نووسەر: سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٦)
زمان: کوردیی ناوەندی
٢
... ئاھ... ئێرە جێیەکی باشە، ئەبێ شێرەکە ھەر لەم نزیکانە بێ! ئەم دۆڵ و چیا و دەشتە بۆ من ناسراو و ئاشنایە، بست بستی گەڕاوم یا بۆ ڕاو یان بۆ کوشتار، ئاخ چەندە... خۆشە کۆڕەژنی ئەسپی سەرکێش کاتێ لە شەڕا نەرمەزین لەبەر ئارەق و خوێنا تەڕ ئەبێ و نووکی شمشیر تک تک دڵۆپی خوێنی دوژمنی لێ ئەتکێ، مەیدانی شەڕ پاش ھەرای پیاوانی شەڕانی، پاش حیلەی ئەسپی بریندار و ناڵەی تێکۆشەرانی سەرەمەرگ، بێ دەنگ و خامۆش ئەوەستێ، لێرە و لەوێ کەلاکی بێ گیان و بۆنی خوێن و مردن پیاو کاس دەکا. ئەمن ھەمیشە لەو کاتەدا وەک ھەڵۆی بەرزە فڕی چیا دڵم دەخوازێ باڵ بگرم و ھەردوو ھەور و نەوی بەجێ بھێڵم و وەک خاڵێکی ڕەش سینگی ئاسمانی شین بنەخشێنم، و لەو سەرەوە گاڵتە بە دێوی مەرگ بکەم و بڵێم دیت، دیت ئەی مەرگ تەنانەت تۆشم بەزاند ئاھ... بەڵام ئەمڕۆ... ئەمڕۆ لەگەڵ ھەستێکی بێگانە دا ڕووبەڕوو بووم من ھەرگیز نەترساوم، بەڵام ئێستا ئەترسم، لام وایە ترسی ئێڵەکەم کاری کردۆتە سەرم. جاران کە ئەوان نەدەترسان، منیش نەمدەزانی ترسان یانی چییە ئەوان بەمن پشت ئەستوور بوون و منیش بەوان، ئەمە ئەفسوونی دەستی بەھێزی گەلە ئێستا کە ئەوان ورەیان بەرداوە منیش ئەترسم، بەڵام نا... نا ئەحمەد تۆ نابێ بترسی، بەڵێ من ئەبێ بمرم بەڵام نابی بترسم، ئاخ... ئەوە دەنگی شێرەکەیە، ئەم بەستەزمانە ئەگەر بزانی ئەمرێ لەجیاتی گۆشتی نەرمی نێچیر، دەمی تیژ و سەختی شمشیری من چاوەڕوانیەتی، ھەرگیز ڕوو ناکاتە ئەم لایە ھەرگیز ئەھ... دەنگی زۆر لەنزیکەوە دێ... بابزانم لە کوێیە!؟ نابێ ببزووم، چونکە ئێستا لەمانە لەپشت سەرمەوە لەسەر ئەو گاشە بەردە ڕاوەستابێ ھەر بجووڵێمەوە ئامبازم دەبێ... ئاھ... ئەوەتا ڕووبەڕووم وەستاوە، بەڵام ئێستا چاوی بە من نەکەوتووە، باشترە شمشیرەکەم ئامادە بکەم- با بەردێک بخەمە بەردەمی... با سەری لێ بشێوێنم... ئاھ باش بوو... ئەمجارە پشتی لە منە ھەلێکی باشە. ھ... ئاھ... ئافەرین ئەحمەد، چاکت ھەنگووت، تۆ سەرکەوتی گەر چی ڕەنگە ھەر بەم برینانە بمری، بەڵام گرنگ نییە گرنگ ئەمە بوو کە نیشان بدەی ترسان لە مردن خراپترە، من سەرکەوتم، من سەرکەوتم

م... ن... س... ە... ر... ک... ە... و... ت... م

- ئاخ... خوایە، ئەحمەد خان لە بەیانییەوە ڕۆیشتووە، ئێستا ئەوە ئێوارێیە و ھەواڵێکی نییە، نازانم ڕووبکەمە کوێ؟ خودایە پەنام بەتۆ.

- خاتوونی بەڕێز بێ ھوودە خۆت نارەحەت مەکە ھێشتا ڕوون نییە کە خان چی بەسەر ھاتووە، ئایا شێرەکەی کوشتووە یان.

