڕپۆش، ئاڵ و واڵا جل،
بەژن و باڵا جوان، بەدەن نەرم و شل!
نیونیگای: خەندەی ئەستێرەی ئەمەل،
نەغمەی گفتوگۆی وەک جریوەی مەل!
ژینی: بەھاری عەشق و جوانی!
جیلوەگای حوسنی: ڕێی باخ و کانی!
گۆرانی
عەشقی ئێوارەی سەرەڕێی کانی،
بەر ئەداتە چەم کڵپەی گۆرانی!
ڕۆژ ئاوا ئەبێ، چەم تاریک دایە،
دەنگی «کنا لەیل» ھەر دوایی نایە
مانگ بە تریفەی ناودێ ئەکا کەیل،
ھێشتا ھەر گەرمە ناڵەی «کنا لەیل...!»
«سیاچەمانە... سیاچەمانە...»
بەھەشتی عەشقە ئەم ھەورامانە!
ئەوەندەی دار و بەردی ھەورامان،
ڕەحمەت لە ژنی بەژن و باڵا جوان!
«سیاچەمانە... سیاچەمانە...»
ھەورامان جێگای سیاچەمانە!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/گەشت لە ھەورامان». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.