نووسەر: ھەژار (١٩٢١-١٩٩١)
زمان: کوردیی ناوەندی
حاققە
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) کارەساتەکە ڕوو دەدا.
(٢) کام کارەسات؟
(٣) تۆ چوزانی ئەو کارەساتە چلۆنە؟
(٤) سەموود و عاد ڕووداوە دڵکوتەکەیان بە درۆ دانا.
(٥) ھۆزی سەموود بە نەعرەتێکی بێ وێنە، قڕانیان کرد.
(٦) ھەرچی ھۆزەکەی عادیش بوو، بە بایەکی ھەرە بەھێز لەبەین چوون.
(٧) ماوەی حەو شەو و ھەش ڕۆژان، بەبێ وچان، ناردیە سەریان. لەم ماوەدا لاشەیان لێ تخێڵ ببوون؛ دەتوت کۆتەرەی دارخورمای ناو زڕاون.
(٨) ئاخۆ ئەتۆ پاشماوەیەکیان دەبینی؟
(٩) فیڕعەونیش ئەوانەی بەر لەویش بوون و مەردمی شارە ژێروڕوو کراوەکانیش، خەتایان کرد.
(١٠) دژایەتیی پێغەمبەری پەروەرندەی خۆیان دەکرد. سا گرتیانی، گرتنێ لە ڕادەبەدەر.
(١١) ئێمە - کاتێ لەھی ھات و بواری بڕی، لەو شتەدا کە بەسەر ئاودا دادەگەڕێ - ھەڵمانگرتن.
(١٢) تا بیکەینە بیرھێنەرەوە بۆ ئێوە و ئەو گوێیانەی لەسەر ھەستن، وەریبگرن.
(١٣) ئەوسا ھەرگا تەنیا جارێک دە کەڵەشاخ دەمێندرا،
(١٤) ئەم زەمینە و کەژەکانیش ھەڵگیران و یەکجارەکی تێک دەتەپێن،
(١٥) سا ئەو ڕۆژە بەسەرھاتەکە ڕوو دەدا.
(١٦) ئەم عاسمانانە قەڵش دەبا و لەو ڕۆژەدا فشەڵەیە.
(١٧) فرشتە دەچنە کەناران و تەختی پەروەرندەی تۆ، لەسەر سەری ئەوانەوە - لەو ڕۆژەدا - ھەشت فرشتە ھەڵیدەگرن.
(١٨) ئەو ڕۆژە ئێوە ڕادەنێن و ھەرچی بۆ شاردنەوەیە لە ئێوە حەشار نادرێ.
(١٩) ئەوسا ھەرکێ نامەی کردەی نرابێتە دەستی ڕاستی، ئێژێ: وەرن نامەکەی من بخوێننەوە.
(٢٠) من سوور دەمزانی کە تووشی لێپرسینەوە ھەر دەبم.
(٢١) ئیتر ئەو لەناو ژیانێکی خۆشدایە؛
(٢٢) لە بەھەشتێکی بەرزایە؛
(٢٣) میوەی وا لەبەر دەستایە.
(٢٤) سا بخۆن و بخۆنەوە نۆشی گیانوو؛ ئەمە بۆ ئەو کارانەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو کردووتانە.
(٢٥) بەڵام کەسێ کە نامەکەی دەنێتە لەپی چەپیەوە، ئێژێ: خۆزی نامەی خۆمم پێ نەدرایە.
(٢٦) نەشمزانیبا دەربارەم چیی تێدایە.
(٢٧) خۆزی ئەوسا مردنم یەکجاری بوایە.
(٢٨) سامانم بەھرەی بۆم نەبوو.
(٢٩) دەستەڵاتم وا لەبەین چو.
(٣٠) سا بیگرن و زنجیری کەن.
(٣١) ئەوسا بۆ دۆژەھی ببەن.
(٣٢) پاشان لەناو زنجیرێکی حەفتێ گەزی شەتەک دەن و ڕەکێشی کەن.
(٣٣) ئەو باوەڕی بە خودای مەزن نەدێنا.
(٣٤) بۆ نان دان بە ھەژارانیش ھیچ کەسی دنە نەدەدا.
(٣٥) جا ئەمڕۆ لێروکانەدا، چ دۆستی نین.
(٣٦) خواردن نییە، مەگین کێماوی زامداران.
(٣٧) نایخۆن، مەگین خەتاکاران.
(٣٨) سا سوێندەکە بەو شتەی ئێوە دەیبینن،
(٣٩) بەوەش کە ئێوە نایبینن،
(٤٠) ئەوە قسەی ڕاسپێراوێ بەرکەتییە.
(٤١) نە وتەی ھەستیاریشە؛ کەمتر باوەڕێ دەھێنن.
(٤٢) وتەی فاڵگرەوەش نییە. کەم وایە بیر بکەنەوە.
(٤٣) ناردراوەتە خوارەوە، لە وەدیھێنی گش جیھان.
(٤٤) ئەگەر ھێندێ لە قسەکانی بە دەم ئێوەوە کردبا،
(٤٥) گومان نیە، بە ھەموو توانا دەمانگرت.
(٤٦) ئەوسا ڕەگی لاملیشیمان ھەڵدەبڕی.
(٤٧) کەسیش لەنگۆ نەیدەتوانی لەمپەری بێ.
(٤٨) ئەم قوڕعانە بیرەوەرییە بۆ ئەوانەی خۆپارێزن.
(٤٩) بێگومان ئێمە دەشزانین تێتاندا ھەن باوەڕ نەکەن.
(٥٠) دیارە ئەمە حەسرەتیشە بۆ ئەم خودانەناسانە.
(٥١) کە دیاریشە ڕاستێکە ھیچ گومانێکی تێدا نییە.
(٥٢) تۆ بە یادی ناوی پەروەرندەی گەورەت، ھەر پەسنی پاکیی ئەو بدە.
شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
ھەژار. «قورئانی پیرۆز بە کوردی/٦٩». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠١/٢٣.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.