- ئاخ... مەراد چۆن ئەتوانم نارەحەت نەبم، چۆن ئەتوانم دڵخۆشی خۆم بدەمەوە- ئەگەر سەرکەوتبایە ھەتا ئێستا گەڕابۆوە...

ئوھ- ئەوە چییە!؟

خاتوونی بەڕێز گوێت لەم دەنگە دەنگە ھەیە؟ لام وایە ھەواڵێکی خانیان پێ بێ. با ئەمن بچم بزانم چییە زوو ئەگەڕێمەوە خزمەتت.

- ئاخ خوایە، ئەزانی کە من لەو پەڕی سەر لێشێواوی و کڵۆڵی دام، خۆت ئەزانی جگە لە تۆ ھیچ پەنایەکم نییە، بەزەییت پێمدا بێتەوە بەزەیت پێمدا بێتەوە...

ئوھ... چییە مەراد؟ بۆ قسەناکەی؟ خان چی بەسەر ھاتووە!؟

- ئوخ... بە داخەوەم خاتوون، خان بەجێی ھێشتین، ئێڵەکەی ھەتیو کرد یانی... یانی خان... ئوخ خودایە ھ... ە

- بەڵێ ئەمڕۆ... بەڵام بە ئێمەی نیشان دا کە مردن بە شەڕەفەوە زۆر لەژیانی بە ترسەوە باشترە... تکایە مەگری خاتوون تکایە... لەگەڵ چارەنووس ھیچ ناکرێ...

- مەراد بەدەستووری من ھەموو کەس دەبێ سۆرانی دەخەم گرێ، کیژان مل بەکوێن بن و یاڵ و کلکی ئەسپان لەھەش نێن، مەرگم خان بۆ ئێڵەکەمان ھەروا سووک و ھاسان نییە...

- ئوھ... بەسەر چاو خاتوونی بەڕێز بەسەر چاو.

- ئاھ... ئەگەر من حەڵاڵێکی خودام لە خۆم حەرام نەکردبایە، ئێستا خاوەنی منداڵێک بووم کە ئەی توانی جێگای بابی بگرێتەوە.

- خاتوون فەرمایشێکت بە من نییە!؟

- نامەراد نا بڕۆ، با منیش کەمێک لە تەنیایی و پەژارەدا بگریم.

- بەسەر چاو خانم بەسەر چاو.

- ئاخ... بەڵام گریان دەردی من دەوا ناکا، باشترە لە بیری تۆڵە دابم، ئەو شێرە دڕەندیە کە مێردەکەمی خواردووە، ئەبێ یا منیش بخوا یان بیکوژم، ئەحمەد خان لە نێوان ژیانی پڕ ترس و مردنی بە ئازایەتیدا مردنی ھەڵبژارد، منیش ژنی ئەوم ئەبێ وەک ئەو ڕەفتار بکەم، پاش ئەحمەد خان ژیان بۆ من سوودی چییە؟ بەڵێ ھەتا درەنگ نەبووە ئەبێ بڕۆم. ئەبێ بڕۆم.


***

ئێ- ئاھ... ئەبێ ھەر لەم نزیکانە بێ، باوەڕناکەم کەس وێرابیەتی لێرە نزیک بووبێتەوە، من زۆر لە مردن بەپەلەم، چونکە ھەر بەم چەشنە ئەتوانم لە مێردی خۆشەویستم نزیک ببمەوە... ئۆھ بڕوانە ئەم ڕەشایییە چییە؟... بابچمە پێشەوە... ئوھ... خودای گەورە خۆ ئەحمەد خانە لەسەر پشتی شێرەکە کەوتووە، بەڵام ھیچ- ناجووڵێتەوە، شێرەکەش کوژراوە، ئەم شەڕە سەرکەوتووی نەبووە ھەردووک لا تێدا چوون خودایە... ئەحمەد خان سەروەری ھەموو ئێلات، سواری نەبەز و دلێر، ئەمە تۆی لەسەر پشتی ئەم دڕەندیە بە لەشی زامارەوە دا کەوتووی؟ تا دوێنێ دڵی دوژمنان بە بیستنی ناوت ئەکەونە لەرزین ئاخ بەڵام ئەمڕۆ، ئەمڕۆ ناوی تۆ ئەسرین ئەھێنێتە سەر چاوی دۆستانت. تۆ پیاو بووی ئەحمەدخان، سەرپشتی شێر تابووتی تۆیە، ئافەرین مێردی دلێرم، نە ژیانت ئاسایی و نەنزم بوو مردنت. مەرگ و ژیانت پیرۆز بێ... پیرۆز بێ ئاھ... ھ... ڕاستی چۆنە بزانم ئەحمەد بۆ چ ھەرگیز نەی ویست ببێتە باب ئایا لە پیاوەتی شتێکی کەم بوو!؟ کە وا حەڵاڵی ژن و مێردایەتی لە خۆی حەرام کردبوو یا ھەر لەبەر سوێندێکا کە خواردبووی نەی دەتوانی... بەڵێ... بەڵێ ئەبێ من بزانم...


