شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ٧ بڕگەیی
ھاوڕێم بێکەس
ئەی فریشتەی شیعری جوان!
کۆستی کەوتووی ھەردووکمان،
بۆ ئەم جارە بێکەسە
کە وتمان بێکەس، بەسە!
شاعیرێک بوو، فەننان بوو،
ئەدای خوڕ، خرۆشان بوو،
بۆ باغچەی کزی کوردی
بولبول بوو نەغمەی وردی،
سەرەڕای بەھرەی فەننی
دڵسۆز بوو بۆ وەتەنی،
نرکەی شیعری ڕزگاری
بێکەس، شتێکە دیاری:
لە ھەموو کوردستانا،
لە ناو بیر ئازادانا!
***
پەریی شیعری شۆخ و شەنگ!
تۆ دڵتەنگ و من دڵتەنگ
با سکاڵا بۆ یەکتر
لەگەڵ ئاخی سارد و سڕ
دوور و درێژ ھەڵڕێژین:
مەیتی بێکەس ئەنێژین!
ئاشنای تۆ بوو، ھاوڕێی من،
لێی داگیر کردین مردن!
ئەی پەری! ناڕەوایە
فرمێسک لە چاومان نایە
چونکە بێکەس بچووک بوو،
پایەی کۆمەڵیی سووک بوو!
کام پیاوماقووڵ، کام گەورە
کە بەرزیی جێی ژوور ھەورە،
وێنەی ئەو جوامێر بوو؟
بەرامبەر دوژمن شێر بوو؟
لە کاتێکا ئەوانە
نۆکەر بوون بۆ بێگانە،
دەست لە سەر سنگ ئەوەستان،
یان بۆ پایە، یان بۆ نان!
بێکەس بوو وەک پاڵەوان
پەنجەی لە چاوی چەقان،
پەنجەی تیژی سەرزەنشت،
داخی دڵی خۆی پێ ڕشت!
بەڵێ بێکەس نابووت بوو،
جار جار برسی بوو، ڕووت بوو!
بەڵام کام تێر، کام پۆشتە
وێنەی ئەو، ئەی فریشتە،
‌بێ باک وەستا بەرامبەر
نووکی سونگیی ستەمگەر؟
کێ وا: لە ژێر زنجیرا
ئازادیی ھات بە بیرا؟
بە شیعری جوان نەڕانی:
بە یادی کوردستانی!
ئەی شۆخ و شەنگ، ئەی پەری!
زۆرتر بۆ ئەوەی بگری:
کە ‌بێ بەرگیی و ‌بێ نانیی
خۆی لە ڕووی تۆ ئەزانی،
لەگەڵ ئەوەش تا مردن
نەکەوت لە تۆ پەرستن!
مل کەچی قیبلەی ڕووت بوو،
دێوانەی عیشوە و خووت بوو...
وەک ھەندێ شاعیری تر
- تا ڕادەیەک گورچک بڕ -
تەماع ھەڵی نەفریوان
شیعر بفرۆشێ بۆ نان؛
ئابڕووت بەرێ وەک بردیان،
بەو کردەوانەی کردیان!
***
لە پاشانا ئەی پەری!
نابێ لە بێکەس بگری،
کە گیرۆدەی مەستی بوو،
مەستیی ئەو مەبەستی بوو!
ناوچە و سەردەمی ژینی
پڕ بوو لە ناشیرینی،
وڵاتی پەرێشان بوو،
بۆ ھاووڵات زیندان بوو؛
نەتەوەی: ھەموو ھەژار،
مایەی ڕەنجیان بۆ زۆردار!
ھەموو: برسی، دەغەزار،
نەزان و نەخوێندەوار...
دیل بوون ھەم بۆ بێگانە
ھەم بۆ ئەو زۆردارانە،
کە خۆیشیان ئەیانمژین،
بۆ خەڵقیشیان سەرئەبڕین!
ئەمجا کە ئەیدی ئاوا:
کەشتی بۆ گەرداو ئەڕوا،
ھەزاران ھاوار بکرێ
کەس نییە ڕێی ڕاست بگرێ،
ناچار خۆی سەرخۆش ئەکرد،
ھەستیی فەرامۆش ئەکرد!
جار جار، کە زۆر پەست ئەبوو،
کەمێکیش بەدمەست ئەبوو:
داخی دڵی خۆی ئەڕشت،
بە جوێن، توانج، سەرزەنشت!
***
ئەی فریشتەی چاوخومار!
بەڵام بێکەسی ھوشیار،
بێکەسی دنیای نووسین،
دانەری بەستەی شیرین،
مەبەستی من و تۆیە،
بۆ ئەوە ئەم «ڕۆ ڕۆ»یە!
تۆ: پەریی شیعر و جوانی،
من: ھاوڕێی گیانی گیانی،
دانیشین بە جووت، دڵتەنگ،
بڕێژین فرمێسکی مەنگ،
بۆ شاعیرێک بێ کەس بوو،
بەڵام «کەس» ئێمەی بەس بوو!
سا باڵای بۆ ڕەش پۆش کە،
گڕی شیوەنی خۆش کە،
بە پەردەی نزمی ماتەم،
بەستەی کوردیی پڕ لە خەم
لە سەر مەیتی بخوێنە،
وەفای جوانی بنوێنە،
بۆ شاعیرێک کە گیانی،
لێی ھەڵئەقوڵا جوانی،
ئەگەرچی ھۆی بەخی خۆی
جوانیی فەساڵ نەبوو بۆی!
ناقۆڵا و تێک سمڕاو بوو،
ڕوومەت کونج، کزی چاو بوو
ھونەر بۆ ڕووخۆشیی بوو
کە خەوشی داپۆشیبوو!
بەڵام پەری! تۆ ژیری،
خاوەندی ھۆش و بیری؛
جوانیی باڵا و دەموچاو،
بەھرەی تا سەر نین بۆ پیاو؛
ھەزار چاوجوان، قەدباریک
کەوتوونە چاڵی تاریک،
چی بەجێ ما لە دوایان
بۆ دۆست و ئاشنایان؟
یا جوانێک تا «پیری» ما
کام گیرۆدەی بیری ما:
خوێنی کوڵمی چەن گەش بوو؟
چاو و برۆی چەن ڕەش بوو؟
یەک جوانییە: بای پاییز
گەڵای زەرد ناکا ھەرگیز،
کە لە گیان، سەرچاوەی دڵ
سەر ھەڵئەدا قوڵەقوڵ:
وەک ڕۆح سووکی، ڕووخۆشی،
خوێن گەرمی، خزمەت کۆشی،
دڵی باش، دەروونی پاک،
بیری ڕوون، کردەوەی چاک،
پێشتری گشت ئەمانە:
بەھرەی ھونەری جوانە!
بە ڕاستی ئەو فەننان بوو،
سەلیقەی شیعری جوان بوو!
***
ئەی شێوەشۆخ، ئەی پەری!
دانیشە لای ژوور سەری،
وەک یاری وەفادار بە،
بە ڕاستی خەفەت بار بە!
قژی زەرد با پەشێو بێ،
بەستەی خەم لە سەر لێو بێ:
تۆ بڵێ و منی ھاوڕێ،
تا دەستم قەڵەم بگرێ
ئەنووسم: دێڕ دێڕ، بەن بەن،
بۆ بێکەس شیعری شیوەن!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/ھاوڕێم بێکەس». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.