شاعیر: گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢)
زمان: کوردیی ناوەندی
قاڵب: مەسنەوی
کێش: ١١ بڕگەیی
ھەڵبەستی دەروون
ھەرچەن ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم:
بۆچی وەھا دوورن لە یەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەھار،
دەرکەوتایە: ئاوات، ھیوا، خەوبینین...
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!
دەرکەوتایە: مانای مەنگی دەریایی،
کە نەرمەبا لە ڕووی ئەدا ئەسپایی
دەرکەوتایە ئەو دنیایە کە شیعری
بێ فرمێسکە و زۆرتر لە فرمێسک ئەگری
زەردەخەنەی بێ ئاوێنەی دەم و چاو
تیژگێک ئەدا ڕووناکترە لە ھەتاو!...
بەڵام ئەفسووس! کە ئەو شیعرە جوانانە
باڵدارێکن جێ ناھێڵن ھێلانە،
لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن
ھەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناھێنن!
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
گۆران. «فرمێسک و ھونەر/ھەڵبەستی دەروون». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.