***

بەڵێ، ئەحمەدخان نەمرد بوو، تەنیا شەکەت و بێ ھێز بوو، کاتێ شەم لێ بڕا سەر لە ڕازی دەربھێنێ لە خەوی گران پاش ماندوویی ڕاپەڕی و بەم جۆرە سوێندی شکاو و سەرپشتی شێر بوو بە پەردەی بووک و زاوا و بەم چەشنە نوتفەی لاس گوورا لە باوکێکی شێر کوژ و دایکێکی ئازا.


***

- دایکی لاس، من زۆرم بیر لەو کوڕە کردۆتەوە بە ھیچ بارێ نازانم بۆچ وای بەسەر ھاتووە ئاخ ئەگەر بمزانیایە کوڕی من کوڕێکە کە ھیوادار بووم ڕۆژێک جێی من بگرێتەوە بەم چەشنەی بەسەر دێ ھەرگیز ئەو کارە کە وا من و تۆی کردە ژن و مێردی بە ڕاستی نەمدەکرد، نازانم چی بڵێم؟ ئەوەندەش قسەزان و بلیمەتە کە من بە وتە چاری ناکەم. تۆ بڕوات چییە شەم!؟

- سەروەرم، سایەی سەرم ئەگەر ئاڵۆز نەبی عەرزت دەکەم کە لاس باشترین کوڕی دونیایە، خوێندەوار و زانا و بەغیرەت، بەڵام چەشنی بیر کردنەوەی لەگەڵ تۆ جیاوازە، ئەمەش بەلای منەوە نابێ ببێتە ھۆی نارەحەتی تۆ.

- ئا... ئەمن نابێ نارەحەت بم کە کوڕەکەم لە جیاتی شمشیر و نێزە و چەکی شەڕ قەلەمدانی بە لاقەدییەوە بێ!؟ خودایە. من چەندە بێزارم لە ڕواڵەتی میرزایانە، من کوڕم بۆیە گەورە نەکردووە کە نامەم بۆ بنووسێ ھەڵبەستم بۆ ھۆنێتەوە، وەسەر بە کتێبی کۆنی پەڕ زەرد دابنێ، من ئەمەوێ ڕاداتە مەیدان شمشیری وەک برووسکەی ھەوری مردن لاشەی دوژمن بکاتە خۆڵە مێش ...

- بەڵام گەورەی پیاوانی دلێر، لاس لە پاڵەوانیشداکەمایەتی نییە.

- ئاخ... ببوورە- ببوورە شەم کە من دەنگم بەرز کردەوە، ئەزانی چییە گیانەکەم، من باوکم پێم خۆشە کوڕەکەم نیشانەی منی پێوە بێ، پێم خۆشە بە سام و شکۆدار و مەزن بێ، تەنانەت لە منیش پێشکەوێ، خۆت ئەزانی کاتێ باوکم مرد ئێمە عەشیرەتێکی بێ ھێز و بچوک بووین، دەنگیان ئەداین بۆ شەڕ کردن و بێگاری. ژێر چەپۆکە بووین، ئەو پەڕی ئاواتمان ئەمە بوو کە خانی مەزن یانی باوکت لە لەشکری خۆیدا بە ناوی دەست و پێوەند ڕامان بگرێ. بەڵام ئەمن بە کۆششی زاڵ و بێ وچانم ھەموو ئێلەکانم ھێنا ژێر فەرمانی خۆمەوە، تەنانەت خانی مەزنیشم تێکشکاند وە تۆم بە زۆر لەو ھەستاند، لەودەمەوە ناوی ئێمە بەرز بۆتەوە، بەڵام وەک ئەبینم لاس کەسێک نییە کە بتوانێ ئەم ناوە بەرزە بپارێزێ. ئوھ... ڕاستە کە لەشەڕیشا بێ وێنەیە، بەڵام بیری بەلای شتێکی ترەوەیە شەم...

- سەلام لە خانی مەزن.

- ئوھ ...تۆی لاس: سەلام کوڕم سەلام

- دایە گیان! تۆ ناوت شەمە ، ئەبێ ڕووناکی دڵی باوکم و کۆڕی ژیانی مناڵەکانت بی! کەچی ئەبینم کە وەک گوڵی ژاکاوی بەر خۆرەتاو سات بە سات بێ ڕەنگتر ئەبی، گوێ بگرە دایەگیان مامۆستا عەلی بەردەشانی ئەڵێ:

گوڵی سوور و وەنەوشە، کێشەیان لێ پەیدا بوو، ھەر کام بە جوانی خۆی ھەڵ دەگووت، بای پیرە شەماڵیان کردە کەیخودا، و گووتیان ئەی شەماڵی پیری وڵات گەڕاو ئێمە کاممان جوانترین!؟

شەماڵ گووتی ھەر دووکتان جوانن، بەڵام تەنیا بۆ چەند ڕۆژ، یەکتان دەگەڵ ھەتاو ھەڵات بە تیشکی گەرمی خۆرەتاو سیس ئەبێ وە ئەوی ترتان دەگەڵ ڕۆژ پەڕی بە ھەناسەی ساردی زریان سەر ئەنێتەوە تەنیا گوڵێک کە ھەرگیز ژاکان و مردنی بەسەر نایە بزەی ئافرەتی جوانە، و وەنەوشەیەک کە سیس نابێ، تای کزیەی شیرین لەیلایە.

- ئافەرین کوڕی خۆشەویست و زانام.

- شەم، من حەوسەڵەی گوێ گرتنی ئەم قسانەم نییە... ئەڕۆمە دەرەوە ئێوە بەیەکەوە ئەو قسانە بکەن!

- باشە گیانەکەم فەرموو.

- کوڕینە تکایە گوێ بگرن، دوێنێ باسی ئەو مەبەستەمان کرد کە بەختەوەری چییە.

- بەڵام ھەر کەسێ شتێکی گوت، وە لە دوایشدا دەرنەکەوت کە بەختەوەری بە چی ئەڵێن!

- بەڵێ زۆر مەبەستی وا ھەن کە ھەر کەسێ لە ڕوانگەی بیر و ڕای خۆیەوە، ئەڕوانێتە سەریان، بەختەوەریش لەم چەشنە مەبەستانەیە کە ھەر کەس لە شتێکا بەدی دەکا، کەسێک لای وایە، لە سامان و دارایی زۆردایە، ئەوی تر وا ئەزانێ بە لەشی ساغە، یەکێک دەپلە و پایەدا ئەیبینێ و یەکێکی تر لە گۆشەگیری و تاریکی دا

- ئاخر چۆن ئەگونجێ تەنیا مەبەستێک چەند ڕواڵەتی ھەبێ، بێ گومان بەختەوەری ھەرشتێکە، بەڵام ھێشتا نەدۆزراوەتەوە!

- تۆ بە ھەڵەچووی، بڕوانە، ئێمە بیست سی کەسین، ئەگەر توانیت دوو کەسمان بدۆزییەوە کە ڕواڵەتمان تەواو لە یەک بچێ، ئەو جار ئەتوانی بڵێی کە دوو بیرو بڕواش ھەن کە جیاوازیان پێکەوە نییە.

- ڕواڵەت و ئەندام شتێکی دیکەیە، ئێمە ھەرکام لەدایک و باوکێکین، بۆیە ڕواڵەتمان جیاوازە.

- ھەروەک دایک و باوکمان جوێیە چەشنی بارھاتنیشمان جیاوازە، ھەر کام جۆرێ تەریب کراوین تەنانەت دوو برا کە کوڕی دایک و باوکێکن، یەک چەشن بیر ناکەنەوە، لەبەر ئەمەیە کە ھەر کەس بەختەوەری لەشتێکدا ئەبینێ.

- ئەی خۆت بیروڕات چییە کاک لاس!؟

- بەختەوەری بەلای منەوە، ئەمەیە کە پیاو ھەست بە ئارامی بکا، و لەوەی کە ھەیەتی ڕازی بێ.

- ئەرێ وەڵڵا ھەر وایە

- وەڵڵاھی ڕاست دەکەی.

- ئەمڕۆ ئەمانەوێ، باسی مەبەستێکی تر بکەین. با بزاین جوانی چییە!؟

- من لام وایە ئافرەتێکی جوان لە ھەموو جوانییەک جوانترە.

- ناوەڵڵا چیایەکی بەرز کە لە کاتی بەھارا پڕ ئەبێ لە گیا و گوڵ لە ھەموو شتێک جوانترە.

- چۆمێکی کە بچەلێنێ دەمەو بەھار لە ھەموو شتێ جوانترە.

- ئەسپی جوان لە ھەمووشتێ جوانترە.

- نەخێر گەڕی ھەڵپەڕکێ.

- چ باسە!؟ تکایە مەی شێوێنن... دۆستان. ئەمانەی کە ئێوە گوتتان، ھەر یەکە بەشێکن لە جوانی. جوانی خۆی شتێکی ترە! جوانی چییە؟ جوانی یانی باشی، ھەرشتێ بۆ کۆمەڵیی ئادەمیزاد باش بێ، ئەوە جوانە! بڕوانن یەکێکتان گوتی ئافرەتی جوان لە ھەموو شتێ جوانترە. بەڵام ئەگەر ئەو ئافرەتە جوانە ڕەوشتی نزمی بوو. داوێن پیس بێ، ئایا ئەو کاتە ھەر جوانە، ئایا ئەو دەمە لەگەڵ مارێکی خەت و خاڵ جوانا جیاوازی ھەیە!؟

یەکێکتان گوتی چیای بە گوڵ و گیا، ئەگەر ئەو چیایە گیایەکانی ژەھراوی بێ، و بێ کەڵک بن، دیسان ھەر جوانە!؟

ئایا گەڕی ھەڵپەڕکێ ئەگەر سەماکەرانی ھەڵپەڕکێیەکە دوژمن بن، لەبەر چاومان جوانە!؟

- تۆ ھەموو قسەکانی ئێمەت پەرچ داوە. خۆت بڵێ بزانین جوانی چییە!

- بەڵێ، ڕاست دەکا خۆت بڵێ بزانین چییە!

- لەپێشدا ئەمە بڵێم باشە کە جوانی زۆر- بەربڵاوترە کە ئێوە گوتتان، دەنگی خۆش، ڕەوتی جوان، لە خۆبوردن، خەبات و تێکۆشان، زانست، ھەڵبەستێکی جوان، تەنانەت ڕوانینێکی میھرەبانانە، ھەموو بەلای منەوە جوانن، بەڵام نەخشی جوانی ھەر لە پێشدا گوتم ئەمەیە کە بۆ کۆمەڵ باش و بەکەڵک بێ، ڕەنگە یەکێک ھەبێ و پرسیار بکا، جا دڵداری کچ و کوڕ چ سوودێکی بۆ کۆمەڵ ھەیە!؟ لە بەرامبەر ئەو پرسیارەوە وەڵامی من ئەمەیە کە دڵداری پاک و بێ گەرد، نموونەیەکی بەرزی ڕەوشتی ئینسانە. ئامۆژگاریەکی بەکەڵکە بۆ خەڵکی تر.

- ئاھ... بە بە بە، کۆڕەکەتان گەرمە کوڕینە! بەڵام ئەمن تەنیا وشەیەکیش لە قسەکانتان نەگەیشتم، ئێوە باسی بەختەوەری و جوانیتان دەکرد، ئەمە ئیتر کێشە و ھەرای ناوێ، بەختەوەر کەسێکە بەسەر دوژمنانیدا زاڵ بێ، لەمەیدانی شەڕا تیری نەبەدی نەی پێکێ، و جوانی لە ھەموو جوانانیش جوانتر شمشیری جەوھەردار و مەتاڵی پێستی کەرکەدەن و زرێ کاری وەستا خاڵە، ئاخ کوڕینە نازانن ئارەقێک کە لەگەڵ خوێنا تێکەڵ دەبێ و کراس و کەوا و زرێ دەخوسێنێ چەندە شکۆدارە جا ئەگەر لەو کاتە شەڕکەر بەبرینداری لە مەیدان ئەگەڕێتەوە، بێری چاوبەڵەک ڕێز ببەستن و تەماشای بکەن، پیاوەتی دە دەماری دەگەڕێ و تەواوی بەختەوەری دونیا ڕووی تێ دەکا.

- بەخودای عەجەب بیر و ڕایەکە!

- ئەی خوادی گەورە ئەم پیاوە دلێرە چەند جوان ئەدوێ قسەکانی لە شیعری سوارۆ- دەچێ.

- بەڵام لاس کوڕی من، تەنیا قسە کردن لە جوانییەوە شتێکی لێ پەیدا نابێ، پیاو ئەبێ بە کردەوە جوانی بەدەست بێنێ، پێم بڵێ بزانم تۆ نەبی دەناسی کوڕم!؟

- بەڵێ گەورەم ئەو چەپەڵە خوێن مژە باش دەناسم.

- ئافەرین کوڕم ئافەرین، کە وەھایە تۆش ڕقت لێیەتی! نەبی بە لەشکرێکی گەورەوە خەریکە بێتە سەرمان، ھەڵبەت من لێی ناترسم، چونکە تا ئێستا چەند جارم بەزاندووە. بەڵام ئەمجارە لەشکرەکەی زۆر بی ئەژمارە، دوژمنانی ئێمە ھەموو لە دەووری کۆبوونەتەوە، ئەزانی ئەگەر بەسەرماندا زاڵ بێ، چ ناپیاوەتێکمان بەسەر دەھێنێ!؟

نابابە دڵنیابە، من تاماوم ماوە نادەم ناپیاوی وەک نەبی بەسەرماندا زاڵ بێ. گاە ئەبێ خوێندەوار پێنووسی بنێتە لاوە، و دەست بداتە شمشیر، دڵنیابە سەروەرم شمشیرم لە پێنووسم بەھێزتر ئەبێ.

- بژی کوڕم بژی، کە وەھایە وەرە با بچین پێت بڵێم دەبێ چبکەی!

- بەسەرچاو، فەرموو... بەدوعا کوڕینە ئێوەش ئامادەبن.

- خوات لەگەڵ.

- ئێمەش خۆمان ساز دەکەین.

- کوڕم ئێمە زۆرمان ڕەنج کێشاوە، زۆرمان برسیەتی و تینوویەتی دیوە و تاڵ و سوێرمان زۆر چێشتووە تا ناوی ئێڵەکەی خۆمانمان بەرز کردۆتەوە، ئاھ... کوڕم جاری وا بووە مانگێک لەسەر پشتی ئەسپ دانەبەزیوین و چەکی شەڕمان لەخۆمان نەکردۆتەوە، ئەزانی چییە کوڕم؟ تا دوژمن ھەیە، تا کەسێک پەیدا ئەبێ کە لە پێی سەری ھەژار و بێ دەسەڵات دەگەڕێ کە بیکاتە ژێر چەپۆکە، پیاو ئەبێ تەیارو وریابێ کوڕم.

- باوکی بەڕێزم، من تەنانەت ئێستاش لەشەڕ کردن بێزارم، شەڕ پەڵەیەکی ڕەشی مێژووی ئادەمیزادە، بەڵام بەداخەوە چارمان نییە، نەبی لەوانە نییە دەست ھەڵگرێ.

- کوڕم تۆ دەبێ لەم شەڕەدا ڕووی من و ئێڵەکەت سپی کەیەوە. وەھا سەری نەبی نەرم کەی ھەتا ھەتایە سەربزێوی نەکا. لام وایە تۆ لە شەڕدا تاقیکاریت کەمە، پێم خۆشە مەرادیش لەگەڵ خۆت بەری، ئەو لە ھەموو شەڕێکا شان بە شانی من بە شەڕ ھاتووە، دلێرو وریایە.

- بەسەرچاو گەورەم، کە وایە ماوە بفەرموو لەدایکیشم خوداحافیزی بکەم.

- زۆر باشە ڕۆڵەم، بەڵام کارێک مەکە- دایکت ناڕەحەت بێ، بڕۆ کوڕم بڕۆ- ئەسپاردەی خودابی.


***

شێوازی MLA & APA بۆ شیعری سەرھێڵ
سوارە ئیلخانیزادە. «لاس و خەزاڵ/٢». ڤەژین بوکس. www.vejinbooks.com. سەردانی ڕێکەوتی ٢٠١٩/٠٩/٢٤.
ئەگەر لەم دەقەدا ھەڵە یان کەموکۆڕی ھەیە تکایە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لەسەر ئەم دوگمەیە کلیک بکە: فۆرمی پەیوەندی.